کەسێک بەتۆمەتی قۆڵبڕین و فێڵکردن و پارەوەرگرتن دەستگیرکرا

کوردستان 25/11/2020

چاودێر:

کەسێک بەتۆمەتی قۆڵبڕین و فێڵکردن و پارەوەرگرتن لەچەمچەماڵ دەستگیرکرا.

 

ئاسایشی سلێمانی بڵاویکردەوە، دەرەنجامی هەوڵەکانی هێزەکانیان لەبەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕۆژئاوای سلێمانی، لەسەربنەمای زانیاری سەرچاوە تایبەتەکانیان تۆمەتبارێک بەناوی (ٲ، ق، ف) دانیشتوی تەکیەی کاکەمەند تەمەن (30)ساڵ دەستگیرکرا.

ئەوەش خراوەتەڕوو، تۆمەتبار لەڕێگەی تەلەفونەوە پەیوەندی کردوە بەکەسوکاری شەهیدو پێشمەرگەو خێزانە کەمدەرامەتەکانەوە، بەناوی ڕێکخراوێکی خێرخوازی ساختە خۆی ناساندوەو بەڵێنی پێداون، کە خانویان بۆ بکڕێت بەمەرجێک ( 20 ٪ ) سەدا بیستی نرخی خانوەکەی پێبدەن.

باس لەئەوەشکراوە، لەئەسنای لێکۆڵینەوەدا دانیبەوەداناوە کە بڕی (2500)$ دوو هەزارو پێنج سەد دۆلاری ئەمریکی لە هاوڵاتی (ش ، ح ، م )
وەرگرتوە، کە خێزانی شەهیدێکی پێشمەرگەیە، پەیوەندی بەکەسێکی دیکەشەوە کردوە لەسەر ئەوە ڕێککەوتون کەبڕی ( 6000 )$ شەش هەزار دۆلاری ئەمریکی لێوەربگرێت لەبەرامبەردا خانویان بۆبکڕێت، بەڵام فریا ناکەوێت ئەو بڕە پارەیە وەربگرێت، لەلایەن هێزەکانیانەوە چاودێری ورد دەکرێت و لەناوبازاڕی چەمچەماڵ دەستگیردەکرێت.

 

ئاماژە بەئەوەشدراوە، لەئێستادا بەبڕیاری دادوەری دادگای لێکۆڵینەوەی چەمچەماڵ بەپێی ماددەی (456) لەیاسایی سزادانی عێراقی ڕاگیراوەو لێکۆڵینەوە لەدۆسێکەی بەردەوامە .


ئاسایشی سلێمانی داوا لەهاوڵاتیان دەکات، لەکاتی هەبونی هەرحاڵەتێکی گوماناوی پەیوەندی بکەن بەئاسایشی سنورەکەیانەوە بۆ بەدواداچون لەڕاستی و دروستی بابەتەکان و لێکۆڵینەوەکردن لەوبارەیەوە.