وێنەکانی مورسی لە پرۆفایلی کوردەکاندا چی دەگەیەنێ؟

ماجد خەلیل 18/06/2019

مەرگی مورسی
وێنەکانی مورسی لە پرۆفایلی کوردەکاندا چی دەگەیەنێ؟

تاچەند پەیوەندیدارە بەو پەتپەتێنە سیاسییە نوێیەی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا. مەرگی مورسی، مەرگێکی خۆکردبوو یان ئەوانکرد؟ مەرگی مورسی مەکری دامەزراوە داشقەکەی سیسییە یان چی؟ مەرگی مورسی لە قازانجی قاچڕاکێشانی کێدایەو کێ کۆڵی بەرژەوەندییەکانی خۆی لێدەکات؟ مەرگی ئەو، زیندوبوونەوەی زیکزاکیانەی ئیخوان و ئیمانی ئیسلامگەرا نەبێ چییە؟ ئەمەریکا ئەیەوێت چی بقەومێ و بتەقێتەوە؟
تەوقیتەکانی تەمای چ گۆڤەندێکی گیانەڵای ئیسلامگەرایە؟ کە بەهاری عەرەبی روویدا، بە گوێرەی هەموو خوێندنەوەکانی خەباتی ئازادیخوازانەی خەڵکی رۆژهەڵات، ئیسلامگەراکان سوچی هیچ کام لەو قاڵییە سیحریەیان بەدەستەوە نەبوو، کە قەراربوو بەسەر هەورەکانی ئاسمانی ئەفریقاو ئاسیاو جیهانی ئیسلامدا گیانی پێشکەوتن و دیموکراسی بگوازێتەوە. لەگەڵ بە قەقنەس بوونی لاوە تونسییەکەدا، شۆڕشی شەقام شین بوو، بۆیە راشید غەنوشیان بە فڕۆکەیەک هێنایەوە. راشید غەنوشی لەناو گریسی گەمە سیاسییەکانی خۆرئاوادابوو، ئەو پادشای مۆمیاکراوی ئان و ساتێکی وابوو، دروست خومەینی چۆن لە حەفتاونۆدا هێنرایەوە تا سواری ملی مەرگی شاهەنشابێ، تا مەرگ بەر ئەمریکا بکاتە دروشمی ساختەی سیناریۆ وەک رۆژ رووناکەکەی ئێرانییەکان و هەمووجوڵانەوە ئازادیخوازە رەنگ موسەدەقییەکان لە بێخەوە هەڵکێشێ، بەو جۆرەیش غەنوشی پاشقولی لە پاوقدەمی شۆڕش گرت و بەدەمدا خستی بۆ ئەمریکا. لە میسریشدا، وەک رۆژنامەیەکی ئیسرائیلی نوسیبوی، مەیدانی تەحریر جمەی دێ، هێشتا ئۆپۆزسیۆنە پیرەکەی میسر لە گوێی گادا خەوتووە. بەڵام ئیخوان بە کونفەیەکونێ بووە ساحێبی راسانە رەسەنە جەماوەرییەکە. لەسوریاشدا ئەردۆگان گەرەکی بوو ئیخوان رەنگەکان بکاتە بەدیلی بەشار. لە لیبیاشدا چی جن و جانەوەری جیهادیی، کە بە ئامۆزاکانی ئیخوان ناسراون هاتنە سەر سفرەی حازری و شۆڕشە ساواکە پێش ئەوەی بانگی ئازادی و دیموکراسی بدرێ بەگوێیدا، گۆڕی بۆهەڵکەنرا. کەواتە لە هەنگاوی هەوەڵی بەهارەکەدا. تین و تاوی تەمای دیموکراسی داری دەستی پۆلیسەکانی خۆرئاوا درا بەڕۆحیدا. 
بۆخۆتان دەزانن، مودەتێکە شەپۆلی دووەمی بەهارەکە، لە شوناسی ئەمریکادا دەکرێتە بورجێکی زووتێپەڕی پیرەژنانە. گۆڕانکاریە گەورەو گەرمەکەی سودان وەک ئاماژەی وشککردنی ڕیشەپیرەکانی ئیخوان، خەباتی زاڵ و زێڕینی جەزائیرییەکان کە هیچ سیمایەکی ئیسلامگەرای تێدانییە بووەتە شۆک بۆ ئەمریکا. ترسێک لە بینەقاقای خۆرئاوادایە، ترسی تەنینەوەی بێسنوری دێموکراسی و ئازادی، ترسی گۆڕانکارییەکی سەردەمیانە، بۆیە ئەمریکاو خۆرئاوا، دیسانەوە دەیانەوێ دەردە کلاسیکییەکەیان وەک پەتایەک ئاوڕشێنی دنیای ئیسلام و عەرەبی پێبکەنەوە. ئەمەیش بە سێ قۆناغ ئەنجامی دەدەن
