هەنگاوێکی نوێ و کەشێکی بەهاریی بۆ چالاکییە رۆشنبیرییەکانی پلاتفۆڕمی دابڕان

ڕاپۆرت 02/06/2020

هەنگاوێکی نوێ و کەشێکی بەهاریی بۆ چالاکییە رۆشنبیرییەکانی پلاتفۆڕمی دابڕان
لەپەراوێزی واژۆی کاری هاوبەش لەگەڵ رێکخراوەکانی (پەرەپێدانی بیری نوێ)و (پێڵ بۆ پەرەپێدان) دا


بازنەکانی پلاتفۆڕمی دابڕان، گرێبەستی کاری پێکەوەیی لەگەڵ دووان لە رێکخراوە ئەکتیڤ و چالاکەکانی بواری هۆشیاری و پەرەپێدانی مرۆیی ئەنجامدا.
 لەراستیدا هاوبیر ( مەلا بەختیار) هەمیشە چاوی لەسەر توانا شاراوەکانی کچان و کوڕانی گەنجی هەرێمەکەیەو لەتەواوی شارەکانی کوردستانەوە پشتیوانی و پارێزگاریی ئەو هەوڵانەی بەرزنرخاندووە.
 لەم میانەشدا و لە چوارچێوەی ئەجێندای رۆشنگەرانەی پلاتفۆرمی دابڕاندا، بەڵێنی پشتیوانی و هەماهەنگی و کاری پێکەوەیی لەگەڵ هەر رێکخراوێکی نێوخۆیی و دەرەکیدا، کە هاوبیرو هاوئامانجی ئەرکی مەزنی گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتی و هۆشیاریی کۆمەڵایەتی و رچەشکاندنی بەربەستەکانی بەردەم ئازادی عەقڵ بێت، سڵیلێناکاتەوەو بەردەوام کاری هاوبەش و پێکەوەیی لەپێشینەی کارەکانی پلاتفۆڕمی دابڕان داناوە.
 بۆیە واژۆکردنی گرێبەستەکە لەپێناو پێناوێکی راستەقینەی ڕێچکانە رۆشنگەرییەکەی کوردستاندایە.
 لەم میانەدا تواناکانی بازنەیەک کچ و کوڕی نەوجەوان و گەنجی خەباتکارو خۆبەخش هاتوونەتە پێشێ و لەماوەی دووساڵ، لێبڕاوانە ئاوڕیان لەگەلێ کایەی پەروەردەیی و پەرەپێدانی توانای لاوان داوەتەوە. 
بۆیە پلاتفۆرمی دابڕانیش وەکو پلاتفۆرمێکی کراوەو ئازاد، وەکو پلاتفۆرمێکی دوور لە مەرامو میراتی میتۆدە چەقبەستوەکەی چوارچێوە حزبی و ناوچەیی و نەریتییەکە، بەڵێنی بایەخ و پشتیوانی خۆی بۆ هەموو هێزێکی باوەڕدارو بەرچەپی ژینگە نەرێنییەکەی کایەی عەقڵ و ئازادی دووپات کردووەتەوە. 
 لە ناوەندی رۆشنگەریی چاودێر رێککەوتی دووشەممە ١-٦-٢٠٢٠، واژۆی کاری هاوبەشی لەگەڵ دووان لە رێکخراوە ماندونەناسەکانی ئەم کاروانەی خەباتی رۆشنگەری ئەنجامدا. یەکەمجار ڕێکخراوی (پەرەپێدانی بیری نوێ)، تەواوی ستافی دامەزرێنەر پلان و کارەکانی خۆیان خستەروو.
 ئەوان گەلێ هەنگاوی بەبڕشتیان ناوەو لە ناو توێژە جۆراوجۆرەکانی ناوخۆو دەرەوەدا دنیابینی زانستی و هونەری و نەتەوەییانەی خۆیان شوێنکردووەتەوە.  
 هەروەها بەڵێنی بەردەوام بوون لە خزمەتکردن، بە ڕەچاوکردنی بارودۆخی ناهەمواری تەندروستی و ئابوری، دوپاتکرایەوە،
شایەنی باسە ڕێکخراو لە ماوەی کارکردنی بەردەوام هاوسەنگی هەموو لایەنە سیاسیەکانی پاراستووە و لە زۆربەی شارەکانی کوردستان چالاکی ئەنجامداوە،
هەروەها توانیویەتی لە دروستکردنی پەیوەندیە نێودەوڵەتیەکانی لەگەڵ چەندین وڵات هاوسەنگی بپارێزێت و لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوو کارەکانیان لەژێر مەرج و ستانداردی تایبەت بە ڕێکخراو ئەنجام دراون و دووربوون لە کاری  دووبارە، ئامانج و کارکردنی ڕێکخراو لە هۆشیارکردنەوەی تاک و خێزان و کۆمەڵگەوە بۆنیشاندانی توانا و لێهاتووی داهێنەرانە و بیری نوێگەری بووە لە گشت کایەکانی کۆمەڵ دا . هاوکات رێکخراوی پێڵ بۆ پەرەپێدان، کە لە سێ بواری گرنگی ئەکادیمی و فەلسەو میدیادا کاردەکەن، توانیویانە بەکەڵکوەرگرتن لە تۆڕەکانی پەیوەندی کۆمەڵایەتی ویوتوب و گەلێ بواری تەکنەلۆژی تر، ژینگەی پەیوەندییەکی تەندروستی مەعریفی و گەنجانە بخوڵقێنن، ئێمە بەلەپێشچاوگرتنی بەهرەو تواناو ئەزمونی کارو پسپۆڕییان لەکایەی هۆشیاری و پەرەپێدان و زمانەوانییەکی ئەکادیمیدا، پشتیوانیی هەموو هەوڵەکانیان بوین و پێمان وایە لە نەخشەڕێی کاری ئایندەماندا هەنگاوی مەزن لەوبوارانەدا بەکاری پێکەوەیی و پرۆژەی هاوبەش دەنێین.

 

پلاتفۆڕمی دابڕان

1/6/2020