کەی جەنگی ڕاستەقینەی فەندەمینتاڵیزمی ئیسلامی دەکەین؟

ماجد حەسەن 15/06/2019



بە گەڕانەوە بۆ ئەو جەنگە مێژووییەی کە لە نێوان ئایین و مەعریفە لە ئەوڕوپا ڕوویداوە و بە سەرکەوتنی زانست و مەعریفە کۆتایی پێهاتووە، کە بووە هۆی دوورخستنەوەی ئایین لە کایەکانی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و فەلسەفە و زانست بوونە هەوێنی بیرکردنەوە و تێگەشتنی مرۆڤی رۆژئاوایی، لە کۆی ژیان و پێشهاتەکانی. بەردەوام لەبەردەم ئەو پرسیارە مێژووی و واقیعە تاڵ و ژەهراوییەدا دەوەستینەوە. کە ژیانی مرۆڤی لە خۆرهەڵات کردۆتە تاریکستانێکی بەرین و سەر رێژ لە رق و تووند و تیژی و تەکفیر و مەکینەی بەرهەمهێنەری مرۆڤی گوێڕایەڵ و دژبە هەموو کرانەوەیەکی زیهنی و عەقڵی. ئەوەی کە خۆرهەڵات و جیهانی ئیسلامی کەی شەڕە پێویستییەکەی  نێو هەناوی دەکات و چیتر لە وەچەرخان و قۆناغی پەڕینەوە بەرە و ژیار و گەشەکردنی زانست و فیکر خۆی نادزێتەوە و ئایین و تێکستەکانی تێکەڵ بە جەوهەر و رۆحی خۆیان دەکرێنەوە و لە بیر و تێگەیشتنی تووند و نالۆژیکی و تاریکستانانەی پیاوی ئایین خاڵی دەکرێنەوە. بەردەام مرۆڤی خۆرهەڵاتی باجی دواخستن و ڕوونەدانی ئەم جەنگە پێویستەی داوە و دەیدات بەوەی کە ئایینی ئیسلام ڕۆچوونێکی نالۆژیکی بە کۆی ژیان و کردەکانی رۆژانەی مرۆڤی مسوڵماندا هەیە، کە بەرهەمهێنەری لۆژیک و تێگەیشتنی پیاوانی ئایینەکەیە، نەوەک جەوهەری خوودی ئاییەنەکە، بەو پێوەرەی هەموو ئایینێکلە جەوهەردا هەڵگری رۆحی یەکتر قبوڵکردن و ئاشتی و خۆشەویستییە. هەروەک چۆن لە هەمان دەمدا هەڵگری سرینەوە و تەکفیر و حوکمەکانی بە تەنیا ئێمە و سڕینەوەی ئەوانیترە، بە مانایەکی دیکە کێشەی گەورەی هەر ئایینێک لەوەوە سەرهەڵدەدات کە کێ شیکاری و تێگەیشتن و لێکدانەوە بۆ تێکستەکانی دەکات، نەوەک خوودی تێکستەکان چی دەڵێن و چییان لە خۆیاندا هەڵگرتووە، چونکە لە جەوهەردا هەموو ئایینەکان هەڵگری دوالیزمی رق و خۆشەویستی و یەکتر قبوڵکردن و سڕینەوە و جوانی و ناشرینین. لە مێژووی کۆمەلگە موسڵمانەکاندا بزاوتی عەقلانی و ڕۆشنگەری چ لە ئاستی دەستە و گروپ  و چ لە ئاستی تاکە کەسی سەریان هەڵداوە، کە داوای تێگەیشتن و تێفکرینێکی ڕۆشەنگەرانە وعەقلانیان بۆ ئایینی ئیسلام و تێکستەکانی کردووە، بەڵام بە تووندترین شێوازەکانی بەرپەچدانەوە وەڵام دراونەتەوە و هەر زوو ئەو دەنگانە خنکێندراون و ئاراستەی تووند و چەقبەستووی کۆتایی پێهێناون و ئوسولیەت و داخرانی مێژووی باڵی بەسەر جیهانی ئیسلامیدا کێشاوە، بەڵام ئاخۆ چی وادەکات ئەم شەڕە پێویستە بەردەوام دوابخرێت و خۆمانی لێ بشارینەوە یان ڕەنگە هەرگیز ڕوونەدات و خۆمانی لێ بەدوور بگرین؟ چی وادەکات جیهانی ئیسلامی نوقمی نەزانی و برسێتی مەعریفی و لاوازی فیکری و دوورکەوتنەوە لە هۆشیاری بێت و بەردەوام بگەڕێتەوە بۆ لێکدانەوە و تێگەیشتنی پیاوانی ئایینی و دەستبەرداری گەشەی زانستی و ڕۆشنگەری ببێت و نوقمی دیکتاتۆری سیاسی و رەمز و ئادابەکانی خێل خێزان و پەروەدرە ملکەچکەرەکەی بێت؟ ئایا ئیسلام دینێکی جیاوازە لە مەسیحییەت و ئایینەکانی دیکە و هیچ کرانەوە و دابڕانێکی لە ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی قبوڵ نییە؟ یاخوود زەمینەیەکی فیکری قوڵ و بەگژداچوونەوەیەکی ئایینیمان نییە، وەک ئەوەی لە خۆرئاوا ڕوویدا، وەک چۆن لە فەلسەفەی یۆنانیدا مەعریفە جێگەی ئیمانی گرتەوە و مارکس دێت و ئایین بە تلیاک ناودەبات، نیچەش هەموو بیروباوەڕە پێشینەکانی تێکشکاند و فرۆید ئایینی وەک نەخۆشیێک پێناسەکرد و پاشان مۆدێرنە دێت و ژیان و پێدراوەکان بە پێوەری دەستەبەری شتە ماددیەەکان دەپێوێت؟ یاخوود ئەو هێزە ڕۆشنگەر و بزاوتە ئەقلانییەی لە قۆناغە یاک بە دوای یەکەکانی جیهانی ئیسلامیدا هەبوون، هەوڵگری رۆحی نوێبوونەوە و بە جیهانیبوون و مۆدێرنە بوون، هەوڵ گەلێکی پەرش و پچڕ و خاوەن هێزێکی قوڵی گۆڕانکاری لە ئاییین و کەلەپووری ئیسلامی نەبوون، کە کۆمەلگەی موسڵمانان و پیاوانی ئایینی ناچار بە قۆناغەکانی پێشکەوتنی ژیاری و مرۆڤایەتی بڕۆن. گەر بگەڕێینەوە بۆ ئەو پرسیارەی کە بۆچی جیهانی ئیسلام و کۆمەلگای موسڵمانان لە لوتکەی ستەمگەری سیاسی و دوکەوتوویی کۆمەڵایەتی و ترۆپکی لاوازی فیکری و زانستیدان و چی وا دەکات بەردەوام لەم دۆخە تاریکستانەدا درێژە بە مانەوە بدەن و لەگەل ژیار و شارستانیەتی مۆدێرن نەڕۆن و لە چەقبەستوویدا بمێننەوە؟ لە ڕاستیدا ئەو بۆچوونەی کە پێی وایە ئایینی ئیسلام ئایینێکی هەڵاوێرە ناتوانین وەک مەسیحییەت و ئایینی جولەکە گۆڕانکاری ریشەیی تێدا بکەین و لە گوتار و فەتوای پیاوانی ئایینی دەریبێنین و لە کایەی سیاسی و کۆمەڵایەتی جیایبکەینەوە، بۆچوونێکی هەڵەیە، چونکە لە لایەکەوە ئایینی مەسیحیەت و جەلەکەش بەهەمان شێوەی ئایینی ئیسلام تێکستەکانیان خاڵی نین لە دەمارگیری و توند و تیژی و تا ساتی ڕوودانی ڕۆشنگەری و پیاوانی ئایینی خوازیاری دەستبەسەراگرتنی تەواوی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی کۆمەلگە رۆژئاواییەکان بوون، لەلایەکی دیکەشەوە ئەو جەنگەی لە نێوان زانست و ئاییندا لە خۆرئاوا ڕوویداوە جەنگێکی چەند رۆژە نییە و چەند سەدەیەکی خایاندووە، تاوکو رۆشنگەری لەدایکبووە و خۆرئاوا بە پڕشنگی