مەریوان هەڵەبجەیی: هەواڵگری نەرویج تەڵەی هەنگوینی مەلا کرێکار و ماکوان ئاشکرا دەکات

کوردستان 24/02/2021

مەریوان هەڵەبجەیی، لە نوسینێکدا دەڵێت، کە راگەیاندنەکانی نەرویژ ئاشکرایان کردوە کە مەلا کرێکار و ماکوان کەریم بەرنامەی ئەوەیان هەبوە بە نهێنی سەرپەرشتی قەحبەخانەیەک بکەن لە کوردستان و وەک تەڵەیەک بۆ کەساتیەکان بەکاری بهێنن.

دەقی نوسینەکەی مەریوان هەڵەبجەیی وەک خۆی:

 

تەلەفزیۆن و ڕۆژنامەکانی نەرویج: ماکوان کەریم سەرپەرشتی کردنەوەی قەحبەخانەیەکی کردووە.
سەرچاوەکە: تەلەفزیۆنی کەناڵی دووی نەرویجی

https://www.tv2.no/a/11570245/...

عەلی باپیریش ناڕەحەت بووە کە لەسەر ئەم تاوانەو تاوانەکانی تری دەستگیرکراوەو پشتگیری خۆی بۆ دووپات کردۆتەوە.
لە مانگی نۆ، سێپتەمبەری 2012 کاتێک کە مەلا کرێکار لە زیندانی کۆنگسڤینگەردا بووە، گفتوگۆیەک لەنێوان مەلا کرێکارو ماکوان کەریم ڕوویداوە، لەو گفتوگۆیەدا پیلانی کردنەوەی قەحبەخانەیەک دراوە، کە رۆژنامەکە ناوی ناوە تەڵەی هەنگوینی، پلانەکە وا بووە بەناوی ڕێکخراوی خێرخوازیەوە خانووەیەک لە کوردستان بەکرێ بگرن، کۆمەڵێک ژنی سێکسفرۆشی (لەشفرۆش)ی بە ئەزموونی تێدا دابنێن، بۆ ئەوەی هەندێک کەسایەتی بخەنە ناو داوەکەوەو دواتر بیانکوژن یان ئابڕویان.! موخابەراتی نەرویجیش تەواوی گفتوگۆکەی تۆمار کردووە.
پێش ئەوەی دەقەکە وەریگێڕمە سەر زمانی کوردی، بە باشی دەزانم کەمێک لەسەر وشەی تەڵەی هەنگوینی بوەستین، هەندێک ڕوونکردنەوەی کەمیش لەسەر تیرۆرستەکان بنوسین، تا قێزەونی ئەم گروپە تیرۆرستە نێودەوڵەتیە ڕوونتر ببینین کە بە باسکردنی مەکاریمی ئەخلاق و ئەخلاقی حەمیمە گەنجەکانیان چەواشە کردووە.
چەمکی تەڵەی هەنگوینی دەگەڕێتەوە بۆ بیری ڕاوچیەکانی دارستان و لە پرۆسەی ڕاوی ئاژەڵدا بەکاریان هێناوە، جاران تەڵەیەکی بەهێزو توندو گەورەیان بۆ ڕاوکردنی ئاژەڵان دادەنا، ئەو تەڵانە هێزی گرتنەکەی هێجگار زۆر بوو، هەر شتێکی بگرتایە بەجۆرێک دەیجەڕانت کە ڕزگاربوون لێی وەک مەحاڵ وابوو.! نە ئاژەڵ و نە مرۆڤیش نەیانوێراوە یاری لەگەڵ بکەن، وەک ئەڵغام بووە، یان دەیکوشت یان بەشێک لە لاشەی دەپەڕاند، جا بۆ ئەوەی ئاژەڵەکان تەڵەکە نەبینن فێڵی داوی هەنگوینیان بەکار هێناوە، ڕاوچیەکان بەو خواردنە خۆشانەی کە ئاژەڵەکان حەزیان پێی بووە، تەڵەکەیان داپۆشیوە، بەم شێوەیە هەرکاتێک ئاژەڵەکان دەمیان گەیشتبێتە خواردنە خۆشەکانیان (هەنگوینەکە) یەک و دوو تەڵەکەی بەسەردا تەقیوەتەوەو گوشیوێتی.
لەئەزموونی ڕاوکردنی ئاژەڵاندا، بەهۆی ئەم جۆرە تەڵەیەوە، بەئاسانی ڕاوی دڕندەترین نێچیر کراوە. دواتر سوود لەم بیرۆکەیە وەرگیراوەو پرۆسەکە لە ئاژەڵەوە گواستراوەتەوە بۆ ڕاوکردنی مرۆڤیش.
