ئەم خولەی هەڵبژاردن پارتی چۆن کابینە پێکدەهێنێت؟

کوردستان 16/03/2024


سامان سنجاوی
یەکەمین خولی هەڵبژاردن لە ١٩ ی ٥ ی ١٩٩٢ و پێنجەمین خولی هەڵبژاردنیش لە ٣٠ ی ٩ ی ٢٠١٨ ئەنجامدراوە، بڕیاریشە لە ١٠ ی ٦ ی ٢٠٢٤ هەڵبژاردنی خولی شەشەمینی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت.
خولی یەکەم بۆ پێکهێنانی کابینە بە فیفتی بە فیفتی ( ٥٠ بە ٥٠ ) نێوان یەکێتی و پارتی ناسێندرا، خولی دووەم لە ٢٠٠٥ بە لیستی نیشتیمانی نێوان یەکێتی و پارتی کە ١٠٤ کورسییان بەدەستهێنا پۆستەکان بە هاوسەنگی لەنێوانیان دابەشکرا، خولی سێهەم لە ٢٥ ی ٧ ی ٢٠٠٩ لیستی هاوبەشی پارتی و یەکێتی کە لیستی کوردستانی بوو ٥٩ کورسی و بزوتنەوەی گۆڕان ٢٥ کورسییان بەدەستهێنا، لە خولی سێیەمیشدا یەکێتی و پارتی کابینەیان پێکهێنا و پۆستەکانیان لەنێوان خۆیاندا دابەش کرد.
لە هەر سێ خولی پەرلەمان، پارتی و یەکێتی بەچەندین هۆکاری جیاوازی قۆناغەکانییان لە دۆخی سیاسی و کورسی پەرلەمانی و رێکەوتنی ستراتیژی، نەگیشتنە ئەو بارەی بەبێ یەکتری کابینەی حوکمڕانی رابگەیێنن، هەرچەند لە خولی سێهەم بزوتنەوەی گۆڕان ٢٥ کورسی پەرلەمانی بەدەستهێنابوو، بەڵام  لە خولی چوارەم و پێنجەم بارودۆخەکە گۆڕا، چونکە یەکێتی و پارتی بەجیا چونە کێبڕکێی هەڵبژاردنەوە و بزوتنەوەی گۆڕانیش لەوپەڕی بەهێزیدا بوو، سەرئەنجام  لە خولی چوارەم کە لە ٧ ی ٩ ی ٢٠١٣ بەڕێوەچوو پارتی ٣٨ و گۆڕان ٢٤ و یەکێتی ١٨ کورسییان بەدەستهێنا کە سەردەمی کۆتایی هاتنی رێکەوتنی ستراتیژی نێوان یەکێتی و پارتی بوو، لە هەڵبژاردنی خولی پێنجەمیش کە لە ٣٠ ی ٩ ی ٢٠١٨ بەڕێوەچوو پارتی ٤٥ و یەکێتی ٢١ و گۆڕان ١٢ کورسییان بەدەستهێنا، لە هەردوو ئەم دوو خولەدا بە هۆی کەمبوونی کورسییەکانی یەکێتی و گۆڕانی دۆخ و هەڵومەرجی سیاسی ناوچەیی و هەرێمایەتی و و جیهانی و رووداوەکانی ئەو سەردەمەی جیهانی عەرەبی و کاریگەری و هەژمونیان لەسەر ئایندە بینی دەسەڵات، و ئاڵنگاری بزوتنەوەی گۆڕان لە بەرامبەر یەکێتی و خولیای لە مێژینەی پارتی بۆ لاوازکردنی دەسەڵاتی یەکێتی .. هتد، پارتی بە هاوکاری بزوتنەوەی گۆڕان لە خولی چوارەم و پێنجەم بەبێ یەکێتی کابینەی حکومڕانییان راگەیاند، و پارتی بێمنەتانە پشکی یەکێتی لە حکومەت دیاری کرد، یەکێتی وەک پاشکۆ هەڵسوکەوتی لەگەڵ کراو دوای ماوەیەک یەکێتی پۆستە دانراوەکانی قبوڵکرد.
