شەقار

ڕەخنەی چاودێر 14/05/2020

شەقار
ئەحمەد حاجى سامى

ئەمشەو،
لەسەر ئەو سەرزەمینەدا،
شکستى چەکوشەکان و
شەهیدبوونى درەختەکان دەستپێدەکات.

بەدەم بیرکردنەوە نەفرەتییەکانى ناو کەللەى سەرم؛
"مرۆڤ... هیوا... کوشتن..."،
خەریکى خنکاندنى خەونەکانم بووم.
فیشەکدانەکانم جیادەکردەوە.
بۆ بەڵگەنامە بزربووەکانى شەوێکى تر دەگەڕام.
دەمەوێ نەمرى بدۆزمەوە...
"مرۆڤ هەموودەم عەوداڵى نەمریییە".

ئەمشەو،
مرۆڤێکى تر لەدایک دەبێت.
ئەمشەو،
مرۆڤێکى تر دەمرێت.
"مرۆڤ تەنها لەپێناو ئازار لەدایک دەبێت،
مرۆڤ تەنها بۆ تاقیکردنەوەى ئازارەکان ئامادە دەکرێت".

شەوەکان،
چیدى جوان نین...
وەک کراسێکى تەنگ وان،
کە چیدى بەبەر منەوە ناکەن.
شەوەکان،
وەک مارێکى پیر وان،
کە تازە کاژەکەى فڕێداوە و
بۆ ژەهراوییکردنى شەوێکى تر دەگەڕێت.
کە شەوەکانیش؛
چیدى نابنەوە ئومێد بۆ گەیشتنەوەمان بە شەوەکانى تر.

شەوە تاڵانکراوەکانى دوێنێ؛
گومێکى گەورە بوون.
بەڵام،
هیچ قولاپێکم پێنەبوو.
کە ماسییەکانیش پاشەکشەیان کرد و
لە بریندارەکانى دواى خۆیان نەپرسییەوە.
ترسنۆکبوون...

چەشنى تووتنەوانێکى قەموور،
وردت کردم:
"دەستپێکى کارەسات و ئەشکەنجەى سیخوڕەکان،
ئەرشیفکردنى ئازار و یادێک لە نەمرەکان،
خوێنبەربوونى کات و کابووسى شەوەکان،
هەنگاوە بێدەنگەکانى مەرگ و هەڵاتنى ئەسپەکان،
حەشارگە تاریکەکانى مێشک و پاشماوەى شیعرەکان،
جەنگ و بیرەوەریییە شەقاربووەکانى من".

شەوێک،
زیاتر لە شەوەکانى تر،
شیعر دەخۆینەوە.
هەڵدێن...
زۆر دوور ڕادەکەین،
دەگەڕێینەوە ئەو ژێرزەمینەى؛
بۆ یەکەمجار تەقەڵى برینەکانمان بەیەکتر نیشان دا:
"مرۆڤ هەرگاڤ دەگەڕێتەوە ئەو شوێنەى کە وێرانى کردووە،
چونکە تاکە شوێنە کە نهێنییەکانى کەشف نەکردووە".

توێکاری تەرمەکانت دەکرد.
ئەو تەرمە بۆگەنانەى تەرم نەبوون،
شەوبوون...
پەنجە بچووکەکانم خستە ژێر چەناگەم و
شتێکم لێ کەوت.
مستیلەى ئەو تەرمەى دەستەکانى هەموو تاتۆ بوو.
دەستبەندى ئەو تەرمەى لە شەودا زیندوو دەبۆوە،
لە شەودا نەخشى شەوەکانى نێو لەپى ماچ دەکرد.

ویستت ببیەوە مرۆڤ،
ببیەوە خۆت...
بووى بە تەم.
بووى بە شەوێکى کوژراو.
بووى بە تاریکیییەکى نەزۆک.
بەڵام،
کە دەمانەوێ بفڕین؛
نارنجۆکێک پێماندا دەتەقێتەوە.
پاسەوانێک خۆى بە یادەوەرییمان شۆڕدەکاتەوە.
جەللادێک لەناو ڕابردوومان پیاسە دەکات.
تووتنکڕێک دەستە قڕێژاوییەکەى بە جلە ڕەشەکانمان دەسڕێت،
کیسە تووتنەکەمان دەدزێت.