قۆناغێکی ناڕاستەوخۆ، کەبریتییە لە جەنگی ئەمریکاو ئێران و زیندوکردنەوەی رەگی عروبەی ئیسلاگەرا دژ بە هەژموونی شیعە، قۆناغی دووەم کە نیمچە راستەوخۆیە بریتییە لە قەدەغەی ئیخوان و ناساندنی وەک رێکخراوێکی تێرۆریست، کە مەبەست لێی زیندوکردنەوەو خۆشەویستکردن و خڕکردنەوەی خەڵکە لە دەوروخولی ئیخوان، وەک چۆن هێنانی کەشتی زەبەلاحی لنکۆڵن بۆ پاراستنی ویلایەتی فەقیهە نەک لەناوبردنی. قۆناغی راستەوخۆی لادانی ئاڕاستە جەماوەرییە ئازادیخوازەکە بریتییە لە مەرگی مورسی. ببینن چۆن دەماری ملی هەموو موسڵمانێ ڕەپ وەستاوە. ببینن چۆن خوێنی خەلافەت لە تەوقی سەری هەموو جیهانیعەرەبیدا لێدەدا، ببینن چۆن کوردەکانی خۆمان پرۆفایلەکانیان لە پێش خەڵکی ئەسکەندەرییەوە کردە وێنە ریش ماشوبرنجییەکەی مورسی. وێنەی بە پرۆفایلکراوی ئۆجەلان زۆرن کە زیندانیکراوی پیاوێکە مۆرسی بە شەهید ناو دەبا! یان هی مورسی. سەدان رابەری سەربەرماڵی کورد لەسێدارە دراون کاممان یادێکمان کردنەوە. بەس لە بەدرخانەکاندا و تابیستەکانی سەدەی بیستەم شەست و دو کەسایەتی و کێوی ورەو سیاسەتمەداری سالاری کورد لەسێدارە دران. لە بەرزانییەکاندا، بیست و سێ رابەری رۆحی و نەتەوەیی بەکەلەپچەیی لەداردران، لە زازاییەکاندا دەرگای ئەشکەوتێکی شیوێکی دەرسیم کە دوو هەزار ژن و منداڵی تێدا بوو بەدوکەڵ کوێرکرایەوەو خنکان، موحەمەد پاشای وسمانی لە دەروازەی ماردیندا گوێی دوو هەزار لاوی کوردی بڕی و وەک مێخەکبەند و گەردانەیەک، وەک ئەتکێک کردنی بەدەروازەی شارا، کێمان هەر چیرۆکەکەیشی بیستووە؟ کاممان تاسەو تێڕامانێکی هەبوو بۆیان؟ نازانم ئەم هەموو عاتیفەو عەنعەنەو تەنتەنەیە بۆچی بۆ مورسی دەکرێ؟ لەکاتێکدا پیاوێکی وەک مورسی لەسەر سفرەی سیاسەتەکانی ئەمریکادا هەم تێرکراو هەم بێکەسکوژکرا. مورسی قوربانییە، قوربانی گەمەیەکی بێ ئامانی ئەم سەردەمی نەدامەت و نیگەرانییەی دنیای سیاسەت. مورسی پیاوێکی ئایدیۆلۆژییە، گەر لەسەر تەختی دەسەڵات بمایە، ئەو بەیاننامانەی بۆ دەسخۆشانەی کوشتاری عەفرین و کۆبانێ دەکران، دووقات دەبوون، وەک چۆن بەقاچاغی و لەسەردەمی کیمیابارانی کوردا، فزەیەک فوی نەکرد بە میدیای ئیخوانداو هەناسەیەکی ساردو ئەزعەفولئیمانێکیان بۆ کورد نەبوو، لە سەردەمی مورسیشدا جاڕی ئیسرائیلبوونی دووەممان دەبوویە مانشێتی جەریدەکانی ئیخوان. وەک چۆن خەباتی ئەمازیغ و بەربەڕی پۆیساریۆ و قیبتییەکانیش والەقەڵەم دەدەن.
بەڵێ مەرگی مورسی سیناریۆیەکە تا جەوانەکانی میسرێ بەرنەوە مەیدانی ئازادی و تا تاسەی ئیخوان لەکەلەیاندا زیندوکەنەوەو تا بیکەنەوە موحەمەدی چاوەڕوانکراوی رزگاریی دنیای ئیسلام و تا بەنناو سەید قوتبێکی کە لە مەدرەسەی هزری ئیخواندا قوتکەنەوە. مەرگی مورسی بۆ ئەوان لەدایکبوونەوەی ئیخوانە، وەک چۆن مەرگی سەید قوتب مەشخەڵی ڕێکەی داگیرساند. مەرگی مورسی دانەی داوێکی ترەو بەپێی رێبوارانی کاروانی ئازادیخوازانی دنیای دیمۆکراتیدا دەتەقێتەوە. بەڵێ دەزانین خۆرئاوا هێند دەماخی کاردەکات کە دیموکراسی بەدەستی دیموکراسی بخنکێنێ، هێند دەماخی هەیە کە ئیخوان بەرێتە هەڵبژاردنێکەوە کە بڕوای پێی نیە، مورسی بە هەموو شەرعییەتێکی هەڵبژاردن سەرکەوێت و دیکتاتۆرێکی دێو ڕەنگی وەک فەتاح فێری ئەوەکات چۆن قوتیبات. مەرگی مورسی لەناکاو نییە، بەڵکو مورسی بەشمشێری لەساودراوی سیاسەتی خۆرئاوا سەربڕا. رێک وەک ئەو شمشێرەی کە موحەمەد مەهدی عاکفی سەرکردەی پێشویان، ئەمریکییەکان لەکەلاندا بۆیاندەرهێناو لە هەشتاکاندا دایانە دەستی،تا جەنگی دژ بە کۆمۆنیزم لە ئەڤغانستاندا بکات، ئەمانە بەڵگەن و ماون، وەکچۆن ئێستەیش مەرگی مورسی شمشێرێکە بۆ بڕینەوەی بەهاری نوێی دنیای رۆژهەڵات