لەم خولەی پەرلەمانیش کەوا بڕیارە لەم ساڵدا لە مانگی شەش ئەنجامبدرێت، دۆخەکە بە بەروارد بە هەر پێنج خولەکانی پەرلەمان جیاوازە، چونکە:-
١١ کورسی پێکهاتەکان لابراوە.. .
هەڵبژاردن لە یەک بازنەیی بۆتە چوار بازنەیی ( ئەم چوار بازنەییە بابەتی زۆر لەسەر دەنگی حزبەکان و بەشداری دەنگدەر..هتد بە بەروارد بە دۆخی ئێستا بۆ یەک بازنەیی، هەڵدەگرێ) چونکە چوار بازنەیی کورسی پارتی کەمتر دەکات و یەکێتیش بە نزیکەیی وەک خۆی دەهێڵێتەوە و حزبەکانیتریش لە گەمەیەکی نادیار تەراتێن دەکەن.
ئۆپۆزسیۆنێکی یەکگرتووی بەهێز نیە، بەڵکو لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان خراپتر لە یەکێتی و پارتی ململانێی توندتر لەتەک یەکتر دەکەن.
وڵاتانی هەرێمی دەستییان بۆ نێو ململانێکان پتر لە خولەکانی پێشوو درێژتر دەکەن، ئەمەش کاریگەری لەسەر کورسی پەرلەمانی بۆ حزبە کوردستانییەکان دادەنێت.
بەهۆی دۆخی ١٠ ساڵی رابردوو، دەنگی بەشدارنەکردن لە هەڵبژاردن و دەنگی خۆڵەمێشی زۆر زیاترن لە دەنگی حزبەکان؛ ئەمەش بەری چاوی حزبەکانی هێشتا رووننەکردۆتەوە.
لەم خولەی پەرلەمان کە کورسیەکەکان کراوە بە ١٠٠، بۆ پێکهێنانی کابینە پێویستی بە ٥١ یەک کورسییە، لێرەدا ئەو پرسیارە دێتە پێشەوە ئایا پارتی  وەک خولی چوارەم و پێنجەم دەتوانێ هەمان یاری بۆ پێکهێنانی کابینە بەرامبەر یەکێتی ئەنجامبدات؟ ئەوەی پێشبینیم کردووە پارتی کەمتر لە ٣٦ کورسی پەرلەمانی ناهێنێت، بۆ پێکهێنانی کابینە بەبێ یەکێتی پێویستی بە نزیکی ١٥ کورسیتر دەبێت، بۆ ئەوەی هەمان سیناریۆی رابردوو یان بێ یەکێتی حکومەت رابگەیێنێت، ئایا پارتی لەگەڵ چەند لایەن دەتوانێ بەبێ یەکێتی رێکبکەوێت؟ پارتی و یەکێتی پشتیوانی کام لەولایەنە ئۆپۆزسیۆنانە دەکەن؟ کامەن ئەو لایەنانە دەتوانن ئەو رۆڵەی پێشووی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ پارتی بگێڕێن؟ ئەی لەبەرژەوەندی یەکێتی یە نەوەی نوێ کورسی زیاتر بێت یان یەکگرتووی ئیسلامی؟ لە نمونەی ئەم دوو لایەنە کە وەک نمونەیەک هێناومە، کام لا ئاسانترە پارتی لەگەڵی رێکبکەوێت؟ یان بە مانایەکیتر کام حزبی ئۆپۆزسیۆن لەبەرژەوەندی پارتییە کورسی زۆرتر بێت و کام ئۆپۆزسیۆنیش بۆ یەکێتی باشترە کورسی زیاتر بێت؟ لێرەدا رۆڵی ئەمریکا، تورکیا، ئێران.. چی و چۆن دەبێت؟ چونکە فەرە بازنەیی، ئەگەر و پێشبینی و لێکدانەوەو هەڵسەنگاندنی زۆری گەرەکە،و رووداوی لەناکاویش دۆخەکە دەگۆڕێت، کام حزب یارییەکە باش بەڕێوە ببات، بەبێ ئەو حزبە کابینەی نوێ پێکنایەت؟!