گۆڕان ئێستا هەر پەلێكی بەدەست حزبێكەوەیە

کوردستان 24/01/2021

گۆڕانی چارەنوس و چارەنوسی گۆڕان
- گۆڕان ئێستا هەر پەلێكی بەدەست حزبێكەوەیە

 

نوسینی: سەرتیپ جەوهەر
لێدوان و هەڵسوكەوت و كاردانەوەی بەشێك لەهەڵسوڕاو و دەنگدەرانی گۆڕان، ئاماژەیە كۆتاییهاتنی تەواوتی كاریگەری ئەو بزوتنەوەیە لەگۆڕەپانی سیاسی. مخابن وەك پێشەنگی ئۆپۆزسیۆن و سەرمەشقی بزوتنەوەیەكی جیاواز خۆی پێشاندا، بەڵام دەركەوت بزوتنەوەیەكی بێ‌ فكرو خودان ئەجێندای سیاسی یان لانیكەم بەرنامەیەكی نا روونە بۆ كاركردن. دوایین بەشداری پێكردنیشیان لەم حكومەتەی ئێستا، زیاتر بەكارهێنران بۆ ئەجێندایەكی دیاریكراو، بۆیە دەبینین پشكی گۆڕان لەحكومەت.
ئێستا ئەم بزوتنەوەیە هەر پەلێكی لەژێر ركێفی حزبێك یان روو لەلایەكی دیكەیەو هیچیان ئەو وێنەیە پێشان نادەن كە كاك نەوشیروان لەوتارە كاریگەرەكانی دەیخستە روو. رێكخەری گشتیی و بەشێك ئەندامانی خانەی راپەڕاندنی گۆڕان لەدۆڵێكن و دەنگدەرانى گۆڕان لەدۆڵێكی دیكەن! ئەوانەیشی ناڕازین لەسیاسەتی بزوتنەوەكە، یەك یەك لەخانەی راپەڕاندن دێنەدەرێ و دەستبەرداری ئەو حزبە دەبن.
ئێستا ئەندامانی گۆڕان لە پەرلەمانی عیراق، لەبیركردنەوەی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان نزيكن. لێدوان و بەیاننامەو هەڵوێستیان، بەتەواوی جیابۆتەوە لەبزوتنەوەی گۆڕان و پێیانوایە بزوتنەوەكە بۆتە گروپێكی دەستەمۆ (كەمۆ)ی حزبێكی دیكە! بۆیە لەسەر لێدوانێكی پەرلەمانتارانی گۆڕان لەبەغدا، داوای رونكردنەوەیان لێدەكرێت و ئەوانیش (لاحول ولا قوە).
ئەندامانی گۆڕان لەحكومەتی هەرێم واتە وەزیرو كاربەدەستانیان، بوونەتە كوچك لەئاگر گەرمترن لەداپۆشینی كەموكوڕیی و ئەو رەخنانەی رووبەرووی حكومەت دەبنەوە. پەیوەندیان بە بزوتنەوەی گۆڕان و تەنانەت سلێمانیشەوە نەماوە، بەتەواوی بوونەتە بەشێك لەئەجێندای پارتی! وەك ئەوەی دوا دەرفەتی بەشداریكردن بێت لەحكومەت و دوای ئەم كابینەیە ئیدی گۆڕان چاوی بەحكومەت نەكەوێتەوە!
ئەندامانی بزوتنەوەكەش لە پەرلەمانی كوردستان، سەریان لێ شێواوە! بەشێكیان هەر وادەزانن سەردەمی كاك نەوشیروانە، وەك ئەسحابی كەهف هێشتا نازانن ئەو گۆڕانە گۆڕانی جاران نییە! هێشتا خەریكی ئاشكراكردنی گەندەڵیی و كەموكوڕییەكانی ئەم حكومەتەن. بەشێكیشیان نازانن نە لەدەسەڵاتن نە ئۆپۆزسیۆن.
بەكورتی؛ بزوتنەوەی گۆڕان حزبی قۆناغێكی دیاریكراو بوو. بزوتنەوەیەك بوو بەرئەنجامی كاردانەوەیەكی ناوخۆیی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان سەریهەڵدابوو. ئێستا قۆناغەكە گۆڕاوە، پێدەچێت زەرورەتی بوونی ئەو جۆرە حزبە تا ماوەیەكی درێژ نەیەتە پێشەوە. گۆڕان هەم بزوتنەوەی ئۆپۆزسیۆن بوونی لەكوردستان كوشت، هەمیش لەحكومەت ئەزمونێكی خراپیان پێشكەش كردو بوونە پارسەنگ بۆ دروستكردنی زەمینەی تاك حزبیی یان تاك رەنگی لەم حكومڕانیە.
بەپێی هەموو ئەو پێشبینیانەی دەكرێن، بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عیراق، هەڵدەوەرن بۆ هەڵبژاردنی كوردستانیش دەبێ‌ دەست بە پەنجەكانیانەوە بگرن، چونكە ئەو دەنگانەی دەیهێنن، كەمتر دەبێت لەپەنجەی دەستان.