قەیرانی ڕۆشنگەری

کەمال محەمەد 26/09/2019



لەسەردەمەی ئێستادا ئێمە بۆ ئەوەی بەو نەوەیە بگەین كە قەیرانی ڕۆشنگەری تێپەڕ بكەین پێویستە دەستەبەری مافی بیركردنەوەو رەخنەگرتن و بەگەڕخستنی عەقل مسۆگەر بكەین ،چونكە كۆمەڵگای دیموكرات پێویستی بە فیكرێكی ڕۆشنگەرانە هەیە كەوەكو پێویست بەناو توێژێكی بەرفراوانی خەڵكدا بڵاو ببێتەوە بۆئەوەی  هەموان ببنە خاوەنی مافی هاوڵاتی و وەك یەك لەبەردەم یاسادا یەكسان. ئێمە بۆ ئەوەی بزانین و تێگەشتنێكی قوڵمان هەبێت كەلە كایەی سیاسی و زانستی و ئابوری ئەم سەردەمەدا چی ئەگوزەرێت ،پێویستمانە فیكر بە واقیعەوە گرێ بدەین و سەرەتای قۆناغێكی نوێ دروست بكەین ئەویش دوای تێپەڕاندنی قەیرانی ڕۆشنگەرییە ،

لەهەرێمی كوردستان قەیرانی ڕۆشنگەری هەمیشە هۆكار بوە بۆ ئەوەی كۆمەڵگا دیلی سیاسییەكان بێت و نەتوانێت لە نالەبارترین دۆخیشدا بیركردنەوەیان بۆ ئەوە بچێت كە ئایا بونی ئەوان لەئێستادا چییەو چۆن دەبێ هیوایەكیان هەبێ كەلە داهاتوو بڕوانن ،بۆیە دەسەڵات بڕوای وایە ڕۆشنگەری كۆنسێپتی بیركردنەوە  لای ئەوانەی كە رەخنەگرن زیاتر ئەكات و هێزی بیركردنەوە وتێگەشتنیان لەدوبارە رێكخستنەوەی كۆمەڵگای سیاسی زیاتر ئەكات ،

دامەزرێنەری فەلسەفەی دیموكراسی لە خۆرئاوا ”ڤۆلتێر” ڕای وایە ئەوەی كە دەبێت دواین قسە بكات و بڕیار بدات عەقڵە نەوەك پێودانگە بەسەرچوەكانی ڕابردوو ،

ئێمەش ئەبێت ڕامان وابێت كە ،ئازادی بەكارهێنانی عەقڵ لەمەڕ پرسە گشتییەكان رێگایەكە بۆ گەشتن بەسەردەمی ڕۆشنگەری و گەشەكردنی وشیاری كۆمەڵگا ،تالە ڕێگەیەوە  لەمپەرەكانی بەردەم ڕۆشنگەری گشتی و پێنەگەیشتوی لاوازی عەقڵ بۆ پرسە سیاسی و كۆمەڵایەتیی و لایەنەكانی دیكە بە شێنەیی بسڕینەوە ،

فەیلەسوفانی ڕۆشنگەری لە ئەوروپا  بەرامبەر میللەتانی خۆیاندا هەمیشە خۆیان لە ئاستی لێپرسراوێتیدا بینیوەتەوەو لەو جەنگە ڕۆشنگەرییە بەشدار بون كەتا ئێستاش مرۆڤایەتی بەخۆیەوە بینیوە ،ئەمەشیان لەپێناو ئازادكردنی عەقڵ و فیكر بوو لە چنگی تیرۆری تیۆلۆژی و تاریكخوازی سەدەكانی ناوەراست و هەروەها سەردەمی ستەمكاری و فیداڵیزمی كۆنی ڕاماڵی ،تایبەتمەندێتی فەیلەسوفانی ڕۆشنگەری لە ئەوروپا ئەوەبو گرنگیان لەسەربونی بەهای یونیڤێرساڵی دەكردەوە كە بۆ تەواوی مرۆڤایەتی ئازادی مرۆڤ و بیركردنەوەكانی بوو واتا تێڕوانینێكی گەردونیان هەبوو ،

ترسی دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان لەبارەی ڕۆشنگەرییەوە لەوێوە سەرچاوە ئەگرێت كەئەم شۆڕشە ڕۆشنبیرییە كۆنترۆلی عەقڵی زۆرینەی خەلك بكەن و بەو ئاراستەیەیاندا بەرن كە پێچەوانەی خواست و بەرژەوەندییەكانی خۆیانە ،ئەو كارەش هەڕەشە لەدەسەڵات  و مێژووی سیاسیان ئەكات ئەوەی لێرەدا پێوێستە ئەركێكی ئەخلاقی مرۆیی ڕۆشنبیران و نوسەرانە وەك پێویست كۆك بن و هەوڵی بڵاوبونەوەی ڕۆشنبیری بدەن بەهەمو لایەكداو لە خەڵوەتگا تاریكەكانی دەسەڵات بێنەدەرێ كە بۆیان دروست كراوە و چاوێك لە فەیلەسوفانی ئەوروپا بدەنەوە كە چۆن هۆكار بوون بۆ ئەو فەلسەفە دیموكراسییەی ئەمڕۆیان ،بۆیە پێویستە ڕۆشنگەری لە پێش ئاكار و بەرنامەكانیاندا بێت نەوەك لەدواوە !

بۆ دەرچون لە دۆخی قەیرانی ڕۆشنگەری پێویستە پرۆسەیەكی تاوتوێكردنی گونجاو دەست پێ بكرێت كە ساڵەهایە تێیكەوتوین ،ئەمەش مانای ئەوە نییە كە شاڵاو بكرێتە سەر عەقڵی تاكی كوردی و لەبەهای كەم بكرێتەوە ،چونكە ئەوەی تەرازوی هێز لەم سەردەمەدا  هاوسەنگ ئەكاتەوە و دۆخی قەیران تێ ئەپەرێنێت دەستەی ڕۆشنبیرانە كەچۆن بتوانن كارەكتەرێكی ئازاد و هاوڵاتییەكی عەقڵانی كە بە تەنگ بەرژەوەندی گشتییەوە بێت بنیاد بنێن بۆ ئەوەی كۆمەڵگا و پێ بنێتە قۆناغی عەقڵ ودانایی و راست لە هەڵەو پۆزەتیڤ لە نیگەتیڤ جیا بكاتەوە .

كمال محمد