عێراق هۆشدارییەکی تووند دەداتە تورکیا
عێراق 05/07/2020
چاودێر
حکومەتی عێراق بۆ جاری سێیەم هۆشدارییەکی تووند دەداتە تورکیا سەبارەت بەو لەشکرکێشییانەی بۆ ناو خاکی عێراق دەستی پێ کردووە و داوای دەستبەجێ وەستاندنیان دەکات.
ئەحمەد مەلا تەڵاڵ، وتەبێژی حکومەتی عێراق، لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت: بە هەموو جۆرێک هێرشەکانی سوپای تورکیا بۆسەر باکوری وڵات ڕەت دەکەینەوە کە دەبێتە هۆی نەمانی متمانەی نێوان هەردوولا و زیان بە برایەتیی گەلانی هەردوو وڵات دەگەیەنێت.
داواش لە دەوڵەتی تورکیا دەکات بە زوترین کات ئەو هێرش و دەستدرێژییانە ڕابگرێت کە دەبێتە هۆی تێکدانی ئاسایشی هەرێمی کە دژ بە سەروەری و سەروماڵی عێراقییەکانە.
دەشڵێت: دووجار حکومەتی عێراق یاداشت و نامەی فەرمی بە زمانێکی تووند داوە بە باڵیۆزی تورکیا لە بەغدا و مافی عێراقیشە لە چوارچێوەی یاسا و ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان پارێزگاری لە مافی خۆی بکات و دەستدرێژییەکان ڕەت بکاتەوە و ڕایانگرێت.
هەروەها داواکارە لایەنی توورکی بەرپرسیارێتیی یاسایی و ئەخلاقی لە هەموو ئەو ڕووداواننە لە ئەستۆ بگرێت کە زیانی ماددی و مرۆییان گەیاندووەتە عێراقییەکان.