ژووری ئۆپراسیۆنەکانی سلێمانی چەند بڕیارێکی دەرکرد

کوردستان 01/06/2020

چاودێر: لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەكانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا كۆبوویەوەو چەند بڕیارێكی دەركرد.

بۆ/ هەموو یەكە كارگێڕیی و فەرمانگە پەیوەندیدارەكانی سنوری پارێزگای سلێمانی

بابەت/ گشتاندن

ئەمڕۆ لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەكانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا بەسەرپەرشتی پارێزگاری سلێمانی و بەئامادەبوونی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی كۆبۆوە، لە كۆبوونەوەكەدا رێوشوێنی تەندروستیی و خزمەتگوزاریی و كارگێڕیی و ئارامی پێویست بۆ جێبەجێكردنی بەیانی ژمارە (٣٨)ی ساڵی (٢٠٢٠)ی وەزارەتی ناوخۆ تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆناو قەدەغەی هاتووچۆ، دیاریكرا.

بە كۆی دەنگی بەشداربووان ئەم بڕیارو داخوازییانە پەسەند كران:

١-بەیانی ژمارە (٣٨)ی ساڵی (٢٠٢٠)ی وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان و هەردوو نووسراوی ژمارە (٧٢٥٣ و ٧٢٥٤)ی ڕۆژی (١/ ٦/ ٢٠٢٠)ی وەزارەتی ناوخۆ وەكو خۆیان جێبەجێ‌ دەكرێن‌و پێویستە هەموولایەك پابەندی تەواوی هەموو بڕگەكانی ئەم بڕیارانە بن.

٢-پێویستە هاووڵاتیانی خۆشەویست پابەندی تەواوی بڕیارو ڕێنمایی و رێكارە تەندروستیی و خۆپارێزییەكان بن و رۆڵی شیاوی خۆیان لە پاراستنی تەندروستی خۆیان و خەڵكدا ببینن.

٣-داوا لە هەموو لایەنە سیاسییەكان و دەستەبژێرو كەسایەتییە ئایینی‌و سیاسیی‌و كۆمەڵایەتی‌و رۆشنبیرییەكان دەكەین، كە هەماهەنگیی تەواوی دامودەزگاكانی حكومەتی خۆجێی سلێمانی و حكومەتی هەرێمی كوردستان بن‌و، رۆڵی شایان و پێویستی خۆیان لە پاراستنی ئاسایشی تەندروستیی و تەندروستیی گشتیدا ببینن‌و هەموو ئەندام و لایەنگرو هەوادارەكانیان دڵنیا بكەنەوە، كە مەترسیی پەتای كۆرۆنا مەترسییەكی جدییەو هەر كەمتەرخەمیی‌و بەكەمگرتنێك كارەساتی گەورەی تەندروستیی‌و مرۆیی لێدەكەوێتەوە.

٤-داوا لە هەموو دەزگاو كەناڵەكانی ڕاگەیاندن‌و چالاكانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دەكەین، كە ڕۆڵی مێدیایی‌و نیشتمانیی‌و مرۆیی خۆیان لە ڕووبەڕووبوونەوەی كۆرۆناو بەرزكردنەوەی ئاستی پابەندبوون‌و خۆپارێزیی هاووڵاتیاندا ببینن‌و وەك هەمیشە چاودێرێكی وردی سەر دامەزراوە دەوڵەتیەكان بن بۆ جێبەجێكردنی ئەرك‌و ڕێكارە یاساییەكان، هەركەس‌و كەناڵێك گیانی سەركەشیی‌و بێباكیی‌و گومانی بەكەمگرتن‌و شێواندنی ڕاستییەكان بڵاوبكاتەوە، لەلایەن فەرمانگەی داواكاری گشتییەوە ڕێكاری یاسایی پێویستی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.

٥-دادگاكان‌و دادوەران‌و لێكۆڵەرە دادییەكان بەپێی پلانی سەرۆكایەتی دادگای تێهەڵچوونەوەی سلێمانی‌و فەرمانگەی داواكاری گشتی سلێمانی، لە دەوامی رەسمیدا دەبن.

