دەربارەی سوننی‌گەراییەکەی مەلا سەید ئەحمەد

سەروەر پێنجوێنی 28/03/2019

مەلا سەید ئەحمەد، پێ-بە-پێی ڕاگەیاندنە قەطەری و تورکی و ئیخوان-سووریاییەکان، لە فەیسبوک پرۆپاگەندای ناڕاستی دژی هەسەدە بڵاوکردەوە کە گوایە هۆڵۆکۆستی بۆ موسوڵمانان ڕێک‌خستووە، و لە وتاری جومعەکەیشیدا ("دژایەتی‌‌کردنی ئیسلام" کە لینکەکەی دانراوە) سوێندی لەسەر خوارد کە سێ هەزار مرۆڤی موسوڵمانی سوننی لە ژن و مناڵ لەلایەن هێزگەلێکی نێودەوڵەتیی هاوکار لەگەڵ هەسەدە سەربڕاون و سووتێنراون (ئیتر باسی چەکداری داعشی هەر نەئەکرد کە چۆن ژن و مناڵیشیان وەکوو قەڵغانی مرۆیی بەکارهێناوە):

https://www.youtube.com/watch?v=8AqPaplPRT0&feature=youtu.be&t=1227&fbclid=IwAR0odmDAQu4AkSKLToPzZvDY2JPmLRHIo-ev4VKZXs3a6Fk08LJc-HTnXtk
ئەوە بوو دەرکەوت کە ڕاستیەکەی ئەوەیە ژمارەیەک لە چەکدارانی داعش، خۆیان و ژنەکانیشیان، تا سەر شەڕیان کردووە و ئەمانەن کە بۆردومان کراون و کوژراون. بۆیە ناچاری ڕوون‌کردنەوە و پاکانەکردن و ڕوو-سپی‌کردنەوە بوو.
ڕەنگە وا دەرکەوتبێت ئێمە مەلا سەید ئەحمەد بەوە تۆمەتبار ئەکەین کە کار و کردەوەی داعشی لا پەسەندە. بەڵام مەبەستەکە ئەمە نیە. مەبەستەکە ئەو سوننی‌گەراییە ڕوون و ئاشکرایەیە کە پێیەوە دیارە، و لەسەری پەروەردە بووە و بووە بە بەشێک لە ویژدانی ئایینیی ئەو. ئەمە و ئینتیما ئیخوانیەکەی کە لە ئینتیما سوننیەکەیدا تواوەتەوە، ئەو پاڵنەرەیە هەمیشە لە ئاماژە سیاسیەکانیدا ئەیجووڵێنێت. ئیتر داعشیش هەر بۆ ئەوە لای ئەو و زۆربەی ئیسلامیەکان ناپەسەندە کە هەم نەخشەی "جیهادی سووریا"ی شێواند (کە بۆ ڕووخاندنی ڕژێمە شیعی-عەلەویەکەیە) و بە ئاقارێکی تریدا برد، و هەم بووە مایەی ماڵ‌وێرانیی شار و ئاوەدانیە سوننیەکان لە عێراق و سووریا. هەر بۆیە هەر لایەنێکی نا-ئیسلامی و نا-سوننییش ڕووبەڕووی داعش ببێتەوە؛ ئەم فیکرە خۆشیی لێی نایەت، چونکە لە هەمان کاتدا داعشیش لایەنێکی سوننی‌گەرای توندە. هەر بۆیە بینیمان ناوبراو ئەشهەدووی بۆ مەلا (عەبدولکەریم بەککاڕ) کرد کە هێزەکانی هەسەدەی بە "موجریم" ناودەبرد و پرۆپاگەنداکەی ئەوی دژیان بڵاو دەکردەوە (و باسی "سیلاحی نەوعی"ـیشی هەر لەوەوە وەرگرتبوو! و وشەی "هۆلۆکۆست"ـیشی لە ڤیدیۆکەی ئەبو عوبادەی شامیەوە هێنابوو!).
یەکەم جار نیە کە سەرنجی بەرزبوونەوەی ئاوازی سوننی‌گەرایی مەلا سەیید ئەحمەد لە وتارە ئایینیەکانیدا ئەدەین.
ساڵی ٢٠١٤، لە پەراوێزی بەدواداچوونێکی ڕەخنەییمدا لەسەر وتارێکی بە ناوی "سەرەتای ساڵی میلادی و یادی لەدایكبوونی سەروەرمان" [٢٦ / ١٢ / ٢٠١٤ لە یوتیوب]، کە لەم وتارەدا هێرش ئەکاتە سەر دابونەریتی جەژنی لەدایکبونی مەسیح و لەو پێناوەدا بە شێوەیەکی زۆر سەیر و نەزانانە بیروباوەڕی مەسیحی ناشیرین ئەکات و بە "سەخافەت" و "حەماقەت" ناوی دەبات:
http://sarwar-penjweni.blogspot.com/2015/01/blog-post.html
هەر ئەو کاتە نووسیبووم:
"مەلا (سەیید ئەحمەد)، لە وتارەکانیدا هەمیشە بەرگرییەکی سەیر ئەکات لە عەرەبی ئەهلی سوننە لە عێراقدا و باسی ستەمدیدەییان ئەکات لە فەللووجە و خاڵە گەرمەکانی تری کێشمەکێشی حکومەتی شیعیی پێشووی مالیکی لەگەڵ عەرەب-سوننیەکانی عێراق، بە شێوەیەک وا هەست ئەکەیت مەلایەکی عەرەب-سوننیە و گوزارش لە خۆیان ئەکات!!".
