له‌نێوان نامه‌ واڵاکه‌ و ده‌قێکی واڵای شێرکۆ بێکه‌سدا

ڕەخنەی چاودێر 21/01/2021

نووسینی: د. کۆیار شێرکۆ

له‌ چه‌ند رۆژی رابردوودا نامه‌یه‌کی گرنگی مێژوویی شاعیری گه‌وره‌ شێرکۆ بێکه‌س بڵاوکرایه‌وه‌ که‌ له‌ ساڵی 2006دا بۆ ئه‌ندامانی مه‌کته‌بی سیاسیی یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستانی نووسیوه‌. نامه‌که‌ وه‌کو کاک سیروان ره‌حیم ده‌ڵێت، له‌دوای رووداوی سووتانی مۆنیومێنتی هه‌ڵه‌بجه‌وه‌ نووسراوه‌ و شێرکۆ بێکه‌س کۆپییه‌کی نامه‌که‌ی بۆ مێژوو داوه‌ته‌ کاک سیروان ره‌حیم تاوەکو له‌کاتی پێویستدا و له‌ داهاتوودا بڵاویبکاته‌وه‌.
 
هه‌ڵبه‌ت نامه‌که‌ له‌ڕووی مێژووییه‌وه‌، هه‌ڵگری په‌یامێکی گرنگ و شیکردنه‌وه‌یه‌کی وردی قۆناخێکی دیاریکراوه‌ له‌ مێژووی حکومڕانیی حکومه‌تی کوردیدا. شێرکۆ بێکه‌س، که‌ خۆی به‌ یه‌کێک له‌ به‌شداربووانی سه‌رپێخستنی ئه‌م ئه‌زموونه‌ ده‌زانێت، له‌م نامه‌یه‌دا، کۆدی سه‌ر هه‌موو پیته‌کان لاده‌بات و به‌ زمانێکی روون له‌ نامه‌یه‌کی واڵادا، سه‌رجه‌م ره‌خنه‌کانی ده‌نووسێته‌وه‌ و باس له‌وه‌ ده‌کات که‌ دۆخی سیاسی، کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووریی کوردستان و ژیانی نه‌وه‌ی نوێ به‌ته‌واوی شێواوه‌ و گه‌ر حوکمڕانی به‌م شێوازه‌ به‌رده‌وامبێت، ئومێدێک بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ و چاککردنه‌وه‌ی ئه‌م هه‌موو شێواویی‌ نامێنێته‌وه‌ و ئه‌گه‌ری رۆژی ناخۆشتر و کاره‌ساتی جه‌رگبڕتر له‌پێشمانه‌، بێگومان هه‌ر واش ده‌رچوو.
 
جگه‌ له‌ سیاقه‌ مێژووییه‌ گرنگه‌که‌ی ئه‌م نامه‌یه‌، خاڵێکی زۆر گرنگ له‌م نامه‌یه‌دا هه‌یه‌، که‌ پێموایه‌ چ وه‌کو هه‌ڵوێست، چ وه‌کو کولتوور، له‌ زیهنییه‌ت و تێگەیشتنی تاکی کوردی و بزووتنه‌وه‌ی کوردیدا بوونی نییه‌. ئه‌ویش کولتووری خودڕه‌خنه‌کردنه‌. شێرکۆ بێکه‌س له‌م نامه‌یه‌دا، له‌پاڵ ئه‌وه‌ی ره‌خنه‌ له‌ ده‌سه‌ڵات و شێوازی به‌ڕێوه‌بردنی هه‌رێم ده‌گرێت، خۆی ناخاته‌ ده‌ره‌وه‌ی هاوکێشه‌که‌ و په‌نجه‌ی تۆمه‌ت بخاته‌ سه‌ر هه‌موو که‌سێک له‌ ده‌ره‌وه‌ی خۆی. به‌ڵکو خۆشی به‌ به‌شێک له‌ مێژووی قۆناخێکی دیاریکراوی ئه‌م جووڵه‌یه‌ و ئه‌م حکومه‌ته‌ ده‌زانێت، که‌ رۆژگارێک به‌ هیوایه‌کی گه‌وره‌وه‌ له‌پێناو ئاینده‌یه‌کی گه‌شتر و ئه‌زموونێکی کامڵتردا، کاری بۆ ده‌کرد و شیعره‌کانی خستبووه‌ خزمه‌تی ئه‌م جووڵه‌یه‌ و ئه‌و ئه‌زموونه‌وه‌ که‌ خه‌ونیان پێوه‌ ده‌بینی.
 
