زۆر شت دەربارەی مەلا كرێكارو گروپەكەی

ماجد حەسەن 23/07/2019


دەست گیرکردنی مەلا کرێکار و زیندانیکردنی بۆ ماوەی دوازدە ساڵ ، بە حوکمی دادگایەکی ئیتاڵی لەگەڵ چەند کەسێکی دیکەدا ، یەکێك لەوان زانا ھەمەوەندی زاواکەیی خۆیەتی کە لە بەریتانیا دەژی و بە حەوت ساڵ حوکم دراوە ، ھۆکارەکەشی ھەوڵدانە بۆدروست کردنی ڕێکخراوێکی تیرۆرستی و ڕفاندنی کەسانی دیپلۆماتکاری ئەوروپی و دروست کردنی ئیماراتێکی ئیسلامی لە کوردستان و ھاندانی خەڵك بۆ چوونە نێو ڕیزەکانی داعش لە سوریا وە ھەبوونی پەیوەندی بە ڕیزەکانی داعش و قاعیدەوە ، ھەنگاوێکی گرنگی سیاسەتی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرە کە وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا پێشڕەوی دەکەن.مەلا کرێکار کە بەردەوام دروشمی ئیسلام تاکە چارەسەرە ، لەسەر زاریەتی و لە ھەموو قەیران و بنبەستێکی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی دەیڵێتەوە و بە گوێی خەڵکیدا دەدات ، ئەو دروشمەی کە لە دوای ڕوخانی دەوڵەتی عوسمانی و دروست بوونی یەکەم گروپی ئیسلامی سیاسی"ئیخوان موسلیمین" ، بووە دروشمی ئەو بزاوت و گروپ و ھێزە ئیسلامیانەی کە ڕووبەڕووی ھەموو ژیاری مرۆڤایەتی و دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ و مۆدێرنە بوونەوە و ئیسلام و شەریعەتەکەیان بە تاکە چارەسەری قەیرانی مرۆڤایەتی بە گشتی و وڵاتانی ئیسلامی بەتایبەتی دادەناو ، جاڕی جەنگی بەرەی کافر و مسوڵمانیان لە کۆی جیھاندا ڕاگەیاند و بوونە گەورەترین مەترسی بۆ سەر ژیاری مرۆڤایەتی.مەلا کرێکار کە پێشتر لە کوردستان ڕابەڕایەتی گروپی ئەنسار و ئیسلامی کردووە ، کە یەكێك بوو لە گروپە تیرۆرستیەکان و خۆیان بە نوێنەرایەتی و موجاھیدانی ئوسامە بن لادن و قاعیدە دادەناو مەلا کرێکاریش ئوسامە بن لادنی بە شێخی ئیسلام و ڕزگارکەری مسوڵمانان دادەنا ، ئەو گروپەی کە بۆ ماوەی دوو ساڵ دەستیان بەسەر ناوچەکانی خورماڵ و ھەورامان گرتبوو ، ئامانجیان دەست بەسەراگرتنتی تەواوی خاکی کوردستان و دروست کردنی ئیماراتێکی ئیسلامی و کارکردن بوو بە شەریعەتی ئیسلامی و دژی ھەموو کرانەوە و حوکمێکی دیموکراسی و مەدەنی بوون لە کوردستان و لە پێناویشیدا دەجەنگین ، وە ھەرکەس و ھێزێکیش ڕووبەروویان بوەستایە ، بە ھەمان ڕەفتاری داعشیانە جەنگ و کوشتن و سەربڕین چارەنووسی دەبوو ، پاش جەنگی ڕزگارکردنی عێراق و لە ناوبردنی گروپە تیرۆرستیەکەی ، مەلا کرێکار لەو کاتەوە لە نەرویج دەژی و پاش زنجیرەیەك دادگایکردن و لێپرسینەوە ، بەڵام بەردەوام بە ھەمان بیر و فکرەی سەردەمی موجاھیدی نێو بزووتنەوە جیھادیەکانی کوردستان و پاکستان و ئەفغانستان لە نێو ماڵ و کتێبخانە ترسناکەکەیەوە لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتی و جارجارەش چاوپێکەوتنی تەلەفزوێنی ، سوربوونی خۆی بە بنەماکانی سەلەفیەتی جیھادی و ڕووبەڕووبوونەوەی ئەوروپا و ئەمریکای دەربڕیوە و دروشمی ئیسلام چارەسەرەو پێویستی جەنگی خاچ پەرستانی گوتووەتەوە ، ئەمە جگەلە پشتیوانی ڕاستەخۆ و ناڕاستەخۆی داعش کە چەندین جار لە باسکردنیاندا بە کۆمەڵێك موجاھید وەسفی کردوون کە لە پێناوی گەڕانەوەی حوکمی خودا و شەریعەتەکەی دەجەنگن و داوای لە خەڵکی عێراق و سوریا بە گشتی و موجاھیدانی کردووە بچنە ڕیزەکانیان و پاڵپشتیان بکەن.