سووربوونەوەی چاو

تەندروستی 02/06/2020

د.كۆیار شێركۆ
سووربوونەوەی چاو حاڵەتێكی باوە كە دەكرێت توشی یەك چاو یان هەردوو چاو ببێت. هۆكاری ئەم سووربوونەوەیە ئئەو مولولە خوێنانەن كە دەكەونەوە سەر ڕووی چاو و بە هۆی بەركەوتنێك یان ئیلتیهابێكەوە سوور ئەبنەوە. 

چەند هۆكارێكی جیاواز هەن كە دەبنە هۆی سووربوونەوەی چاو، هەندێكیان هۆكاری سوكن و پێویستیان بە چارەسەری سەرەتاییە بەڵام هەندێكیان هۆكاری قورسیان لە پشتەوەیە و پێویستە پزیشكی پسپۆری نەخۆشییەكانی چاو هەڵسەنگاندنی بۆ بكات، ئەم حاڵەتانەش ئەو كاتانەیە كە لەگەڵ سووربوونەوەكەدا نەخۆش ئازاری هەیە و بینینیشی كەم دەكات.

باوترین هۆكاری توشبوون بە سووربونەوەی چاو بەركەوتنییەتی بە هۆكارە دەرەكییەكان وەك تیشكی خۆری زۆر بەهێز، تەپ و تۆز، ڤایرۆس و بەكتریا یان حەساسیەتە بە شتێكی دیاریكراو. هەندێكجار نەخۆش توشی حاڵەتێك دەبێت كە خوێنبەربوونی پشت پەردەی چاوە، ئەم حاڵەتە جدی و ترسناك دەرئەكەوێ لە سەرەتادا بەڵام گەر ئازاری لەگەڵدا نەبێت، خۆی لە ماوەی 7-10 ڕۆژدا چاك دش‌بێتەوە.

هۆكارێكی تری توشبوون بە سوربونەوەی چاو هەوكردنی پەردەی چاو یان ئەو چینەی چاوە كە مولولە خوێنەكانی تێدایە. ئەو نەخۆشانەی توشی هەوكردنی چاو دەبن، زۆرجار ئازار و جەراعەیان هەیە و بینینیان خراپ دەبێت. سوربوونەوەی چاو دەكرێت هۆكاری تریشی لە پشت بێت، وەك زەبری دەرەكی، نەخۆشی خوێنبەربوون، رۆماتیزمە، بەكارهێنانی مادە زیانبەخشەكان، بەرزبونەوەی زەختی چاو.

نەخۆش گرنگە بزانێت كەی سەردانی پزیشك  یان نەخۆشخانەی فریاكەوتن بكات لە كاتی سوربونەوەی چاویدا، زۆرینەی حاڵەتەكان پێویستیان بە چارەسەری كتوپڕ نییە بەڵام نەخۆش دەبێت سەردانی پزیشكی پسپۆری نەخۆشییەكانی چاو یان نەخۆشخانەی فریاكەوتن بكات گەر حاڵەتەكەی لە ماوەی هەفتەیەك زیاتری خایاند، سوربونەوەكە ئازاری لەگەڵدا بوو، بینایی نەخۆشەكە ناڕێكی تێدا دروست بووبوو، هەستیاری بەرامبەر ڕووناكی هەبوو یان گەر نەخۆش لەسەر حەبی ڕوونكردنەوەی خوێن بوو وەك هێپارین و وارفارین. 

ئەگەر سوربونەوەكە ئەم نیشانانەی لەگەڵدا نەبێت و حاڵەتەكە بە هۆی نەخۆشییەكەوە نەبێت، نەخۆش پێویستە لە ماڵەوە ئاگاداری چاوی بێت و زوو زوو دەستی بشوات، عەدەسە بەكار نەهێنێت و میكیاج نەكات.

زۆرینەی حاڵەتەكان هیچ لێكەوتەیەكی خراپیان نابێت و نەخۆش بە بێ زیانی چاوەكانی، چاك دەبێتەوە. بەڵام هەندێكجار كە ناڕێكی بینین ڕوو ئەدات نەخۆش ناتوانێت كارەكانی ڕۆژانەی تێپەڕێنێت، بۆ نمونە چێشت لێنان و شۆفێری كردن، زۆرجار ئەم حاڵەتە بە هۆی ئیلتیهابی چاوەوە توش ئەبێت و گەر چارەسەر نەكرێت ڕەنگە نەخۆش بینایی لە دەست بدات. بۆیە هەر سوربوونەوەیەك گەر لە ماوەی دوو ڕۆژدا چاك نەبوو، سەردانی پزیشك بكەن بۆ دڵنیابوونەوە لە پاراستنی بیناییتان.