ئەم بیرو ڕەفتارە لەهەموو ناوچەکان و کۆمەڵگاکان و قۆناغەکانی مێژوودا هەبوەو هەیە، لە فەرهەمگی ئەوروپادا پێی دەگوترێت تەڵەی هەنگوینی.
لە جەنگی جیهانی یەکەمەوە بەکارهێنانی ئەم زاراوەیە پەرەی سەندووە چونکە بۆ ئەو کەس و گروپانە بەکاردێت کە ویستویانە نەیارەکانیان بکوژن یان کەسایەتیان لەکەدار بکەن یان زانیاری و شتی تایبەتیان لێ دەستبکەوێت، بەڵام بەهەر هۆیەک بێت بۆیان نەلواوە، ناچار بیرۆکەی تەڵەی هەنگوینیان بەکارهێناوەو لە جەنگەکان و وازیە سیاسیەکان و تیرۆرە فکریەکاندا ڕووداوی سەیرو سەمەرەیان تۆمار کردوە.
گروپەکان زۆر زیرەکانە ئەم پرۆسەیەیان بەڕێوە بردووە، بەناوی جۆراو جۆرەوە، وەک هۆڵی گەمەبازی، یانەی شەوانە، خزمەتکردنی کەسانی لێقەوماو، ماڵی غەریبان، یارمەتی هەژاران، وانەی ئاینی، خولی جۆراوجۆرو..تاد، شوێنێکی تایبەتیان ئامادە کردوەو دواتر بەهەر پیلانێک بێت، کەسەکانیان پەلکێشی ئەو شوێنە کردووە، بۆ ئەم مەبەستەش ژنانی سێکسفرۆش و پارەیان بەکارهێناوە. هەر ئەوەندە کەسەکە چووەتە ژوورەوە ئیتر گرتویانەو دواتر کوشتویانە یان بەجۆرێک ئابروویان بردووە کە زۆر لەسەر کەسایەتیەکەی بکەوێت. هەندێکیشیان بۆ دەرخستنی زانیاری نهێنی و دەستکەوتی ماددی و بابەتی تایبەت و کۆنترۆڵکردنی کەسەکە یان شتی دیکە بەکاریانه هێناون، کەزۆر جار لە کوشتنەکە سوودی زیاتر بووە.
زۆرکەسایەتی کەوتونەتە ناو ئەم داوەوە، بەتایبەتی لەو پیلانانەی کە تێیدا ژنانی سێکسفرۆش یان پارە یاخود پیاوی دەستدرێژیکاری تێدا بووە. لەکۆمەڵگا ئیسلامیەکاندا لەم جۆرە ئەزموونانە زۆرن و کۆمەڵگەیەک نابینین کە تێیدا کۆمەڵێک مەلاو پیاوە سیاسیەکان نەبووبن بە داوەکەوە. زۆربەمان هەندێک لەو گرتە ڤیدیۆییانەمان بینیوە کە مەلاکان لەگەڵ هەندێک ئافرەت سێکس دەکەن و لە پرۆسەی داوی هەنگوینیدا تۆمارکراون..! ژوری تەسک و تاریکی مزگەوتەکان پڕ پڕن لەم جۆرە ڕووداوانە.
ئێمەی کورد، بەهۆی پیاوانی ئاینەوە ئەزموونی لەم جۆرەمان زۆر بینیوە، لەهەموویان گەورەترو ناودارتر لە ساڵی نەوەدەکاندا بوو، گروپێکی هاوشێوە بەسەرپەرشتی شێخ زانا لە هەولێر دروست بووبوون، تێیدا چەندین کەسیان لە خانوەکەدا بەدەردی سەربڕین و پەلپەلکردن و تۆماری سێکسی و کوشتنی ئاسایی و شتی دیکە بردبوو، دواجار لەلایەن ئاسایش (یان دەزگای پاراستن)ی هەولێرەوە دەستگیرکران و سزای یاسایی دران.
ڕاگەیاندەکانی وڵاتی نەرویج، پاڵپشت بەو بەڵگەنامانەی کە لەکاتی لێکۆڵینەوەی گروپە تیرۆرستیەکەی مەلا کرێکاردا دەستیان کەوتووە، ئەوەیان بڵاوکردوەتەوە کە مەلا کرێکارو گروپەکەی پیلانیان وابووە لە کوردستان، بەناوی ڕیکخراوێکی خێرخوازیەوە، خانەیەک دابمەزرێنن، لەڕێی چەند ژنێکی (لەشفرۆش)ـەوە تەڵەی هەنگوینی بۆ کەسایەتیەکانی کوردستان بنێنەوە، تا بتوانن لەلایەکەوە چەند دانەیەک بکوژن یاخود وێنەو ڤیدیۆیان بگرن و بەجۆرێک کەسایەتیان لەکەدار بکەن کە مردنی خۆیان پێ باشتر بێت.
