خەزانی سورە چنارێکی دانا بۆ ساڵمەرگی محەمەد موکری

ڕەخنەی چاودێر 06/05/2020

خەزانی سورە چنارێکی دانا
بۆ ساڵمەرگی محەمەد موکری

پێشڕەو حسێن

 


شوێن ژوری شاعیرێکی مەستە، یەکێک لەو بەیانیە خەمگینانەی بۆنی گەڵای وەریوی سورەچنارێکی تەرا و تۆراو خۆی دەکات بە ژورەکەدا و من دەست لە وەرگێڕانی بیرەوەریەکانی مارکیز هەڵدەگرم؛ دەزانم ئێستا هاوڕێی شاعیر دەرگای باسێکی نوێ بە رووی ئەندێشەدا دەکاتەوەو چۆلەکەیەکی شەرمن دەفڕێ و لە سەر ئینجانەکانی سەر تاقی پەنجەرەکانی ژورەکە هەڵدەکوڕمێ؛ وردە وردە باسەکە گەرم دەبێ و ژورەکە بەتاڵ دەبێتەوە لە سیاسەت، ئەوانەی دەمێننەوە سەری باسەکە دەدەنە دەست موکری؛ ئەزانن برادەران مەرگ لە هەر سوچێکەوە لێی بڕوانی کاتێک مانای هەیە کە پێشتر شتێک بەناوی ژیان بوونی هەبێت، مەرگ لەو کاتانەدا کە تەژیم بە ژیان و لێوڕێژی خۆشەویستیم چ مانایەکی نامێنێ. ئێستا جەلیلزادە دەبینم لەسەر لقە پاییزەی سورە چنار هێلانە دەکات، سامی گەڵا زەردەکان دەوەرێنێ و من دەکەومە کۆکردنەوەی گەڵاڕێزان... هاوڕێی شاعیر لەو دیو سنورەکانی مەرگەوە نوقمی ئاهەنگێکی خاجادۆریان بووە و باسی ئەو قوژبنە بەچێژانەی ژیانمان بۆ دەکات کە هێشتا دەستی رەشی مەرگ پەی پێ نەبردوون، لە خۆم دەپرسم بێ ئەوەی فەلسەفەیەکم هەبێ هەمیشە باوەڕم بەوە هەبووە پرسیاری ژیان لە ئەزمونکردنی ژیان خۆیایەتی، هەمیشە رازی بووم بەوەی لە هەرە ناهەمواریەکانی ژیانمدا دۆستەکانیشم دانا بوون بەوەی هیچ شتێک لە دەرەوەی ژیان شایانی ئەوە نییە بۆی بژین ئەوەی گرنگە ژیان خۆیەتی...
سەرەتای ناسینی موکری دەگەڕێتەوە بۆ ئەو رۆژانەی ژورەکەی سامی هادی لە مەکتەبی رێکخراوە دیموکراتیەکان دەبووە هۆڵی گفتوگۆ و مشتومڕی گەرم و گۆڕینەوەی ئەندێشە، بیرمە لەوێ موکریم ناسی، وەک زۆربەی ئەوانەی دەهاتنە ژورەکەمان مناڵەکەی ناخی موکریم بینی؛ ئاخر من لەو باوەڕەدام ئەوە مناڵەکەی ناخمان بوو نەیدەهێشت پرسیاری ناخمان بسرەوێ، نەیدەهێشت بە ئەلفبێی بێزەونی گورەبوون فێربین، رێگر بوو لەوەی بکەوینە داوی جۆرە باوەڕ و ئاینێکی چەقبەستوو. ئەوە مناڵەکەی ناخمان بوو نەیهێشت نەزانانە گەورەبین...
دوا بینینەوەمان لە ژوری هاوڕێی شاعیر و ئەمجارەیان دەمەو عەسرێکی بەتینی بەهارانەیە؛ موکری بە پرچێکی زەردەوە رێک وەک سورەچنارێکی پرچ ئاڵتونی کە بە بەهارانیش هەر گەڵای زەردە، دەم بە بزەوە بەسەرهاتی پیربوونی گەڵاکانی دەگێڕێتەوە؛ دەست لە وەرگێڕانی بیرەوەریەکانی نێرۆدا هەڵدەگرم، لەو رۆژانەدا بازاڕی سیاسەت گڕی لە ژیان بەردابوو، سوچی هەموو ئەندێشەیەک دەگەشتەوە تاریکە بازاڕەکانی، برای شاعیر پەنجەرەی ئەندێشەیەکی ئاوەڵا کرد، موکری لە هەموو ساتێک عاشقتر وتی؛ برادەران، ئەزیزم مرۆڤ ئەبێ بەدەم خەندوە بمرێت، خەندان و دڵخۆش بەوەی ئەوەندە ژیاوە تەمومژ داینەپۆشێ و دەستی خەم یادی لە دڵدا دەربکات.
تا ئێستاش وەک یادی زۆربەی ئەوانەی وەک موکری هەر بە مناڵی دەمرن، یادی موکری دەمباتەوەو دەڵێم ئەوانەی دەژین ناتوانن بمرن؛ ئەوەتا دەیبینم لەناو ئینجانەکانی ژوری هاوڕێی شاعیرم نیلوفەرێکی تەڕە و لە ریزی ئینجانەکەی سوارە دانیشتووە و سامی لقە زەردەکانی پاریان دەتەکێنێ و منیش چاوەڕێم دەرگا بە رووی باسێکی نوێ بکرێتەوە....