موچە ، هێزی بێ‌ هێزەكان

نسار شیخ مستەفا 17/11/2020

 
ناسەقامگیری ئابوری هەرێمی كوردستان پەیوەستە بە سیاسەتی ناحەكیمانەی حكومەتی هەرێم بەتایبەتیش كابینەی هەشتەم بەرپرسیاری دۆخی ئێستای موچەخۆران و گوزەرانی خەڵكی بێ‌ چارەی هەرێمی كوردستانە، بەبێ‌ بوونی  بنەمایەكی ئابوری پتەو سندوقی پاشەكەوت بەبێ‌ بیركردنەوە لە چارەنوس و بەرژەوەندی گشتی دابینكردنی ژیان و گوزەرانی خەڵكی فەراهەمكردنی خزمەتگوزارییەكان لەپێناو بەرژەوەندی بنەماڵە و مۆنۆپۆلكردنی زیاتری سەرمایەی وڵات و ڕووتكردنەوەی خەڵكی و سیاسەتی برسی كردن كرا بە پێوەری لەباربردنی دۆخی چەند ساڵەی كە تا ڕادەیەك ژیان شێوەیەكی گونجاوی وەرگرتبوو،.
ڕاگەیاندنی ئابوری سەربەخۆ زوڵمێك بوو لە موچەخۆاران لە تەواوی هاوڵاتیان، شكست لە دوای شكست تا گەیشتە ئەوەی حكومەتی بنەماڵە بۆ دواجار چاوێك بخشێنێتەوە و دانوستان لەگەڵ حكومەتی عێراق بەمەبەستی دۆزینەوەی رێگاچارەیەك بۆ دەربازبوون لەو وێرانەیەی بەسەر خەڵكی ستەمدیدە هاتووە.
بە ئێستاشەوە ڕوون نیە ئەم دۆخە تاكو كوێ‌ رێدەكات، مەلەفی نەوت و بودجە و موچە تا دوای ساڵی نوێ‌ بەهەڵواسراوی دەمێنێتەوە دانوستان لەگەڵ بەغدا ئەنجامی دەبێت، ئەگەر ئەمانە ڕووی نەدا دوورنیە حكومەتی هەرێم جارێكی تر دەست بۆ گیرفانی موچەخۆران بەرێت و بەناوی كەمی داهات و دیسان چاكسازی و پاكسازی و پاشەكەوت ؟؟؟
حكومەتی هەرێم لەماوەی چەند مانگی ڕابردوو چاكسازی دەست پێكرد بەڵام نەبینرا یەك كەس لەسەر گەندەڵی دەستگیربكرێت تەنها بۆ خۆڵكردنە چاوی خەڵكی و شەقام و سەرقاڵكردنیان بوو لە ڕاستیشدا خۆدزینەوە بوو لە وتی وتی بەهەدەردانی سامانی وڵات لەلایەن كاربەرێكەرانی حكومەتی هەرێم، ئەگەر نا ئەو هەموو سەرمایەدارە سیاسیە بەجارێك لەهەرێمی كوردستان دروست نەدەبوون لەسەر قوتی خەڵك،
1270000 فەرمانبەر چاوەڕێ ی موچەكانیانن ئەمەش بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان بەجێدەهێڵین ئاخۆ خێراییەكەی حكومەت تێدەپەرێتە سەر ئەوەی ئەم دۆخی نەخوازراوە بە زووترین ماوە تێ پەرێنێت و خەڵكی ناڕازی ئاشت بكاتەوە، گەندەڵكاران و سەرمایەدارانی سیاسی هەمان جێگای شایستەیان دەبێت، پشك و كۆمپانیاكانیان بە پارێزراوی دەمێنێتەوە، حكومەت پاسەوانیان دەكات.