ئێستەش لەم وتارە نوێیەیدا "دژایەتی‌‌کردنی ئیسلام" (ئەو بەشەی کە پەیوەندیی بە باغوزەوە هەیە)، و هەتا لە ڕوون‌کردنەوە و پاکانەکردنەکانیدا لەسەر شاشەی ڕاگەیاندنە کوردیەکان؛ کێشەکەی هەر کێشمەکێشە سوننی-شیعیەکەیە. بڕوانن:
ـ لایەنی هاوپەیمانی بە "تەحالوف و ئەمریکای لەعنەتی" ناوئەبات، و لایەنەکەی تر کە دیارە مەبەستی هەسەدەیە (چونکە ئەڵێت ئەمانە دوایی بۆردومان دێن ئەو موسوڵمانانە سەرئەبڕن!)، بە "جاشەکانی بەشار و ویلایەتی فەقیهـ" ناوئەبات! [ئەمە تۆمەتبارکردنێکی ئامادەیە لای گرووپە ئیسلامیەکانی سووریا کە هێزە کوردیەکان بە ڕێکەوتن لەگەڵ ڕژێمی سووریا تۆمەتبارئەکەن].
ـ کە باسی "موسوڵمانان" ئەکات و ئەڵێت "ئێمە"، لێمان ئەکوژرێت و وڵاتمان وێران ئەکرێت؛ ئەبینیت نموونەکانی هەر شارە سوننی‌نشینەکانە: موسڵ و حەلەب و حەما!
ئیتر باسێک لە عەفرین و کۆبانێ نیە! بۆیە لێرەدا "زات"ـێکی کوردی نادوێت، بەڵکوو ناخێکی عەرەب-سوننیە کە سکاڵا ئەکات.
ـ خەم لە "ڕەئیس عەشیرەتەکان"ی ئەو ناوچە سوننی‌نشینانە ئەخوات کە تیائەچن!
ئیتر باسێک لە تێداچوون و ئاوارەبوونی کورد نیە.
ـ سکاڵایەکی ئەوەیە ئەڵێت: "ئێمە" دەربەدەر بووین و ناچاری بەر دەرگای نامەرد بووین (مەبەستی ئاوارەبوونی عەرەبی سوننەیە).
ـ خەمێکی گەورەی ئەوەیە مزگەوتی سوننی ئەکرێن بە حوسەینییە!
لێرەدا لە زاڵ‌بوونی دەسەڵاتێکی شیعی بەسەر ناوچەیەکی سوننیدا پەستە.
ـ خێرا-خێرا دێڕە شیعرێکی عەرەبی بەسەر باس‌وخواسەکانیدا ئەکات.
ڕێک وەکوو وتاربێژێکی تائیفەی عەرەبی-سوننی، ئاماژەکانی زۆر ڕوونن، و دوبارەکردنەوەی پرۆپاگەندای ئەو گرووپە سوننیە توندانە لە گوتاریدا زۆر ئاشکرایە. لێرەدا ئەو پێویستی بەوە نیە باسی داعش بکات، ئەو داعش لەناو بازنە سوننیەکەدا ئەبینێت. ئەگەر دوژمنی بەرامبەری داعش هێزێکی نا-سوننی بێت؛ ئیتر هەموو "وەلاء" و هاوسۆزییەکی بۆ لایەنە سوننیەکەیە. بەم شێوەیە وەکوو هەر مەلایەکی وتاربێژی فەللووجە، و تەنها زمانەکەی کوردیە، ئەویش پڕە لە ڕستەی ئینشائیی عەرەبی و دێڕە شیعری عەرەبی.
پێشتریش، هەر لە سەرەتای بەریەککەوتنی ئەو لایەنە جیهادیە سوننیانە و هێزە کوردیەکان لە سووریا، لە هەموو پەیج و ڕاگەیاندنە ناڕەسمیەکانی ئیسلامیەکانی کوردستانی خۆمان (هەتاکوو ئەوانەی یەکگرتوویش)، بەڕوونی هەستمان بە لایەنگرییان بۆ هێزە ئیسلامیە چەکدارەکانی سووریا ئەکرد. من قەت ئەوەم بیرناچێتەوە کاتێک (یەپەگە) و هێزێكی ئیسلامیی توندڕەوی سووریا (هەتاکوو لە داعش و نوصڕەش کە هەتا ماوەیەک یەک شتیش بوون) بەریەککەوتنی توندیان ئەبوو؛ لەو ڕاگەیاندنە ناڕەسمیانەی ئیسلامیەکان و هەتاکوو یەکگرتووەوە ئەمانبینی هێزە کوردیەکانیان بە "کافر و مولحید" ناوئەبرد، و هەوڵیان ئەدا ناشیرینیان بکەن لەبەر چاوی خەڵک، و لایەنگریان بۆ هێزە ئیسلامیەکان هەبوو. هەتا داعش کەتنە گەورەکانی کرد و وای لێ هات نەتوانن بەرگرییان لێ بکەن، ئینجا ئیتر ئاوازی لایەنگریەکانیان نزم کردەوە. بەڵام لە کۆتاییدا مەلا سەید ئەحمەد نەیتوانی دەنگ بەرز نەکاتەوە و بە ناونیشانی بەرگری‌کردن لە ژن و مناڵ(!) سۆزێک نەکات بۆ لایەنە سوننیەکە و نەفرەتێک نەنێرێت بۆ دژەکانی.
سۆزداریی ئایینی و مەزهەبی-سیاسی، عەقڵی مرۆڤ بەنج ئەکات، و بەئاسانییش بەری نادات.

وتاری زیاتر