"ئەگەر ئێران بکەوێتە شەڕی ڕاستەوخۆ لەگەڵ پژاک، دەچینە قوڵایی ئێرانەوە"

کوردستان 01/07/2020

چاودێر:
هاوسەرۆکی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان-پژاک ڕایدەگەیەنێت، ئەگەر ئێران بکەوێتە شەڕێکی ڕاستەوخۆ لەگەڵ پژاک، بەدڵنیاییەوە پژاک لە سنوورەکان نامێنێتەوە و دەکەوێتە قووڵایی شارەکانی ئێرانەوە.

 

سیامەند موعینی، هاوسەرۆکی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان-پژاک، لە میانی بەشدارییکردنی لە پڕۆگرامی ڕاڤە-ی تەلەفزیۆنی ئاریەن، وتی: چوار هەڤاڵمان لەکاتی ئەرکدابوون و بۆ کارێکی ڕێکخستنیی بە کونەماسیدا تێپەڕبوون و جلی مەدەنییشیان لەبەردا بووە، بەڵام لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە هێرش کرایە سەریان و هەڤاڵێکمان بەناوی ئاریوان شۆڕشگێڕ شەهیدبوو و سێ هەڤاڵیشمان برینداربوون.

موعینی ئاماژەی بەوەشکرد، کە دەوڵەتی تورکیا هەوڵدەدات ئێرانیش بخاتە شەڕەوە دژ بە پژاک و وتی: دەوڵەتی تورکیا شەڕێکی هەمەلایەنەی دژ بە گەلی کورد دەستپێکردووە، هەموو هەوڵێکی بۆ ئەوەیە ئێران بخاتە نێو شەڕێکی ڕاستەوخۆ لەگەڵ بزووتنەوەی ئێمە، بەڵام ئێران لاوازترە لەوەی بکەوێتە شەڕێکی ڕاستەوخۆ لەگەڵ پژاک، ئەوەش بەهۆی ئەو دۆخە ئابووریی و سیاسییەی کە ئێستا بەسەری هاتووە.

هاوسەرۆکی پژاک هۆشداریشیدا: ئەگەر ئێران بکەوێتە شەڕێکی ڕاستەوخۆ لەگەڵ پژاک، بەدڵنیاییەوە پژاک لە سنوورەکان نامێنێتەوە و دەکەوێتە قووڵایی شارەکانی ئێرانەوە.