لێرەدا ناوی تەنها دوو کەس دەهێنم کە لە لیستەکەیاندا گرنگیان پێدابوو، ئەویش ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، عەطا سەراوی بوو. لە لیستەکەدا پلەی یەکەمی هەبوو. ئەویش بەهۆی کارەساتی کۆمەڵکوژیەکەی خێڵی حەمەو تەپەکوڕەوە.
چیرۆکەکەش بەم مشێوەیە بووە: لەو زیندانەی کە مەلا کرێکاری تێدا بووە (2012 - 2015) چەند موجاهیدێکی نزیک لە خۆی سەردانیان کردووەو قسەباسی نهێنیان کردووە، باسەکانیان پڕ بووە لە پیلانی کوشتن و چەک کڕین و شتی تریش کە لە ئایندەدا بڵاویان دەکەمەوە.! کاتێک کە گفتوگۆیان کردووە، بەو هیوایەی کەس گوێی لە گفتوگۆکانیان نەبێت، زۆر بەنهێنی و بە دەنگێکی نزمەوە لەنێو خۆیاندا قسەیان کردوەو پیلانیان داڕشتووە، بەڵام لەلایەن موخابەراتەوە تەواوی قسەوباسەکانیان بەکوالێتێکی زۆر باش تۆمار کراوە.
یەک لەو بابەتانە تەڵەی هەنگوینیە، گفتوگۆکە لەنێوان مەلا کرێکارو ماکوان کەریمدا بووە، پیلانیان هەبووە کە لە کوردستان، بە ناوی ڕێکخراوێکی خێرخوازیەوە تەڵەیەکی هەنگوینی بۆ کەسایەتیەکانی کوردستان بنێنەوە. چەند ژنێکی لەشفرۆشی بەئەزموون بەلەنجەولارو جەستەی سێکسهەژێنیانەوە کەسایەتیەکان لەخشتە ببەن و پەلکێشی ئارەزووەکانیان واتە پەلکێشی ناو خانوەکانیان بکەن و لەوێ بیانکوژن یاخود بیانخەنە ناو داوی ئابڕوبەرانەی سێکسیەوە.
ساڵی 2015 ماکوان کەریم، بەفەرمان و ئاگاداری مەلا کرێکار، سەردانی کوردستانی کردووە تا ئامادەسازی بۆ خانوەکەو وەرگرتنی مۆڵەتی ڕێکخراوەکە بکات، هیچ شتێک لەم بارەیەوە بڵاونەکراوەتەوە کە ئایا تا چەند پیلانەکەی جێبەجێ کردووە.
شایانی باسە ئەندامانی گروپەکە بریتین لە 17 کەس و هەموویان دەستگیر کراون و حوکم دراون، (هەرکەس ویستی زانیاری و بەڵگەکانی دەدەمێ بەو مەرجەی بیکاتە فیلمێکی دۆکۆمێنتاری)و ئێستا لە زینداندان. بۆ نموونە مەلا کرێکار بە 12 ساڵ زیندانی و ماکوان کەریمیش بە 9 ساڵ زیندانی سزای یاساییان بەسەردا سەپێنراوە، ئەوانی تریش بەهەمان شێوە.
بڕیاریش دراوە جنسیەو مافی مانەوە لە ماکوان بسەندرێتەوەو دوای تەواوکردنی زیندانیەکەی ڕادەستی کوردستانی بکەنەوە چونکە لە کوردستانیش مەلەفی تیرۆرو سکاڵای ئەخلاقی لەسەر تۆمار کراوەو فەرمانی دەستگیرکردنی دەرچووە.
ئەوە ماوەتەوە کە بڵێم کۆمەڵێک کەسایەتی ئایینی لە کوردستان فرمێسکی تیمساحاویان بۆ گرتنی ماکوان کەریم یاخود بۆ تەڵە هەنگوینیەکەی ئەو ڕشت، کەسایەتیەکان زۆر بێ شەرمانە بە تەلەفۆن و بڵاوکراوە ناڕەحەتی خۆیان بۆ ئەم تیرۆرستانە دەربڕیوە، بەڵگەکانم هەڵگرتوون و لە ئایندەدا بڵاویان دەکەمەوە. ئەم کارەیان لەبیر ناکەین و پەشیمانی دادیان نادات