پەرلەمانتارێكی عیراق: پێویستە هەولێر 128 ترلیۆن دینار بگێڕێتەوە بۆ بەغدا

عێراق 10/05/2020


لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عیراق داوای لەحكومەتی نوێ كرد كار بكات بۆ گێڕانەوەی قەرزەكانی بەغدا كە بریتیە لە 128 ترلیۆن دینار كە ئەو بڕە پارەیە بەشی مووچەی 8 ملیۆن هاوڵاتی دەكات.
حەنین قەدۆ ئەندامی لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی عیراق لە لێدوانێكیدا بۆ سایتی "المعلومە" رایگەیاندوە حكومەتی عیراق دەتوانێت بەچەندین رێگە وبە بێ وەرگرتنی قەرز مووچە دەستەبەر بكات یەكێك لەورێگایانە بەردەستخستنی 24 ترلیۆن دینار وەكو داهات لە دەروازە سنوریەكانەوە.
قەدۆ ئاماژەی بۆ ئەوەشكردوە پێویستە هەولیر بڕی 128 ترلیۆن دینار بگێڕێتەوە بۆ بەغدا كە بەهۆی فرۆشتنی نەوتەوە لەسەری كەڵەكە بوە ورادەستی بەغدای نەكردوە كە دەبوو بەگوێرەی رێككەتنی نێوان هەولێر وبەغدا پارەی نەوت رادەستی بەغدا بكات 
تەئكیدیشی كردەوە پێویستە بەغدا سازش نەكات ئەو پارەیە لە حكومەتی هەرێم بسێنێتەوەو وەكو مووچە بۆ مووچە خۆرانی عیراق خەرجی بكات.
قەدۆ راشیگەیاندوە نزیكەی 8 ملیۆن هاوڵاتی لە فەرمانبەر و خانەنشین و ئەو كەسانەی مووچەی چاودێری كۆمەڵایەتیان هەیە بەهۆی كەمبونەوەی داهاتی دارایی عیراق هەڕەشەیان لەسەرە و پێویستە بەغدا ئەو پارەیە لە هەولێر وەربگرێتەوە.