پەروەردەو فێرکردن، خێزانەکان لە دۆخێکی خراپدا

سامان سنجاوی 15/01/2020


سیستەمی نوێی خوێندن لە هەرێمی کوردستان، بەروارد بە سیستەمی پێشویی خوێندن، ئاڵوگٶڕ و گۆڕانکاری لە خوێندن و چۆنیەتی فێرکردن تێدایە. پیویستیشە، ئەم سیستەمە نوێیە لەگەڵ پێشکەوتنی زانست و زانیاری و تەکنەلۆژیا و لەگەڵ گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکان.. ساڵانە نوێ بکرێتەوە. هەر گۆڕانکاریەکیش پێویستە خوێندنەوەی ئەکادیمی و زانستی لەرووی ستراتیژییەوە، لەڕێگەی پرۆفیسۆرو خوێندنی باڵاو و پسپۆڕان و شارەزایانی پەروەردەو فێرکرن، ئەنجامبدرێت.
ئەوەی وەک رەخنە لەسەر ئەو سیستەمە نوێیە، دەبیندرێت، شێوازی خوێندن و فێرکردنە؛ کە پەیوەندی فراوانی بە کاتەکانی خوێندن و چاودێری و بەدواداچونی مامۆستایانەوە هەیە. 
ئەو سیستەمە لەگەڵ زۆرینەی خوێندگەو قوتابخانە میرییەکان ناگونجێت، چونکە زۆربەی هەرە زۆری ئەو قوتابخانانە، دوو دەوامی خوێندنیان تێدا ئەنجام دەدرێت. ئەمەش کاتەکانی خوێندن بۆ خوێندکاران و قوتابیان، کەم دەڕەخسێنێت، خوێندکار، چوار کاتژمێر و نیو فێردەکرێت. بەم کاتە کەمە، نە قوتابی فریای خوێدن دەکەوێت، نە مامۆستا و وانەبێژەکان فریای تێکڕای بابەتەکان و چاودێری و بەدواداچون و فێرکردنی خوێندکاران دەکەون؛ چونکە ئەم سیستەمە نوێیە بەلایەنی کەمەوە، پێویستی بە زیاتر لە حەوت کاتژمێر هەیە. 
بۆیە زۆرینەی هەرە زۆری ئەو قوتابخانە دوو دەوامیانە، فریای ئەم سیستەمە نوێیەی خوێندن ناکەون، چونکە چەندین وانە، لە دوو کتێبی، پێش نیوەی ساڵ و دوای نیوەی ساڵ پێکهاتون، بۆیە مامۆستایانی بەڕێز بەپێی وانەکانیان، فریای هەردوو کتێبەکە بۆ کۆتایی ساڵ ناکەون، ئەمەش وادەکات بابەت و وانەکان بەخێرایی بخوێندرێت، هەر ئەمەش وادەکات قوتابی و خوێندکار، فێربون و تێگەیشتنی لەوانەکان کەم بێت، بۆ پڕکردنەوەی کەمی تێگەیشتن و فێربون، ماڵەکان بون بە خوێندنگای دووەمی خوێندکاران، دایک و باوک و برا.. بون بە وانەبێژ! چۆن وانەبێژێک، کە لەخێزانێکەوە بۆ خێزانێکیتر، بەپێی ئاستی  خوێندن و بڕوانامەو ئاست و تێگەیشتنی کۆمەڵایەتی، سایکۆلۆژی، دارایی هتد، منداڵ و کوڕو کچەکانیان فێردەکەن، بێگومان ئەم فێرکردنەی قوتابخانەی ماڵ، دوبارە زۆرینەی هەرە زۆری جیاوازە لەگەڵ مامۆستایان و سیستەمی نوێی خوێندن.