ئەو تاڵانچییە سەوداکەرانەى لە شەودا هاتن،
لە شەودا شەوێکى تریان فرۆشت،
لە شەودا ئەستێرەکانى شەوێکى تریان هەڕاج کرد.
دڕندەبوون...

سەختە...
بەڵام،
من پەشیمانم؛
لەبڕى ئەو شەوانەى ئەمشەو لێرە نین،
ئەو شەوانەى کە نەدەبوو لێرە بن.
کە نەدەبوو ئەمشەو نمایش بە چرا خامۆشەکانى دەستییان بکەن.

ڕابردووم بکولێنەوە.
نینۆکە وەریوەکانم کۆبکەوە.
مەراقە کۆنەکانم ساختە بکە.
"مرۆڤ دەکەوێتەوە بەسەر وێرانەکانى خۆیدا".
کە ئەسپێکى زامدار بەدیار سوارچاکە کوژراوەکەیەوە؛
کڕنووش بۆ مێرگێکى سەوز دەبات.
کە دواى حیکایەتە دووبارەکانى خاک نەکەوت و
باوەشى بۆ هەقیقەتێکى بریندار کردەوە.
"لاشەکان زیندوودەبنەوە و دووبارە دەگەڕێنەوە".
کە ئاماژەیە بۆ جیهانێکى تر...
کە نیشانەیە بۆ هاتنى شەوێکى تر،
کە کۆدە بۆ زیندووبوونەوەى شەوەکانى تر.

نەمانتوانى ئەسپەکان لغاو بکەین.
نەمانتوانى پاداشتى چەتەکان بدەینەوە.
نەمانتوانى شیوەن بۆ شەوێکى مردوو بکەین.
کە دورگەکانیش پشتیان لە دەریاوانە ماندووەکان کرد،
تۆمەتت بۆ شەوێکى تر هەڵبەست.
واتدەزانى شەوە...
بەڵام،
شەو ئازارەکانى خۆى پەزمەندە دەکرد.
پەیمانى لەگەڵ شەوێکى ڕەنگاوڕەنگ دەبەست.
شەوەکانى نێو گیرفانى تەجوید دەکرد.
شەوە زیندووەکانى دەوروبەرى لەسێدارە دەدا.
کە قەدەریش هەموو شەوێک سەماى بە تارمایییەکانى دەکرد.
کە ئەو شەوانە بۆنى کەسێکى دیکەى لێ دەهات،
کەسێک کە لە شەودا تەنهایییەکەى پینە دەکرد.

تۆ شەوى...
چونکە بکوژى شەوێکى ترى.
کە بانگەشەى بەشەربوونى خۆى دەکرد.
ترسى لە خیانەتى شەوەکانى تر هەبوو.
شەرمى لە شەوەکانى تر دەکرد.
دوژمنى شەوێکى تر بوو.
کە بووە سێبەر بۆ گوناهى شەوێکى تر و
هەموو شەوەکانى هاوڕێى لەیاد کرد.

شەوێک،
نووقمى تاوانەکانمان دەبین و
دەچینەوە بەردەرگەى شەوێکى سپى.
شەوێک،
سوارى ماشێنە شەکەتەکەمان دەبین و
دەگەڕێینەوە بۆ شەوێک؛
کە خوێنى سپى بە وردە شەوەکانى نێو باخەڵى دەنۆشى.
کە لە ئاوریشم سەرینى بۆ شەوەکانى تر دروست دەکرد.
کە لە فرمێسکەکانى دەرمانى بۆ شەوێکى نەخۆش دروست دەکرد.
کە وەک دەروێشێک پەناى بۆ شەوێکى  دەبرد.

شەوێک،
کە شەوێکى جوانەمەرگ لەسەر تاشەبەردێک دەدۆزینەوە،
گۆڕ بۆ شەوەکانى تریش هەڵدەکەنین...
دێینەوە و
شەوێکى گومڕا تیرباران دەکەین.
دەبینە شەو،
دەبینە شەوێکى جوان،
شەوێک تاریکتر لە شەوەکانى تر...

ئاپڕێلیى 2020