پارێزەران لەحكومەت و سەندیكای پارێزەران نیگەرانن

ڕاپۆرت 19/04/2020

چاودێر: وەك هەموو چینەكانی تری كۆمەڵگە بەهۆی راگرتنی دەوامی دادگاكان و فەرمانگەكان،  لەبەرامبەر جێبەجێكردنی رێنماییەكانی بەڕەنگاری ڤایرۆسی كۆرۆنا، كەبەشێكیان داهاتەكەیان پەیوەندی راستەوخۆی بە بوونی كێشەو دۆسیەوە هەیە، بەهۆی مانەوەی هاووڵاتیان لەماڵ و كەمی كێشەو دۆسیە كاریگەری گەورە لەسەر داهاتیان دروست بووە، بۆیە كاریگەری لەسەر بژێوی ژیانیاندا هەیە.
شكۆی پارێزەر شكۆیەكی گەورەیە 
پارێزەر نسار مستەفا لەو بارەیەوە بۆ چاودێر" ووتی: دوای ئەو دۆخە ناهەموارەی هەرێمی كوردستانی گرتەوەو بوە هۆی وەستانی كارە بازرگانی و مەدەنی و تەنانەت هەندێك لە دامەزراوە حكومیەكانیش بەگشتی چین و توێژەكان لێی زەرەرمەندبوون لەناویشیان دا پارێزەران ئەو توێژەی كە ئەركی كەمتر نیە لەو پزیشك و فەرمانبەرە دڵسۆزانەی كە ئێستا لە جەنگی دژ بە ڤایرۆسی كۆرۆنا دەجەنگن و كەمترنیە لە تەواوی ئەوانەی لە ریزی پێشەوەی كۆمەڵگان بۆ دابین كردن و هێمنكردنەوەی ئەو دۆخەی هاتۆتە ئاراوە.
پارێزەران كۆمەڵگا بە شكۆمەندی دەهێڵنەوە
ئەو پارێزەرە باسی لەوەشكرد: ئەگەر چی ئەركی پارێزەر داكۆكی و رێكخستن و چارەسەركردنی تەواوی ئەو كێشەو ململانێ و تەنگژە كۆمەڵایەتی و ئابوری و لایەنەكانی تری ژیانە كە كۆمەڵگاو خێزانەكان ڕووبەرووی دەبنەوە و دەستەبەری یەكسانی و گەرانەوەی ماف بۆ خاوەن ماف بەگشتی رۆڵی لە تەواوی جومگەكانی كۆمەڵگا و دەوڵەت دەگێرێت بەمەش دەوڵەت دەپارێزێت و كۆمەڵگا بە شكۆمەندی دەهێڵێتەوە، ئەگەر پارێزەر ئەو كارانە بە جێ دەگەیەنێت داكۆكی لە مافی تاك و كۆمەڵگا و دەوڵەت دەكات ئەی كێ پارێزەر دەپارێزێت لە دۆخێكی وادا كە ڕووی لە هەرێمەكەمان كردووە وە تەواوی جیهانی گرتۆتەوە .
سەندیكای پارێزەران بێدەنگن
پارێزەر نسار مستەفا ئەوەشی وت: بێ دەنگی سەندیكای پارێزەران و ناشەفافی لە داهاتی ساڵانەی سەندیكا كەمتەرخەمی یان لەبەرامبەر پارێزەران لە كاتێكدا ساڵانە رێژەیەكی كەمی پارێزەر خانەنشین دەكرێت ، پارەو داهاتێكی باش لە پارێزەر وەردەگرێت بەناوی تازەكردنەوەی هەویە, ئەمە جگە لەو باجەی لەلایەن باج و دەرامەتەوە سالانە لێ ی وەردەگیرێت، خاڵێكی تر ئەوەندەی تێبینیم كردووە سەندیكا هاوكاری ئەو پارێزەرانە دەكات كە نەخۆشن و پێویستیان بە چارەسەرە ئەگەر نەشتەرگەریش بێت باشە ئەی ئەو خانمە پارێزەرانەی پێویستیان بە نەشتەرگەریە وەك منداڵبوون بۆچی هاوكاری ناكرێن .
سەندیكای پارێزەران داكۆكی لەژیانی پارێزەران ناكەن 
پارێزەر نسار مستەفا جەختیكردەوە: ئێستا سەندیكای پارێزەكان كارێكی شیاوی بۆ پارێزەر نەكردووە كە باسی لێوە بكرێت دابین كردنی شوێنی نیشتەجێبوون لە كاتێكدا پزیشكان و ئەندازیاران و مامۆستایان شوێنی نیشتەجێبونیان بۆ دابین كراوە ئەی پارێزەران هەرچەند پێویستە پارێزەرانیش بێ دەنگ نەبن لەم ڕووەوە لەكاتێكدا خۆیان داكۆكی لە مافی خەڵكی دەكەن دەبێت داكۆكیكەریش بن بۆ ماف و ئەركی خۆیان وەك تویًژێكی باڵای كۆمەڵگا .

