ئیخوانەکان لە سەنای سیاسەتی نێچیرەڤاندا

ماجد خەلیل 21/05/2019



با مەولود باوەموراد تەنها دوو دێڕی کۆتایی ئەم بابەتە بخوێنێتەوە

ئایا نێجیرەڤان بارزانی هەناسەیەکی ئەدەبی پێیە؟ ئایا نێجیرەڤان بەزمانی حزبایەتی نادوێ؟ ئایا گوێگرێکی بەتاقەو توانایە؟ ئایا لەمپەرەکان دەبڕێ؟ ئایا کارەکان جێبەجێ دەکات؟ وەڵامی  هەموو ئەم پرسیارانە لەزاری مەولود باوەمورادەوە دەرچوون؟ بێ ئەوەی کەس لێی بپرسێ
لەیەکێک لە پانێڵەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، چوار ساڵی ئایندە. بەشداریکرد. بەشداریکردو ئەم وەڵامی پرسیارانەی دایەوە.
مەولود باوەموراد. ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، پیاوێکی سەر سافی ڕیش تاشراو، تەمەن وەستاوی مەیلەو ئەسمەر، دەنگ نیمچەگیراوێکی جموجوڵکەر. زیندووی زەمینەی ئیخوایزم وکادێرێکی دێرینی یەکگرتوو. پیاوێکی زاڵی سەرشاشەکان و گیرفان پڕ لە پۆست پێناوە حکومی و حزبییەکان، هەر لە پەرلەمانەوە تاوەزارەت. پیاوێک چالاکترینی چوارچێوەیەکی حزبی سنووردار، پیاوێک بەلیغ و باش لە ئەدای ئۆپۆزسیۆنی ناو تۆڕی کۆمەڵایەتی و ئۆپۆسیۆنی ئیمان و باوەڕی هەمو پارت و پەیڕەوەکانی تر. ئێستە یەکێک لە سەرارەکانی پارتێکی ئۆپۆزسیۆنە لە هەرێمدا، باسی سەرۆکی هەرێمی چوار ساڵی ئایندە دەکات. سەرۆکێک کە لە دوستبوونی دەیان ساڵی ئەم ئەزموونەوە لە پلەی یەکەمدا بووە. گریمان خوێنکارێ تاقیدەکەینەوە. پێی دەڵێین ئەم بۆشاییە پڕبکەرەوەو بنوسە کێیە. سەرکردەیەکە ئەزموونی هەیە، تاڵ و ترشی و ئاوارەیی و ناسۆری دیوە. دیپلۆماسە، گوێکرە، ڕاشکاوە، بوێرە، بەئیرادەیە، دەیان وەسفی تر کە مەولود ریزیکردن. دەبێ خوێنکارەکە کێ بنوسێ بۆ ئەوەی وەڵامەکەی راستبێ. گەر بنوسێ بسمارک. هێشتا دەکەوێ. چون وەزیری فەرهەنگی سەردەمی بسمارک لە بارەی بسمارکەوە وتی، سەرکەوتوو نیە، چون لە شەقامەکانی بەرلیندا خەڵکی پێناکەنن. بسمارکێ ئەڵمانیای یەکخست. بسمارکێ سیاسەتی ئەڵمانیای کرد بە هەوەڵ، بسمارکێ ئابوری ئەڵمانیای کرد بە سیحری گەشەسەندن، بسمارکێ دەستوری وڵاتی چاند و لەناوەڕاستی ئەوروپادا مافی مرۆڤ بووە درەختێ سێبەری دنیای داپۆشی. گەر خوێنکارەکە بنوسێ، گاری باڵدی  و ماتزینی ئیتاڵیا بوو، مامۆستا بەرد بارانی دەکا. راستە ئەوان ئیتاڵیایان کرد بەشاخ، کردیان بە پەیداخی جوانی و یەکگرتن. کردیان بە ئیستیعمارێکی زەبەلاح، نا چون ناسیۆنالیستەکان کە لە کوتایی سەدەی نۆزدەدا خۆپیشاندانیان دەکرد دەیانوت ئەوان بە نەفرەت بن، چون نەیانتوانی ئیتاڵیا بکەنەوە بە ڕۆمای پیرۆزی پێش زایین. گەر خوێنکارەکە بنوسێ میتەرنیخ، هێشتا دەکەوێ، چون وەختێ شۆڕشی نەمساوییەکان روویدا وێنەی وییان بەخەیاڵ کێشابوو، چۆن نەمسای غەرقی قوڕاوی ئایین کردووە. لەکاتێکدا میتەرنیخی نەمسا، مێژوو دیپلۆماتێکی تری وا بەخۆوە نابینێ. من خوێنکاربم نازانم چ سەرکردەیەکی سەرکەوتوو بنوسم، گریمان دامەزرێنەری ئیسرائیل دەنوسم. باوەرکەن دەکەوم، چون ئیسرائیلی کرد بەدەوڵەت، جولەکەیەک وەسفی نەکرد، دەیانوت دەبوو لە نیلەوە بۆ فورات بێ. دەزانن یەک کەس لەو وەزیرانەی کابینەکەی چەرچڵ کە یاداشتیان نوسیوە دانی خێریان بە چەرچڵدا نەنا. لە کاتێکدا بەریتانیای لە جەنگی دووەمدا سەربەرزانە پاراست. لە کۆنگرەی یاڵتادا چەرچڵ وتی هێشتا شەرمەزاری هاوڵاتیانم. دەزانن ئەو وەسفانەی مەولود لە سەنای نێچیردا کردنی تا ئێستا کەس وا وەسفی سەرکردەکەی خۆی نەکردووە. کەس لە دونیای ئەمڕۆدا، مەبەستم ئەمانوڵای زووی ئەڤغانو نەواز شەریفی پاکستان و سەدام وبنعەلی نییە. ئەوانیش وایان پێدەوترا. بەڵام ئەوەی دەیانوت لە زاری ئۆپۆزسیۆنەکانیانەوە نەدەهاتە دەر. تایبەتمەندی ماڵباتی بارزانی و نێچیرڤان لەوەدایە کە لە هیچ سەرکردەیەکی دیکتاتۆرو دیموکراتدا نییە. ئەویش ئەوەیە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن وەسفیان دەکەن. باوەڕتان هەبێ. زۆر باسی شاعیرە دەربارەکانی بووەیهییە دەیلەمییەکانی  عەباسی دەکەن کە بەغدایان گرد. شاعیرێک لە وەسفی عەزدودەولەدا دەڵێ، هیچ، وەسفت ناکەم، وەسفی تۆ زمان ناتوانێ بیڵێ. گەر وەسفم کردی بمکوژە. گەر زمانم گۆی کرد بۆ ناوهێنانت بیبڕە. رێک بە خەیاڵ چوومەوە بۆ سەدان ساڵ بەر لە ئێستا. مەولودم بینی، لە ئاستانەی خەلیفەی بوەیهیدا شیعری دەخوێندەوە. لۆگۆکەی رووداو بیری دەخستمەوە کە ئەوە هەولێرەو ئەوە ئێستایە.
ئاخر باوە موراد. نێچیر چی کرد. راستە هەوڵی دا، راستە بارودۆخ نا هەموار بوو، راستە نەیارمان زۆرن. بەڵام ئەم پیاوە، جارێ لەبەر ئەوەی کوڕی کاک ئیدریسە لەو ڕۆژەوەی چاوی کردووەتەوە بەرپرسە. زاڕۆکانیشی بە هەمان شێوە. هەموو ئەوروپاو ئەمریکا گەڕاوە. لەو هەولێرا دام بە کن دیوارێکی سیاجا بە نیوکاتژمێر ماشین نەمبڕی، وتیان خانوی ئەوە. نە ئابوری سەربەخویە.نە ئیعترافمان پێکراوە. نە موچە جێگیرە، نە شەقام و رێگاوبان تەندروستە، نە خۆراکو دەرمانمان ئەسڵن، نە هیچ. چۆنە دەڵێی واو وایە. تکایە ئەم بابەتە مەخوێنەوە کاک مەولود، تەنها دوڕیزی کۆتایی بخوێنەوە. ئەویش پێشنیار دەکەم، دیدارەکەت رووداو لە یوتوب دایناوە. بە ویژدانەوە گوێ بگرەوە بۆ خۆت. تکایە با دەسڕێکت پێ بێ، گەر دەسڕەکەی دەست تەڕ نەبو لە ئارەقەی شەرمەزارییا، تکایە رۆژووەکەت بشکێنە، چوون وەک چۆن بە ناهەق وەسفی نێچیرت کرد، بەو جۆرەیش بە نا هەق وەسفی خوا دەکەی. لێرە چاوەڕێی بەهەشتی وەزارەت و پۆستیت و لەوێیش چاوەڕێی نازونوکی حۆریت