پسپۆرێكی خۆراك زیانەكانی ئاردی سپی بۆسەر تەندروستی مرۆڤ ئاشكرا دەكات

تەندروستی 05/01/2021

چاودێر:
پسپۆڕێكی خۆراك مەترسییەكانی ئاردی سپی ئاشكرا دەكات و دەڵێت" هۆكارێكە بۆ زیادكردنی كێشی لەشی مرۆڤ و داواش لەهاوڵاتیان دەكات گرنگی بە خواردنی ئاردی بۆر بدەن"
لەشكر حەمید، ئەندازیاری خۆراك و سەرۆكی لیژنەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی‌ ئاماژەبەوەدەكات، ئاردی سپی هۆكارێكە بۆ زیادبونی ئارەزوكردنی خواردنی خواردەمەنییەكان و زیاد كردنی كێشی لەشی مرۆڤ و ئەو كاربۆهیدراتەی لە ئاردی سپیدایە ئاستی شەكر لەخوێندا بەرز دەكاتەوە كە هۆكارە بۆ دروست بونی نەخۆشییە درێژ خایەنەكان.
وتیشی، ئاردی سپی زیان بەتەندروستی لەشی مرۆڤ دەگەیەنێت، بەپێچەوانەی ئاردی سپی، ئاردی بۆر سودی زۆری بۆ تەندروستی مرۆڤ هەیە. 
باس لەوەشدەكات، بەهۆی گرنگی بەها خۆراكییەكەی و هەبونی رێژەیەكی زۆر لە ڤیتامینەكان و كانزاكان بەتایبەتی گروپی ڤیتامینەكانی (B) و ڤیتامین (نایسین) و هەبونی كانزاكان، ‌كاریگەی بۆسەر لەشی مرۆڤ بەگشتی و خانەكانی مێشك بەتایبەت هەیە، ئاردی بۆر وزەی (تاقە)ی كەمە بەراورد بەئاردی سپی ورێژەیەكی زۆر پرۆتینی تێدایە كە بۆ بنەمای پێكهاتەی جەستەی مرۆڤ پێیوستن‌.
ئەو پسپۆرە رونیشكردەوە ، ئاردی بۆر یارمەتی مێشك دەدات كرداری چالاكییەكانی رێك بخاتەوە وە هەروەها رێگری دەكات لەبەرزبونەوەی كۆلیسترۆڵ و بەرزبونەوەی شەكر لەخوێندا و كردنە دەرەوەی كۆلیسترۆڵە زیان بەخشەكان و چەورییە زیان بەخشەكان لەناو لەشی مرۆڤدا.
لەشكر حەمید، دەشڵێت" بەهۆی هەبونی فسفۆڕ لەئاردی بۆردا ئێسكی مرۆڤ پتەو دەكات و شانەكان و خانەكانی  لەش دەپارێزێت كە گرنگن بۆ دواخستنی دەركەوتنی نیشانەكانی پیری"
وتیشی،داوا لە هاوڵاتیان دەكەم گرنگی بەئاردی بۆر بدەن، چونكە سودی بۆ لەش و تەندروستی مرۆڤ هەیە و هیچ زیانێكی نییە.