لەلایەكی تریشەوە پارێزەرێك  لەسەر گوزەرانیان لەماوەی قەدەغەی هاتوچۆو ووتی: ئێمە رۆژانە بەپێی دۆسیەكانی ناو دادگا  داهاتمان دەبێت، واتە ژیانی ئێمە هەوڵی ئێمە پەیوەیستە بەو دۆسیەیانەی كەلەناو دادگادا سەرپەرشتی دەكەین، 20 بۆ 40 رۆژ دەوام رابگیرێت بێگومان  ئێمە هیچ جۆرە داهاتێكمان نابێت، بۆیە ئەمە بۆ ئێمە زۆر سەختە.
وتیشی: زۆر كاریگەری هەبووە، راستە لەبەر تەندروستی گشتیەو ڤایرۆسێكی كوشندەیە، بەڵام خۆ ناكرێت ئێمە لەماڵەوە بین و بێ ئەوەی دینارێكمان هەبێت بتوانین  بەبێ هیچ داهاتێك بژین.
سەندیكای پارێزەران هاتنە دەنگ 
هەڤاڵ عەبدوڵا بەكر، جێگری سەرۆكی سەندیكای پارێزەرانی كوردستان بۆ چاودێر" ووتی: لەراستیدا وەك هەموو چینەكانی تر، پارێزەرانیش بەهۆی كەرەنتینەو راگرتنی دەوام و قەدەغەكردنی هاتوچۆوە، لەدۆخێكی جیاوازدا دەژین، چونكە داهات و بژێوی ئەوان پەیوەستە بەبوونی دادگاو فەرمانگەكان، كەلەئێستاشدا ئەوانە نین، بێگومان دۆخەكەش بۆ ئەوان سەختن".
رونیشكردەوە:" ئێمە داواكاری و گرفتەكانمان گەیاندوەتە وەزیری ناوخۆو لەرێگەی گوتەبێژی  ئەنجومەنی وەزیران دكتۆر جوتیارەوە هەوڵی زۆرمان داوە، ئەوانیشت پشتیوانی باشیان كردوین، بەڵام كێشە گەورەكە ئەوەیە ژمارەی پارێزەران بەتەواوی شارەكانی كوردستاندا دابەشكراون و بەهۆی قەدەغەی هاتوچۆوە گرفتمان هەیە. 
بەدوای میكانیزمێكدا دەگەڕێین بۆ گەیاندنی هاوكاریەكان 
باسی لەوەشكرد: 12 هەزار ئەنداممان هەیە لەسەندیكای پارێزەران كە نزیكەی 3 هەزاریان چالاكن واتە لەپێشەكەی خۆیاندا كاردەكەن، ئەوانەشی ماونەتەوە كە بەشێكیان خانەنشینن، بەشێكی تریشیان بڕوانامەكەیان هەیەو بەكاری ترەوە خەریكن، بێگومان ئاگاداری تەواوی رەوشی ژیانیانین، وە هاوكاریشمان تەرخان كردوە،  بەدوای میكانیزمێكدا دەگەڕێین تاوەكو بتوانین لەو رێگەیەوە هاوكاریەكانیان پێ بگەیەنین.
ئاسانكاری بۆ پارێزەران دەكرێت
هەڤاڵ عەبدوڵا ئەوەشی ووت: لەسەر ئەو پارێزەرانەی كە كەلەكاتی نەبوونی پارێزەری تاوانبار یان سكاڵا كەر، ئەرك وەردەگرن،  لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ قسەمان كردوە، كە لەو روانگەیەوە هاوكاری بكرێن، چونكە لەئێستادا وەك ئاشكرایە تەنها دادوەری لێكۆڵینەوە وەك ئێشكگر دەوام دەكات.
گللەی لەوەزیری ناوخۆ 
پارێزەر هەڤاڵ عەبدوڵا، رەخنەی لەوەزیری ناوخۆ گرتن كەلە كۆنگرە رۆژنامەوانیەكاندا باسی لەوە نەكردوە، كە چەندین دۆسیە هەیە، كەلەئێستادا  لەدادگاكاندا ماونەتەوەو  گرنگی رۆڵی پارێزەرانی نەخستووەتەڕوو، لەبارەی داواكاریەكانی تری پارێزەرانیشەوە ووتی: هەموو هەوڵێكمان خستووەتەگەرو بەكۆتایی هاتنی ئەم دۆخە  هەوڵی زیاتر دەدەین بۆ جێبەجێكردنی داواكاری پارێزەران لەتەواوی رووەكانەوە.