چۆن مامەڵە لەگەڵ هەڵگرتنی قەدەغەی هاتوچۆدا بكەین؟

د. کۆیار شێرکۆ 15/04/2020

 
لە پاش زیاد لە مانگێك لە قەدەغەكردنی هاتوچۆ لە هەرێمی كوردستان، دەزگا فەر‌مییەكان بڕیاریان داوە بە قۆناغ دۆخەكە ئاسایی بكەنەوە و ژیانی هاوڵاتییان بە قۆناغ بگەڕێننەوە قۆناغی پێش ڤایرۆسی كۆرۆنا. بەڵام ئایا مەترسییەكان بە تەواوی ڕەویونەتەوە؟ دەبێت بەردەوام بین لە خۆپارێزی و پابەندبوون بە ڕێنماییە تەندروستییەكانەوە؟ ئایا كەسە بە تەمەنەكانی ماڵەكانمان وەك پێشتر مەترسییان لەسەر ماوە؟ و ئایا كەی دەتوانین خێزانەكانمان ببینین و لەگەڵ هاوڕێكانماندا بچینە دەرەوە و شەوێك پێكەوە بەسەر بەرین؟ كەی دەگەڕێینەوە سەر كار و منداڵەكان كەی دەگەڕێنەوە بۆ قوتابخانە؟.

گومانی تێدانییە كە قەدەغەی هاتوچۆ، لەگەڵ هەموو ئەو ناڕەحەتی و شێواوییەی لە ژیانی چەندین كەسدا دروستی كرد، هەنگاوی سەرەكی ڕێگریكردن بوو لە بڵابوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، بەڵام ئایا كەی بە تەواوی هەڵدەگیرێت؟ ئەمە ئەو پرسیارەیە كە لە سەرانسەری جیهاندا گرنگییەكی زۆری پێدەدرێت و حكومەتەكان دەخاتە بەردەم بەرپرسیارییەتی گەورە و دەبێت بڕیاری دروست بدەن. دكتۆر ئادام كوچارسكی، لە زانكۆی سكولی لەندەن بۆ خاوێنی و خۆپاراستن و نەخۆشییە گوازراوەكان، لە چاوپێكەوتنێكی نوێیدا لەگەڵ بی بی سی وەڵامی چەند پرسیارێكی گرنگی لەم بارەیەوە داوەتەوە، كە وەڵامی گرنگن بۆ ئەم قۆناغەی هەرێمی كوردستان.

دكتۆر ئادام دەڵێت: "لە ڕاستیدا بژاردەكانی بەردەستمان هیچیان زۆر باش نین، ئەمە شتێك نییە بڵێین یەك ڕۆژە و ئیتر هەموو شتێك ئەگۆڕێت. بەڵام دەكرێت وردە وردە گۆڕانكاری بكرێت." لە وەڵامی پرسیارێكدا كە ئایا بۆچی بە یەكجار قەدەغەی هاتوجۆ هەڵناگیرێت؟ دەڵێت: "ناتوانین وا بە سادەیی بگەڕێینەوە دۆخی ئاسایی. تەنانەت گەر ژمارەی حاڵەتەكانیش زۆر كەم بن. چونكە دەگەرێینەوە سەرەتا و ڕووبەڕووی ئەگەری تەقینەوەیەكی تری ڤایرۆسەكە ئەبینەوە. چونكە ڤایرۆسەكە هەر ئەو ڤایرۆسەی پێشترە، گەر قەدەغەی هاتوچۆ بە تەواوی هەڵگیرێت، هەر كەسێكی توشبوو، دەتوانێن ڤایرۆسەكە بگوازێتەوە بۆ سێ كەسی تر. گەر واز لە دوورەپەرێزی كۆمەڵایەتی بێنین، دەبێت ڕێگایەكی تر بەگرینە بەر. تا خەڵكی كەمتر توش بن و لە بەشی چاودێری ورد خۆمان نەبینینەوە."