ئەمەشیان، دۆخێکی خراپی دەرونی، خێزانەکان لەگەڵ خوێندکارەکان، دەخاتە شیرازەیەکی پچڕ بە پچڕی خوێندن، و شەوچرەی نێوان میدیاو فەیسبوک و تەلەفزیۆنەکان، فلمی تورکی و کۆری و بەرنامە ئاست نزمەکانیش لەلایەکی تر، دەبێت شەوە خوێندنگەی ماڵەوە، لەنێوان وانەی باش فێرنەبوی بەر فەیسبوک و تەلەفزیۆنەکان، مۆبایلی زیرەک و تەکنەلۆژیا.. دەبێ چ بەزمێکی فێربون  بێت؟  چونکە لە سیستەمی پێشوی خوێندن، زۆرینەی بابەتەکان بەباشی دەخوێندران، قوتابیان لە ماڵەوە، دوور لە هۆڵەکانی ماڵەوە، یان ژاوەژاوی تەلەفزیۆن و میوان و میوانداری.. لە ژورێک یان پەسارێک ئەوەی بەرۆژ فیڕکرابو، ئەو ئەرکەشی لەسەری داندرابو، زۆرینەی کات، هەر خۆی ئەو قوتابییە، بەتەنها ئەرکەکانی خوێندنی تەواو دەکرد، چونکە دەیزانی سبەی لێپرسینەوەی مامۆستاکەی هەیە، مامۆستا دەسەڵاتێکی زۆری چاودێری و لێپرسینەوەی هەبو، رێزێکی گەورەشی هەبوو، بەڵام لەم سیستەمە نوێیە، بەهۆی زۆری بابەتەکانی خوێدن و شێوازی وتنەوە و کەمکردنەوەی دەسەڵاتی مامۆستایانی بەڕێز لەبەرانبەر خوێندکاران؛ خوێدنکاران بەهۆی ترسی نەمانی لێپێچێنەوە، کەمتر گوێ بەتێگەیشتنی تەواوی وانەکان دەدەن، چونکە ئەوەی مامۆستا ئەنجامی دەدات، تەنها عەدالەتی نمرەکانە.
بە گٶڕانکاری ساڵانە لەڕووی زانستی.. لەگەڵ ئەو سیستەمە نوێیەی خوێندنم، بەڵام ئەم سیستەمە، لەگەڵ باڵەخانەو پەیکەرەی خوێندن و دوو دەوامی ناگونجێت، بۆیە پیویستە حکومەتی هەرێمی، ئەو جیاوازییەی لەنیوان خوێندکاران بەگشتی و خوێندکارانی خاوان خێزانی سەرمایەدار و خوێندنی تایبەت کەمبکاتەوە.
 ئەویش لەچەند خاڵێکی سەرەکی دەبینم:
یەکەم، دروستکردن و کردنەوەی قوتابخانەی نوێ، لە تەواوی شارو شارۆچکەکان.
دووەم، هەتا ئەوسەردەمەی خوێندنگەکان دەبن بەیەک، دەوام، دەسەڵاتی چاودێری و لێپێچینەوە.. وەک سیستەمی پێشو، بۆ مامۆستایان بگەڕێندرێتەوە.
سێهەم، دەوامی تێکرای خوێندنگە حکومییەکان، هەتا ئەو کاتەی خوێندگەکان دەبن بەیەک دەوام، هەموو ساڵێک لە ٢٥ ی هەشت واتا مانگی ئاب خوێندنگەکان بکرێنەوەو ٢٥مانگی شەش واتا مانگی حوزەیران کۆتایی بە ساڵی خوێندن بهێندرێت.
چوار، میزانەی مانگانەی قوتابخانەکان، پتر بکرێت.
پێنج، وەک تۆڕێکی پەیوەندی سەرجەم قوتابخانەو خوێندنگەکان، بۆ ئاڵوگۆڕی بابەت و سەرنجەکان.. بەیەکتری ببەسترێنەوە، واتا هەر تەنها بۆ کاری کارگێڕی نەبێت.