لە بەغداوە هێرش بۆ سەر هەرێمی كوردستان و شاندی كوردی دەستیپێكرد

ڕاپۆرت 15/12/2020


 چاودێر:
سەرتیپ جەوهەر رۆژنامەنووسی دیاری یەكێتی نوسی: ئەگەرەكانی رێككەوتنی هەرێم و بەغدا رۆژ دوای رۆژ كەمتر دەبێتەوە. پێدەچێت بەغدا بەهیچ شێوەیەك نەیەوێت پارە بۆ هەرێمی كوردستان بنێرێت، بۆیە مەرجی (بێچارەسەر) دادەنێت و سەرەنجام دۆخی هەرێم ئاڵۆزتر دەبیت.

سەرتیپ جەوهەر گوتیشی: دەبینین گرنگیدان بە وەفدەكە كەمیكردووەو هێرشێكی میدیاییش لەدژی هەرێم و وەفدەكە لەبەغدا دەستی پێكردووە.

بڕیارە سبەی مستەفا كازمیی سەرۆك وەزیران عیراق بەسەردان بچێتە توركیا. لەگەڵ خۆیشی ژمارەیەك لێپرسراوی پەیوەندیدار بە پرسی نەوت و ئابوریی دەبات كە پەیوەندیدارن بەگفتوگۆی نێوان هەرێم و بەغدا.

لەو سەفەرەیدا كازمیی ژمارەیەك دۆسیەو پرس گفتوگۆ دەكات دیارترینیان پرسی ئابوریی و نەوت دەبێت لەنێوان توركیا و عیراق. هەروەك بەدڵنیاییەوە یەكێك لەدۆسیەكانی نێوانیان نەوتی هەرێمی كوردستان دەبێت. 

سەردانی كازمی لەئێستادا بۆ توركیا بەجێهێشتنی وەفدی هەرێمە لەبەغدا، بەمەش ئەو تێگەیشتنە دروست دەبێت كە كازمیی گرنگی بەرێككەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا نادات و بەشێك لەو لێپرسراوانە لەگەڵ خۆی دەبات كە پێویست بوو بەردەوام بن لەگفتوگۆی نێوان هەرێم و بەغدا.