سەبارەت بەو وڵاتانەش كە ژمارەی توشبوون تیایاندا كەم بووەتەوە، دكتۆرەكەی سكوڵی لەندەن دەڵێت: "ئەو وڵاتانەی كە ڕێژەی توشبوون تیایاندا به ڕێژەی 70% كەم بووەتەوە،‌ دەتوانن هەندێك ڕێگای ئاسانتر بگرنە بەر. بەڵگەمان لە بەردەستە كە چین، سەرچاوەی بڵابوونەوەی ڤایرۆسەكە، بە ڕێژەی 08-90% توشبوون تیایدا كەم بووەتەوە، ئەمەش ئاماژەیەكی باشە و دەكرێت هەندێك ئاسانكاری بكرێت لە دوورەپەرێزی كۆمەڵایەتی و قەدەغەی هاتوچۆدا."

سەبارەت بە هەنگاوێكی گرنگ كە دكتۆر ئادام بە پێویستی دەزانێت بگیرێتە بەر، كە ئەویش زیادكردنی ژمارەی تێستكردنە، دەڵێت: "ئەمە ستراتیجییەكە كە پێی دەوترێت 'بیدۆزەرەوە و له ناویبەرە'، كەسانی توشبوو دیاری دەكرێن و پشكنین بۆ هەموو ئەو كەسانە دەكرێت كە بەركەوتنیان لەگەڵیدا هەبووە و جیادەكرێنەوە، تەنانەت بەر لەوەی بزانرێت توشبوون یان نا. گەر ئەمە بە سەركەوتوویی ئەنجام بدرێت، ڕێگرییەكی سەركەوتوو دەكرێت لە بڵاوبونەوەی ڤایرۆسەكە. لەم قۆناغەدا دەبێت لانی كەم 60-70% تێكەڵی كۆمەڵایەتی كەم بكرێتەوە. چونكە ئەنجامدانی تێستی زۆریش، مانای ئەوە نییە ژیان گەڕاوەتەوە دۆخی ئاسایی خۆی."

سەبارەت بە كەسی بە تەمەن و ئەو كەسانەی كە ڤایرۆسەكە مەترسیدارترە بۆیان، دكتۆر ئادام دەڵێت: "تەمەن و بوونی نەخۆشی تر مەترسی مردن بە ڤایرۆسەكە زیاد دەكەن. لەبەرئەوە دەتوانین لە بری ئەوەی هەموو سووچەكانی كۆمەڵگا بە داخراوی بهێڵینەوە، ئامانجمان پاراستنی ئەو كەسانە بێت كە مەترسییان لەسەرە. قەدەغەی هاتوچۆ لەوەدا یارمەتیدەرە كە ناهێڵێت بەشی چاودێری ورد لە نەخۆشخانەكان توانای وەرگرتنی نەخۆشیان نەمێنێت، بێگومان گەر ڕێگریش بین لەوەی كەسانی بە تەمەن توشی نەخۆشییەكە ببن، ڕێگایەكی دروستمان گرتووەتە بەر. بۆیە گرنگە ئەو كەسانەی مەترسییان لەسەرە بەردەوام بن لە خۆپارێزی و بە تەواوی تێكەڵی كۆمەڵگا نەبنەوە."