زانین و پێشکەوتن ڕووناک بۆتەوە. لە کۆمەلگە موسڵمانەکاندا سەرەڕای لاوازی زەمینەی فیکری و زانستی و گەڕانەوەی ڕۆژانەی خەڵکی بۆ لای پیاوانی ئایینی و لێکدانەوە هەزارساڵانەیان بۆ کۆی ژیان و گرفتەکانی کە دواجار کۆمەلگەیەکی خۆشنوود بە تۆقین و رق و تووند و ترساو لە هەر کرانەوەیەکی عەقلی و تاکێکی وێران و گوێڕایەل و پەراوێزخراوی دروست کردووە. کە دژی هەموو ئازادییەکی فەردییە و دونیای لە نێوان بەرەی بەهەشتی و دۆزەخیدا دابەشکردووە. بەڵێ‌م ناتوانین دەستبەرداری رۆحی رۆشنگەرانەی خۆمان بین و پێویستە لە بەرامبەر ئەو هێزەی کە ئاراستەی کە ئاراستەی کۆمەلگە دەکات بەرە و قوڵایی سەدەکانی ناوەراست بوەستینەوە و گەشبین لەوەی سەرکەوتنی ڕۆشنگەری پەیوەندی بە بابەتی کات و بەرزبوونەوەی ئاستی گوزەران و بڵاوبوونەوەی خوێندنێکی ڕۆشنگەرانەوەیە هەیە. پێویستی ڕوودانی ئەم جەنگە دواخراوە ئەرکی سەرشانی هەموو بیریار و رۆشنبیرانی دونیای ئیسلامە کە زەمینەی رێکخستنی رۆشنگەری و ڕوودانی بەهێزبکەن، چیتر ڕێگە نەدەن پیاوانی ئایینی جلەوی کۆمەلگەکان بکەن وتاکەکان ڕووە و تێگەشتنی دۆگمایی و کۆیلەیی سیاسی و خێڵەکی ئاراستە بکەن. ڕوونەدانی ئەم جەنگە و بەهێزبوونی عەقلییەتی ئایینی لە جیهانی ئیسلامیدا جگە لە بەهێزبوونی نەزانی و بڵاوبوونەوەی نەخۆشی داخرانی عەقلی لە هەناویدا مەکینەی دروستکەری تیرۆرەکە عەقلییەتی سەدەکانی ناوەڕاست و گەڕانەوەی ڕەهایە بۆ ئایین. لە هەمان کاتدا سەپێنەری ئەو راستییەیە کە گەورەترین قوربانی دەستی تیرۆر هەر کۆمەلگە موسڵمانەکان خۆیانن لە تالیبانەوە بۆ قاعیدە و پاشانیش بۆ داعش کە بەرهەمی جڵە و بەهێزی تاریکستانی عەقلییەتی دینییە، لە جیهانی ئیسلامی پێویستی ڕوودانی ئەم جەنگە زووتر و خێراتر دەکات، هەڵبەتە لە پێناو پێڕاگەیشتن بە ژیار و دیسانەوە بنیاتنانەوەی شارستانیەتێک کە لە قۆناغێک لە قۆناغەکانی مێژووی دونیای ئیسلام بیرکردنوەی لێل و تاریکی ئایینی کۆتایی پێهێناو هەمووانی خستە نێو تونێڵی تاریک و داخراوی پیاوانی ئایینیەوە، بە پێچەوانەوە دواخستن و ڕوونەدانی ئەم جەنگە و درێژە دان بەم دۆخە دژوار و توند و دەمارگیرییە و دواکەوتن و دوورکەوتنەوە لە تێپەڕین و دابڕانی مێژووی، هەمووان لە بەرامبەر بەرپرسیاری مێژووی خۆمان و نەوەکانی داهاتوو دەوەستێنێت، لەوەی هەر یەکەمان بەشداریێکی ڕاستەخۆ و ناڕاستەخۆمان هەبووە لە بەهێزی عەقلییەتی ئایینی و مانەوە لە قۆناغی چەقبەستووی هەزار ساڵەی ترادسیۆنی ئیسلامی، کە سەرچاوەیەکی سەرەکی بەهێزبوونی دیکتاتۆری سیاسی و نەریتی خێلگەرایی و لاوازی گەشەی فیکری و زانستییە.