ژووری هاوبەشی سەربازی لەنێوان پێشمەرگەو سوپای عیراق پێكدەهێنرێت

کوردستان 21/05/2020


چاودێر: بەهۆی زۆر بوونی ئاڵۆزیە ئەمنیەكان لەسنورەكانی ناوچە دابڕێندراوەكان، ژووری ئۆپراسیۆنی هاوبەش لەنێوان هێزەكانی پێشمەرگەو سوپای عیراق پێكدەهێنرێت.

سەرچاوەیەكی باڵای ئەمنی لەوەزارەتی ناوخۆی عیراق تایبەت بۆ چاودێر" ووتی:  لەكۆبونەوەی ئەم هەفتەیی ئەنجومەنی وەزیراندا پڕۆژەی پێكهێنانی ژووری ئۆپراسیۆنی هاوبەش لەنێوان هێزەكانی پێشمەرگەو سوپای عیراق تاوتوێ كراوە.

رونیشكردەوە: ئەمەش دوای كۆبونەوەكانی پێشووی وەفدی وەزارەتی پێشمەرگەو وەزارەتی بەرگری و ناوخۆی عیراق بووە.

جەختیكردەوە: هەروەها رۆژی سێ شەممەش وەفدێكی فراكسیۆنی یەكێتیی لەگەڵ وەزیرەكانی ناوخۆو بەرگری عیراق كۆبوونەتەوەو هەردوو وەزارەت رەزامەند بوون لەسەر پێكهێنانی ئەو ژوورە هاوبەشە و هەماهەنگی و كاری سەربازی زیاتر لەنێوان هەردوولا.

سەرچاوەكە ئەوەشی ئاشكراكرد: سەرەتا لەشاری خانەقینەوە دەست پێدەكرێت و ژوورێكی هاوبەشی سەربازی لەنێوان هێزەكانی پێشمەرگەو سوپای عیراق پێكدەهێنرێت و دواتر شوێنەكان رێكدەخرێنەوە.