لە وەڵامی پرسیارێكی تردا سەبارەت بەوەی كە ئایا دەتوانرێت قەدەغە لەسەر كام لایەنانەی كۆمەڵگا هەڵبگیرێت، دكتۆر ئادام دەڵێت: "بێگومان هەندێك قەدەغەكردن كاریگەری كەمتری لەسەر ڤایرۆسەكە هەیە بە بەراورد بەوانی تر و هەندێك چالاكیش هەن كە بە شێوەیەكی گشتی كەمتر مەترسیدارن. دەتوانین چالاكییەكان دابەش بكەین بەسەر سێ گروپدا، سوك، مامناوەند و قورس. بەشی یەكەم كە مەترسی لە هەموویان كەمترە و دەتوانرێت ڕێیان پێبدرێت، وەرزشكردن لە ژینگەی كراوەدا‌ بۆ نموونە، كە لە ئێستادا لە هەندێك وڵات قەدەغە كراوە. مامناوەند، ڕێگە بە هەندێك فرۆشیار و دوكان بدرێت كه نابنە هۆی دروستبوونی قەرەباڵخی، بكرێنەوە و خەڵك بتوانن سەردانی بكەن. پێموایە ئەو شێوازەی كە گیرایە بەر بۆ داخستنی شوێنەكان، بە پێچەوانە بگیرێتە بەر بۆ كردنەوەیان." بێگومان دكتۆر ئادام مەبەستی ئەوەیە كە كردنەوەی شوێنە گشتییەكان، كافتریا، هۆڵەكانی وەرزش، هۆڵی پرسەكان، مزگەوت، قوتابخانە و زانكۆكان مەترسیدارترینن و دەبێت لە دوا قۆناغدا و پاش دڵنیابوون لە دۆخی ناوچەكە، بكرێنەوە.

سەبارەت بەوەی كە پشت بە بەرگری جەستەمان ببەستین كە پاش توشبوون بە ڤایرۆسەكە پەیدای دەكەین، دكتۆر ئادام دەڵێت: "بیرۆكەی پاسپۆرتی بەرگری جەستە گرنگە، گەر كەسێك توشی نەخۆشییەكە ببێت، تێست بكات و لەشی دژەتەنی دروستكردبێت بەرامبەر ڤایرۆسەكە، دەتوانێت بچێتەوە سەر ژیانی ئاسایی خۆی. بەڵام هاوكات ڕوبەڕوی چەند پرسیارێكی زانستی دەبینەوە. لە ئێستا پشكنینی دەقیقمان لە بەردەستدا نییە بۆ ئەو دژەتەنانە. نازانین كە ئەو بەرگرییەی جەستەمان دروستی دەكات تا چەند دەمێنێتەوە. تەنانەت لەوەش دڵنیانین كە ئایا ئەم دژەتەنانە ڕێگری دەكەن لە دووبارە توشبوونەوەت یان نا."

سەبارەت بەوەی كە چ شتێك دەتوانێت گۆڕانكاری گەورە دروست بكات، دكتۆرەكەی سكولی لەندەن دەڵێت: "گەورەترین شت كە بتوانرێت بكرێت، دروستكردنی ڤاكسینە، چونكە گەر خەڵك لە ڕێی ڤاكسینەوە بەرگری پەیدا بكەن، چیتر مەترسییان لەسەر نامێنێت و پێویست ناكات بەردەوام بن لە دوورەپەرێزی كۆمەڵایەتی. ئەوەش لانی كەم ساڵێكی تری پێدەچێت. گەر ڤاكسین دروست نەكرێت، ئەوكات بیرۆكەی توشبوونی زۆرینە و پشتبەستن بە بەرگری جەستەی كۆمەڵگا پاش توشبوون دێتە پێشەوە. ئەمەش تەنها ئەو كاتە پشتی پێدەبەسترێت كە نزیكەی 70%ی دانیشتوانی ناوچەكە تووشبووبن و چیتر مەترسی توشبوونی ژمارەیەكی زۆری خەڵك لە ئارادا نەمابێت. هەڵبەت دۆزینەوەی دەرمان و چارەسەری گونجاویش ڕێگایەكی گرنگی ترە. گەر بتوانرێت وا لە نەخۆشییە بكرێت كە لە قۆناغی بوونی كۆكە و تا ڕابگیرێت و نەخۆش مەترسی لە دەستدانی ژیانی نەبێت، دیسان دەتوانین ژیان ئاسایی بكەینەوە، چونكە دڵنیا دەبین لەوەی كە چاودێری وردی نەخۆشخانەكان توانای وەرگرتنی نەخۆشیان دەمێنێت."

 

کۆیار شێرکۆ