ئه‌وانه‌ی ئاگاداری شیعر و ئه‌ده‌بیاتی شێرکۆ بێکه‌سن و قۆناخه‌کانی گه‌شه‌کردنی شیعری ئه‌ویان خوێندووه‌ته‌وه‌، ئه‌م نامه‌یه‌ په‌یامێکی نوێی تێدا نییه‌ که‌ ئاگاداری نه‌بن. ئه‌م نامه‌ واڵایه‌ که‌ ساڵی 2006 نووسراوه‌، له‌ 2010 ده‌بێته‌ ده‌قێکی واڵای گه‌وره‌تر، له‌وێدا، دادگاییه‌کی گه‌وره‌تر بۆ خودی خۆی و ئه‌زموونێکی شکستخواردوو و نیشتمانێکی بێوه‌فا داده‌نێت. من به‌ درێژایی خوێندنه‌وه‌ی ئێستا کچێک نیشتمانمه‌، که‌ چه‌ند جارێکم خوێندووه‌ته‌وه‌، وام بینیوه‌ که‌ دوو شێرکۆ بێکه‌س ده‌خوێنمه‌وه‌. شێرکۆ بێکه‌سێک له‌ ئێستادا، که‌ ئاوڕ له‌ رابردووی خۆی، وه‌کو تاک و وه‌کو به‌شێک له‌ بزووتنه‌وه‌یه‌ک بۆ رزگاریخوازی نیشتمان ده‌داته‌وه‌ و ئه‌و رابردووه‌ دادگایی ده‌کات و لێپرسینه‌وه‌ له‌ پیت به‌ پیتی ده‌کات. شێرکۆ بێکه‌سێکیش، ماندوو ماندوو، به‌و رابردووه‌دا دێت و به‌ جه‌سته‌یه‌کی شه‌که‌ت و قه‌ڵه‌مێکی خه‌مخۆره‌وه‌، دێته‌ به‌ر ئه‌م دادگاییه‌ و هه‌وڵی ئه‌وه‌ ده‌دات بێتاوانیی خۆی بسه‌لمێنێت. ئێستا کچێک نیشتمانمه‌، جگه‌ له‌وه‌ی له‌ زمانی گه‌نج و ئاژه‌ڵ و شه‌قام و شۆسته‌کانی نیشتمانه‌وه‌، باس له‌ قۆناخێک ده‌کات که‌ نائومێدی و هه‌ژاری و نه‌بوونی ئازادی و یه‌کسانیی نێوان ره‌گه‌زه‌کان، ته‌واوی نیشتمانیان ره‌ش کردووه‌، لێپرسینه‌وه‌یه‌کی گرنگیشه‌ له‌ خودی شاعیر خۆی، به‌ده‌ستی خۆی، که‌ ئایا ئه‌مه‌ بوو ئێمه‌ خه‌باتمان بۆ کرد؟ ئه‌مه‌ بوو ئێمه‌ چه‌ند ساڵ شه‌وان به‌ ئارامی نه‌خه‌وتین و هاوڕێکانمان به‌ده‌ستی خۆمان بۆ ناشت؟ ئه‌م خوێندنه‌وه‌ گرنگه‌ی شێرکۆ بێکه‌س بۆ دۆخی هه‌رێم له‌ 2010دا که ساڵێک دواتر خۆپێشاندانه‌کانی 17ی شووبات روویاندا، دانپێدانانێکی گرنگه‌ له‌ مێژووی ئه‌ده‌بیاتی کوردیدا. ره‌خنه‌کردنێکی که‌موێنه‌ی مێژوویی سیاسی، ئه‌ده‌بی و ئه‌خلاقیی خۆیه‌تی، دواتریش ئه‌زموونه‌که‌ و هاوڕێ سیاسییه‌کانی و ئه‌وانه‌ی شێرکۆ بێکه‌س و هاوڕێکانیان نائومێد کرد.
 
وه‌کو خۆی له‌ دێڕی یه‌که‌می نامه‌که‌یدا ده‌ڵێت، "دوابه‌دوای رووداوه‌ خوێناوییه‌که‌ی 16-03-2006 هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ ژمارە (654)ی رۆژنامه‌ی ئاڵای ئازادیدا گوتارێکم به‌ ناونیشانی (هه‌ڵه‌بجه‌ له‌نێوان ئه‌و ده‌سته‌ی خنکاندی و ئه‌و ده‌سته‌ی سووتاندی) بڵاوکردبووه‌وە. ره‌وتی شیعری شێرکۆ بێکه‌سیش، به‌ درێژایی قۆناخه‌کان، چ له‌ڕووی فۆرم، چ له‌ڕووی ناوه‌ڕۆک و بۆچوون و تێڕوانینی خودی شاعیره‌وه‌، له‌ خۆنوێکردنه‌وه‌ و ره‌خنه‌کردنی رابردوو و ژیاندۆستیدا بووه‌ بۆ داهاتوو. هه‌ربۆیه‌ ناونیشانی ئه‌و گوتاره‌ ره‌نگدانه‌وه‌ی مێژووی شیعری شێرکۆ بێکه‌س خۆیه‌تی، له‌نێوان گۆڕستانی چراکان و ئێستا کچێک نیشتمانمه‌-دا.