ئۆجەلان و ڕۆڵی یەکلاکەرەوە لەپرسە گەرمەکانی تورکیا!

مەهدی بورهان 09/05/2019


جارێکی تر دەرگا داخراوەکانی سەر عبدوللە ئۆجەلانی ڕێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان بەڕووی پارێزەراندا ئاوەڵاکرا،دوای ھەشت ساڵ لەگۆشەگیری و قەدەغەکردنی ھەموو جۆرە دیدارێک،دیاری کردنی ئەم تەوقیتە بۆدیداری ئۆجەلان پرسیاری گەورەی لای چاودێرانی دۆخی تورکیا دروست کردووە پێیان وایە ئەردۆغان بەم کارەی خواستێکی سیاسی ھەیەو مەبەستێتی لەڕێگای ئەم ھەوڵەیەوە دەنگدەری کوردی بەلای خۆیدا رابکێشێت بێگومان دوای ئیعازێکی زمنی ئۆجەلان بۆ ئەم کارە، چونکە لەدواین ھەڵبژاردندا باش لەوەتێگەیشت کەکورد ئەگەر نەشتوانێت لەشاخەکاندا بەھۆی ناھاوسەنگی ھێز شەرەکان بەقازانجی خۆی بەلادا بخات ئەوا بێگومان لەشارەکانداو لەشەڕی سندوقەکانی دەنگداندا زەبری گورچک بڕ لەئەردۆغان و ئەجێنداکەی بوەشێنێ و ھەم لەناوخۆو ھەم لەدەرەوش تووشی ئیحراجیەکی گەورەی بکات، بەجۆرێک سڵ نەکاتەوە لەوەی ڕۆژ لەدوای ڕۆژ زیاتر دەست بەرداری ئەو نووزەیە بێت کە لەدیموکراسی تورکیادا ماوە.

ئەردۆغان لەئێستادا بەھۆی ئەو ھەژموونەی پارتەکەی ھەیەتی لەکۆی جومگەکانی دەسەڵاتدا خراپ بەکارھێنانی ئەو دەسەڵاتەش، پرۆسەی دیموکراسی لەتورکیاد خستۆتە بەردەم پرسیاری گەورەو، بڕیاری دووبارە ھەڵبژاردنەوەی ئیستەنبوڵیش تازەترین و زەقترین بەڵگەن لەسەر ئەم تاکڕەوی و خۆسەپێنیەدا، تورکیا کە جاران دەرگای بەسەر ھەموو جیھاندا کراوەو جێگای ئومێدێ وڵاتانی ڕۆژئاوا بەوەی وڵاتانی تری ناوچەکە چاو لەئەزموونەکەی بکەن کەڵکی لێوەرگرن، ئێستا بەرەو دەوڵەتێکی تاک رەھەندی دیکتاتۆری ملی ناوەو ھێدی ھێدی خەریکی کاڵکردنەوەی پڕانسیبەکانی دیموکراسیە کەخۆی لەئازادی میدیاو مافەکانی مرۆڤدا ئەبینێتەوە، لەئێستادا ئەردۆغان ناتوانێت بەئاسانی دۆڕانی ئەستەنبوڵ قبوڵ بکات، ئەگەر باجەکەی ھەرچیەک بێت تەنانەت کردنەوەی دەرگا بێت لەسەر ئۆجەلان و پەخشکردنی وتارو تێزەکانیش بێت لەمیدیای تورکیدا، لەکاتێکدا ھەموان ئەزانین پێناسەی ئەردۆغان و حیزبەکەی بۆ ئۆجەلان چیەو ڕۆژانەش دەیان لایەنگری ئۆجەلان بەتۆمەتی تیرۆر دەخزێنێتە زیندانەکانەوە.

ئەردۆغان ھێندە پڕاگماتیکیانە بیردەکاتەوە لەبیریچووە رەخنەی زۆر تووندی لەجەھەپە ئەگرت لەسەر ئەو ھاوپەیمانییە زمنییەی لەگەڵ ھەدەپە بەستبووی لەکاتێکدا ھەدەپە حیزبێکی مۆڵەتپێدراوە بەپێی یاساو دەستوری تورکیا ،کەچی خۆی بۆ تێکشکاندنی نەیارەکانی ووتوێژ لەگەڵ ھەموو کەسێکدا ئەکات ،بێگومان ئەمەش نەلەبەرخاتری کوردەو نەلەبەر ئۆجەلانە، بەڵکوو ئەزانێت ئۆجەلان لەتوانایدایە گۆڕانکاری گەورە لەھاوکێشەی سیاسی تورکیادا بکات لەکاتێکدا کەتابلۆی سیاسی تورکیا گۆڕانی گەورەی بەسەرداھاتووە و چیدی نە ئاکەپە ھێزە پانووپۆڕە بێ ڕکابەرەکەی دە ساڵ بەرلەئێستایە نە جەھەپەش حیزبە بێھێزوو شەرمنەکەی دوێنێیە...

وتاری زیاتر