ئەم بیرە ترسناکە و پاڵپشتیکەرە لە تیرۆریزمی ئیسلامی بووە ، بە شێكی سەرەکی لەو ھاندان و پاڵپشتیەیی کە وای لە چەندین گەنج و لاوی شارەکانی کوردستان کرد پەیوەندی بە ڕیزەکانی داعشەوە بکەن و لەدژی خاك و نەتەوە و سەروەرییەکانی خەڵکی کوردستان بجەنگن ، بە جۆرێك تەنیا لە سنوری پارێزگای سلێمانی نزیکەی ھەزار گەنج و لاو پەیوەندیان بە داعشەوە کردووە کە بێگومان مەلا کرێکار بەشێکی گەورەی بەر دەکەوێت ، لەم پاڵپشتیە مرۆییە بۆ داعش ئەمە جگە لەوەی لە ئیتاڵیا تۆمەتبارکراوە بەوەی لە ئەوروپاوە خەڵکی ھانداوە بۆ چوونە نێو داعش و پاڵپشتیکردنی و بەردەوامیش خەڵكی کوردستان و کوردانی تاراوگەی بە بیرە ترسناك و پڕ لە تەکفیر و دژ بە بەھاکانی ژیار و مرۆڤایەتی گۆش کردووە.مەلا کرێکار خراپی بەڕێوبەردنی دۆخی سیاسی و ئابوری کوردستان و سۆزی ئاینی خەڵکی کوردستانی بە ھەند وەرگرتووە ، تا خۆی و بیرە توندڕەوەکەی بکاتە تاکە چارەسەر و ڕزگاری دۆخی کوردستان وە بەردەوام خەڵکی کوردستان و کوردانی تاراوگەی بە گەڕانەوەی حوکمی ئیسلام و شەڕی خاچ پەرستان و سەروەری مسوڵمان بە سەر مرۆڤایەتیدا گۆش کردووە ، ئەمە جگەلەوەی بەردەوام ویستویەتی خۆی وەك سەرکردەیەکی جیھادی ئیسلامی بناسێنێت ، کە ئامانجی درێژەدانە لە دژایەتی خۆرئاواو و پرنسیپەکانی و چەسپاندنی حوکمی ئیسلام و بە زۆر سەپاندنی لە وڵاتانی ئیسلامی و غەیر ئیسلامی.ئەو بەردەوام لە گفتوگۆ و چاوپیێکەوتنەکانیدا شانازی بە ھاوەڵی و دیداری گەورە توندڕە و تیرۆرست ئوسامە بن لادنەوە دەکات و لە چاوپێکەوتنێکی کەناڵی بی بی سی فارسیدا لە ساڵی دوو ھەزار و حەڤدە دەڵێت:کە من تەنانەت خۆڵی ژێر پێی بن لادنیش نیم و بن لادن لە دڵ و گیانی من دایە و ھاوشان لەگەڵ تاریقی کوڕی زیاد ، خالیدی کوڕی وەلید ، محمد فاتیح یەکێکە لە چوار سەردارە گەورەکەی ئومەتی ئیسلام! دەستگیرکردنی مەلا کرێکار لەم کاتەدا و حوکمدانی ، بە ئاگاھاتنەوەیەکی درەنگ وەختی وڵاتانی ڕۆژئاوایە ، لەوەی کە مەلا کرێکار چ لە کوردستان و چ لە وڵاتانی ئەوروپا کەسانێکی بە بیر و فکری توندڕەوی داعشی پەروردە و گۆش کردووە ، بۆ دژایەتیکردنی ھەموو کرانەوە و پێشکەوتنێکی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی لە کوردستان و جیھاندا ، بە واتایەکی دیکە یەکێك بووە لەو کەسە توندڕەوانەی کە ژمارەکی زۆری خەڵکی بە فکرە توند و دژ بە مرۆڤایەتیەکەی ئامادە و ساز کردووە ، بۆ چوونە نێو ئەو گروپە توندڕەو تیرۆرستانەی کە پێشتر ھەبوون و لە داھاتووشدا دروست دەبن ،
بۆ وێرانکاری و لە ناوبردنی شارستانیەت و پێشکەوتن و گەشەی فکری و زانستی لە تەواوی جیھاندا.مەلا کرێکار لە ھەر کوێیەك بوو بێت و ڕێگری پێدرا بێت ، یان نا ھەمیشە بیری تەکفیری و خوێن و جەنگ و کوشتار لە وتارەکانیدا ھەبووە ، بەرامبەر بەو ھێز و دەستە و ڕێکخراو کەسانەی کە بە بیر و فکرە توندڕەوەکەی ئەو بیر ناکەنەوە و بوونەتە پاڵپشتی کرانەوە و ئازادی و گەشەی زانستی و فکری چ لە کوردستان و چ لەدەرەوەی کوردستان ، وە لەم نێوانەشدا فەتوای کوشتن و لە ناوبردنی بۆ زۆر کەس دەرکردووە ، ئەمە جگەلە حەڵاڵ کردنی خوێنی ئەوانەی کە لەسەر ئیسلام قسە دەکەن و دەنووسن وە ئەو کەسانەی واز لە ئیسلام دەھێنن ، ھەر بۆیە ئەم حوکمە دەتوانین بە ھەنگاوێکی ئەرێنی دادگاکانی ئەوروپای وەسف بکەین ، بۆ لاوازکردن و سڕینەوەی ئەو شەپۆلە تیرۆریزمییە ئیسلامییە کە دژی ھەموو پلوڕالیزمێکی ئاینی و نەتەوەیی و ئازادی و مافەکانی مرۆڤە لە جیھاندا و تاکە ئامانجی وێرانکاری دونیا و شارستانیەت و ملکەچی تەواوی دونیایە بۆ حوکمی ئیسلامی و گەڕانەوەی خەلافەتی ئیسلامی.