عێراق وردەکاریی دەستکاریکردنی مووچەی فەرمانبەران بڵاو دەکاتەوە

عێراق 23/05/2020

چاودێر

 

وه‌زیری دارایی عیراق كه‌مكردنه‌وه‌ی مووچه‌ی ڕاگەیاند، به‌ڵام ده‌ڵێت ئه‌و كه‌سانه‌ ناگرێته‌وه‌ كه‌ مووچه‌كانیان له‌ 500 هه‌زار دینار كه‌متره‌ و به‌تایبه‌تی پله‌باڵاكان ده‌گرێته‌وه‌.


عه‌لی عه‌بدولئه‌میر عه‌للاوی، وه‌زیری دارایی عیراق له‌ چاوپێكه‌وتنێكیدا له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی عیراقییه‌ ڕایگه‌یاند، به‌شێكی زۆری بودجه‌ی عیراق بۆ مووچه‌ و ده‌رماڵه‌ی پله‌باڵاكان ده‌ڕوات، بۆیه‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی مووچه‌ ئه‌و پله‌باڵایانه‌ ده‌گرێته‌وه‌. دووپاتیشی كرده‌وه‌، كاری له‌پێشینه‌ی حكومه‌ت چینی هه‌ژارانه‌، هه‌ر كه‌مكردنه‌وه‌یه‌كی مووچه‌ ئه‌و فه‌رمانبه‌ر و خانه‌نشینانه‌ ناگرێته‌وه‌، كه‌ مووچه‌كه‌یان له‌ 500 هه‌زار دینار كه‌متره‌.


وه‌زیری دارایی عیراق ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، ئه‌و فه‌رمانبه‌رانه‌ی مووچه‌كه‌یان له‌ پله‌ پێنج نزیكه‌ هه‌وڵ ده‌ده‌ن زیانێكی كه‌میان به‌ربكه‌وێت به‌ هۆی كه‌مكردنه‌وه‌ی مووچه‌كانیانه‌وه‌.


وتیشی "ئێستا حكومه‌تی عیراق له‌سه‌ر بنه‌مای بودجه‌ی ساڵی 2019 ده‌ڕوات، كه‌ به‌سه‌ر 12 مانگدا دابه‌ش كراوه‌، به‌ڵام به‌ هۆی دابه‌زینی نرخی نه‌وته‌وه‌ و به‌راورد به‌ ژماره‌كانی ناو بودجه‌ی 2019، كورتهێنانێكی گه‌وره‌ درووست ده‌بێت".‌