تورکیا هێزی زیاتری هێناوەتە ناو خاکی هەرێمەوە

کوردستان 05/07/2020

چاودێر

 

ئۆپراسیۆنی سوپای تورکیا لە خاکی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی لێدان لە بنکە و بارەگاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان بەردەوامە، هێرشەکان بۆ سەر ناوچەکانی چیای خامتیر چڕ کراونەتەوە و لە 24 کاژێری ڕابردوودا نزیکەی 20 جار دەوروبەری ئەو چیایە و گوندی منینێ و شاقولێ تۆپباران کردووە و هێزی زیاتری هێناوەتە خاکی هەرێمەوە.

ئێستا سوپای تورکیا زیاتر لە چیای خامتیر خەریکی خۆڕێکخستنەوەیە، هێزێکی زۆریشی بردووەتە جزیرەی بۆتان بۆ گەیاندنی پشتیوانی بە هێزەکانیان لە خاکی هەرێمی کوردستان و ئەو خاڵە سەربازییانەی لەمیانی ئەو ئۆپراسیۆنە دایانناوە. بەشێکی ئەو هێزەشیان بردووەتە دەوروبەری گوندی هروورێ کە دەکەوێتە سنووری قەزای ئامێدی.

تورکیا لەو ئۆپەراسیۆنەدا ئامانجی ئەوەیە ناوچە سنوورییەکانی قەزای زاخۆ لە هەبوونی هەر چالاکییەکی چەکداری پاک بکاتەوە، دوای ئەوەی دوێنێ گەریلاکانی پەکەکە لە چیای خامتیر هێرشیان کردە سەر هێزەکانی سوپای تورکیا، جارێکی دیکە سوپای تورکیا دەستی بە کێوماڵکردنی ئەو چیایە کردەوە.

ئەوەش لە کاتێکدایە لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا سوپای تورکیا لەناو خاکی هەرێم ٣٦ بنکەی سەربازیی نوێیان دامەزراندووە.