دەربارەی ڕۆمانی جەهانمی پێنج ئەستێرە

ڕەخنەی چاودێر 28/07/2020

دەربارەی ڕۆمانی جەهانمی پێنج ئەستێرە

ئا:رەخنەی چاودێر

جەهانمی پێنج ئەستێرە ڕۆمانێکی نوێی نووسەری کورد سەردەشت حەمە ساڵح ە و لەماوەی پێشودا چاپ و بڵاوکرایەوە.

ڕۆمانی "جەهانمی پێنج ئەستێرە" ڕۆمانێکە کە باس لەو دونیا ئامادەو ژینگە بەردەستەی مرۆڤی کورد دەکات کە تێیدا دەژی و هەناسە دەدات، ئەم ڕۆمانە دیالۆگێکی بەردەوامی مرۆڤە لەگەڵ ئەو دونیایەی تیایدا دەژی و لەگەڵ ویژدانی مرۆڤەکانی چواردەوری. ویژدانێک کە ئەمڕۆ ژیان و سیاسەت و جەبری هێزە یەک لە دواییەکەکانی دونیا، خستوویانەتە ژێر پرسیارێکی گەورە.. پرسیارێک کە خۆشی لەژێر پرسیارێکی ئاڵۆزتردایە!

ئەم ڕۆمانە کە زیاتر وەک ڕۆمانێکی سیاسی دەردەکەوێت، ڕۆمانێکی فرە ڕەهەند و بۆچوونەو تیایدا موخاتەبەی زۆر پرس کراوە کە ژیانی تاک و کۆمەڵی کوردیان داگیرکردووە. نووسەر زیرەکانەو کۆمەڵگاو سەردەم ناسانە، دەربارەیان دواوە.

"جەهانمی پێنج ئەستێرە" کە فەنتازیاو واقع و بیرکردنەوەی لە دونیا بەوردی و زیرەکانە تێکەڵ بەیەکتری کردووە، لە ڕێگایەوە باس لە کۆمەڵگاو ئەڤین و جێهێشتن و بریندارییەک دەکات کە مرۆڤ لە ژینگەیەکی دڵڕەقدا بەری دەکەوێت.. ئەم ڕۆمانە کە شایەن بە خوێندنەوەو بینینە، ڕەخنەی چاودێر بۆ خوێنەرانی پێشنیاردەکات.

نووسەری ئەم ڕۆمانە "سەردەشت حەمە سالح" دەربارەی ڕۆمانەکەی " جەهانمی پێنج ئەستێرە" لە دیواری خۆی لە فەیسبووک دەنووسێت:

"جەهەنەمی پێنج ئەستێرە"  کتێبێکی نوێمە....
بزنس چنگی خستۆتە بینی ژیان، تەنانەت پێش دەسەڵاتیش کەوتوە، ئەوەی ئەو بیەوێ ئەوە دەبێ و ئەوە ڕوو دەدات. بەرپرسانیش بۆ ئەو پێناوە ملکەچن.
ئەمە باسێکە لەناو ئەو باسانەی لەم رۆمانەدا کارم لەسەرکردوە
باسی ئەوە دەکەم لە ئایندەیەکی نزیکداو بگرە دەستیشی پێکردوە کە حزب کاڵ دەبێتەوەو بەرپرسان پۆست و پایەو پلە بۆ بەرژەوەندی ئابوری بەکاردەهێنن، تەنانەت بازرگانەکان دەتوانن نەک حکومەت، بەڵکو حزبیش بخەنە ژێر هەیمەنەی خۆیان، بەو هۆیەوە ئەم نیشتمانەیان کردۆتە بەهەشتی خۆیان و جەهەنەمی هاوڵاتی!
هۆکاری ئەوەی کە خەڵکانێک کاری هەڵە دەکەن و بگرە خەڵکیش دەکوژن، دەسەڵاتە! رونم کردۆتەوە بۆچی.
هیوادارم بەم کتێبە توانیبێتم دیوەکانی کۆمەڵگەی خۆمانم خستبێتە روو.
ئەوەی نامەوێ بیڵێم ئەوەیە کە خوێنەر خۆی کتێبەکە بخوێنێتەوە. بەڵام ئەوەی دەمەوێ بیڵێم ئەوەیە کە لە باسکردنی جنۆکەکاندا کەمێک سادەم کردوە، چونکە ئەوکاتەی کارم لەو بەشەدا دەکرد خۆم کەمێک توشی خۆف بووم، بۆیە هەندێ بەشم لابرد، بەتایبەت لەباسی جنۆکە مەترسیدارەکاندا، کە خەڵکانێکی زۆر لەسەر ئەم زەوییە نامێنن و بۆ هەتایە دۆسییەکانیان بە ونی دەمێنێتەوە، هەروا مەترسیترین جنەکان لەناو ئاودا دەژین من بۆ خاتری خوێنەر لامبردوون.



 ئەم ڕۆمانە_ جەهانمی پێنج ئەستێرە. ئێستا لە کتێبفرۆشییەکانی سلێمانی دەستدەکەوێت.