لە سلێمانی پێنج ریستۆرانت دادەخرێن

کوردستان 15/07/2020


چاودێر:
قائیمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند، بەهۆی سەرپێچی كردن لە رێكارەكانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی كۆرۆنا، پێنج ریستۆرانت تا كاتێكی نادیار دادەخات.

ئەمڕۆ چوارشەمە كوردۆ عەزیز، سەرۆكی لیژنەی ریستۆرانتی سەر بە لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند: بەهۆی پابەند نەبون بە مەرج و رێنماییەكانی تەندروستی و‌ سەرپێچیكردن لە رێكارەكانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی كۆرۆنا، لیژنەكە پێنج ریستۆرانتی گەشتیاری لە شاری سلێمانی دادەخات.
وتیشی، ریستۆرانتەكانی‌ (بەرلین، ئەنغام بەغداد، سایەگوڵ1، شنە، كارڤان) بەبڕیاری قائیمقامی سلێمانی تا كاتێكی نادیار دادەخرێن و لیژنە هاوبەشەكانیش خاوەنەكانیان روبەڕوی رێكاری یاسایی دەكاتەوە.

رونیشكردەوە،  لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەكانی دژی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە شاری سلێمانی، بەمەرجی جێبەجێ كردنی سەرجەم رێنماییەكانی تەندروستی و رێكارەكانی خۆپارێزی دوكان و بازاڕەكانی كردوەتەوە، لەكاتی پابەندنەبونی ئەو شوێنانە لەلایەن لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانیەوە دادەخرێن و خاوەنەكانیشیان روبەڕوی رێكاری یاسایی دەكرێنەوە.
 ئەمە لەكاتێكدایە پێشتر لیژنەی باڵای قائیمقامیەتی سلێمانی، هەمو ئەو شوێنانە ئاگادار ‌كردوەتەوە‌ كە بەپێی رێنماییەكانی ژوری ئۆپراسیۆنەكان دژی ڤایرۆسی كۆرۆنا كراونەتەوە و بەهۆی سەرپێچی جارێك داخراون، لەكاتی دوبارە كردنەی سەرپێچیدا شوێنەكەی بۆ ماوەی یەك مانگ  دادەخرێت و خاوەنەكەشی روبەڕوی رێكاری یاسایی توند دەكرێتەوە.