٦-فەرمانگەو كۆمپانیا خزمەتگوزارییەكانی وەك (تەندروستی، ئاو، كارەبا، كشتوكاڵ، خزمەتگوزاریی شارەوانیی، خزمەتگوزاریی سیتییەكان، چاودێریكردنی زیادەڕۆیی، چاودێری‌و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی، خانەو شێڵتەرو گرتووخانەكان، پەیوەندییەكان‌و ئینتەرنێت، سوتەمەنیی‌و پاڵاوگەكان، كارگە پیشەسازییە قورسەكان، ژینگەپارێزو كارگوزاری دارستان‌و باخچەو كێڵگەكان)، بەپێی نووسراوی رەسمیی فەرمانگەو كۆمپانیاكان بەردەوام دەبن لە كارەكانیاندا بەپێی ڕێنمایی و ڕێكارە تەندروستیی‌و كارگێڕیی‌و ئارامییەكان، هەر شوێنێك سەرپێچی بكات، رێوشوێنی یاسایی و كارگێڕییان بەرامبەر دەگیرێتەبەر.

٧-پێویستە شۆفێران پابەندی تەواوی قەدەغەی هاتووچۆ بن‌و هەر شۆفێرێك قەدەغەی هاتووچۆ بشكێنێت ئۆتۆمبێلەكەی تا ڕۆژی (٧/ ٦/ ٢٠٢٠) لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هاتووچۆی سلێمانییەوە، دەستی بەسەردا دەگیرێت.

٨-هەركەسێك سنورەكانی هەرێمی كوردستان‌و پارێزگای سلێمانی بەشێوەی نایاسایی ببەزێنێت، یان هەوڵی بەقاچاخ هێنانەوەی خەڵك بدات، ڕێكاری یاسایی توندی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.

٩-بازگەو تیمی گەڕۆكی هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ بەدرێژایی سنورەكانی خانەقین هەتا كەركوك لە ئەركدا دەبن‌و هەر هاووڵاتیەك هەوڵی گەڕانەوە لە پارێزگاكانی تری عیراقەوە بۆ سنوری پارێزگای سلێمانی جگە لە بازگەكانی (بانی مەقان و دەربەندیخان) بدات، ڕێكاری یاسایی توندی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.

١٠-هەر كەس‌و شوێنێك بڕیارو ڕێنمایی‌و ڕێكارە تەندروستیی‌و كارگێڕیی‌و ئارامییەكان پەیوەست بە كۆرۆنا پێشێل بكات، لەلایەن فەرمانگەی داواكاری گشتییەوە داوای یاسایی بەتۆمەتی تێكدانی ئاسایشی تەندروستیی‌و زیانگەیاندن بە تەندروستیی گشتیی لەسەر تۆمار دەكرێت.

١١-لیژنەیەكی بەدواداچوونی هاوبەش لە هەموو یەكە كارگێڕییەكانی سنوری پارێزگای سلێمانیدا، لە (نوێنەری قائیمقامیەت، هێزە هاوبەشەكانی لیژنەی ئارامیی، نوێنەری هەریەك لە بەڕێوەبەرایەتیەكانی تەندروستی، ئەوقاف، گەشتوگوزار، شارەوانی) لە ئەمڕۆوە لەژێر چاودێری قائمقامی قەزاكاندا پێكدەهێنرێت‌و ڕێكاری ڕاستەوخۆو خێرا بەرامبەر هەركەس‌و شوێنێكی سەرپێچیكار دەگرنەبەر.

هەموو هاووڵاتیانی خۆشەویست دڵنیا دەكەینەوە، كە بە هەموو توانستمانەوە لە ئەركدا دەبین بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆناو پاراستنی تەندروستیی هاووڵاتیان و تێپەڕاندنی شیاوانەی ئەم دۆخە مەترسیدارەو ئومێدمان پابەندیی و ئاستی بەرزی خۆپارێزیی و تەندروستیتانە.

د. هەڤاڵ ئەبوبەكر

پارێزگاری سلێمانی

سەرۆكی لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەكانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا

١ / ٦ / ٢٠٢٠