كابینەی نۆ، لەنێوان حكومەتێكی یەكگرتو و دنەی دوو ئیدارەیی!

نەشوان ئەحمەد سەعید 07/01/2019


سەد  رۆژ تێپەڕی بەسەر هەڵبژادنی پارلەمانی كوردستاندا، سەرەرای بانگەشەی هەموو لایەك بۆ هەرچی زوتر پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت، بەڵام هێشتا ئاسۆی پێكهێنانی كابینەی نۆیەم دەرنەكەوتووە، هێشتا لایەنە سیاسییەكان هەرێم نەگەیشتونەتە رێككەوتن لەسەر شێوە‌و بەرنامەی ئەو كابینەیە‌و یەكلایی كردنەوەی  سەرۆكایەتی پارلەمان و رێككەوتن لەسەر چۆنیەتی دابەشكردنی پۆستە وزراییەكان. تەنها هێندە  نەبێت كە  حزبی براوەی هەڵبژاردن بەر لە دانیشتنی رەسمی پارلەمان كاندیدی خۆی بۆ سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران دیاری كردوە.
بەر لە پێكهێنانی ئەو كابینەیە، هێزە سیاسییەكان هێندە لێك دورن، بەجۆرێك لە دوو  گەڕی دانوستانەكان شتێكی ئەوتۆ بەدی نەكرا كە ئاماژە بێت بۆ ئەوەی ئەم كابینەیە زوو لە منداڵدانی هاوكێشەكان سەر دەردێنێ‌و دەست بە خزمەت دەكات، ئەوەشی بەدیكرا؛ وەفدی دانوستانكاری حزبی براوە، هێندەی وەفدێكی راوێژكاری بوو، هێندە  وەفدێكی بڕیار بەدەست نەبوو.
لەناو هێزەكانیش، یەكگرتوو بڕیاری ئۆپۆزسیۆن بوونی داوە‌و بگرە دەڵێت پێشوازی لە هیچ وەفدێكیش ناكەین كە بۆ پێكهێنانی حكومەت سەردانمان بكات، چونكە پێی وایە بەشداری كردنی لە كابینەی پێشوو بۆتە هۆی دابەزینی دەنگەكانی بۆ ئەم خولە ئۆپۆزسیۆن بێت باشەر تا دەنگەكانی بەرز بكاتەوە.
كۆمەڵی ئیسلامی تائێستا خۆی یەكلا نەكردۆتەوە كە ئایا بەشدار دەبێت یاخود نا، تا ئێستاش لایەنی براوەی هەڵبژاردن ئاماژەیەكی نەداوە كە خواستی بەشداری كردنی كۆمەڵی هەیە یان نا، چونكە ئەو حزبە بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن لە كۆتایی تەمەنی كابینەی پێشوو، كشانەوەی خۆی لە حكومەت راگەیاند.
پارتی لەگەڵ گۆڕان زۆر نزیكە، بەڵام لێدوانی دژ بەیەك هەیە، گاهێك دەڵێن زۆرتر نزیك بونەتەوەو جیاوازیان نەماوە بۆیە بەشداری كردنی گۆڕان حەتمی یە، گاهێكیش گۆڕان دەڵێت هێشتا بریاری یەكلایكەرەوەمان نەداوە.
پارتی‌و یەكێتی
پارتی‌و یەكێتی لە سەرەتای ئەزمونی حكومەتی هەرێمەوە پێكەوە پێكهێنەری حكومەت بون، ئیدی بە هاوسەنگ یان لاسەنگ بوبێت، بەڵام لە دۆخی ئێستادا ئەم دوو هێزە سەرەكی یەی باشور بە رادەیەكی زۆر لێك دورن‌و رەفتار‌و موزایەدە‌و گوفتاری هەڵەی هەندێك لە هەردوو حزب بۆتە هۆی ئەوەی كە متمانە لە نێوان ئەم دوو هێزەدا نەمێنێت.
یەكێتی لە كابینەی نۆ، داوای ففتی بە ففتی ناكات، بەڵكو بەپێی وتەی ئەندامانی وەفدی یەكێتی، دەیەوێت حكومەتێكی بەهێز لە باشور دابمەزرێت كە قەرەبووی چوار ساڵی پڕ لە قەیران و نەهامەتی بۆ هاووڵاتیان بكاتەوە. دەیەوێت ئەم حكومەتە تەواوكاری كارەكانی كابینەی پێشوو بێت لەو چاكسازییانەی كردی، هەر لەبەر  ئەمەش  داوای هاوبەشی راستەقینە  دەكات. چونكە ئەركی كابینەی  نوێ  لە ئەركی كابینەی پێش خۆی ئاسانتر نابێت، دەبێت حكومەتێك بێت سەرتاسەری. جگە لەوەی هەندێك كار‌و پرۆژە لە كابینەی پێشوو دەستی پێكراوەو تیمی یەكێتی لە حكومەت نەخشی سەرەكیان تیا هەبوە‌و یەكێتی دەیەوێ لە كابینەی نوێ بەرهەم ئەو پرۆژانە بچنێتەوە.
بۆیە، ئەگەر بڕیارە ئەم كابینەیە، كابیبەی كوردستانی بەهێزو خزمەت بێت، ئەوا دەبێت هەردوو هێزی سەرەكی هەرێم یەكێتی و پارتی، تێیدا شەریكی راستەقینە بن، چونكە ناكرێت هێزێك خۆی پێ براوە بێت و وەك حاكمی رەها بڕیار بدات و دەسەڵاتەكانی تا  دێگەڵە بڕ نەكات، دەبێت جارێكی تر ئەو  هەستە دروست بكەنەوە، جیاوازی نەبێت لەسەر هیچ ئاستێك.
هەروا،  دەبێت  لە ئێستاوە كاری  سەرەكی ئەم حكومەتە، كاڵ كردنەوەی سنورو هەڵگرتنی بازگەكان بێت و حكومەتی یاسا سەروەر بێت، نەك حكومەتی فەوزەویی و رێخۆشكەر بۆ بازرگانەكان، ئەوانەی دنەی دوو ئیدارەیی لێ  دەدەن و خۆیان لە هەموو  شت و یاساش  پێ گەورەترە.