چیرۆکی پشت چه‌ند وێنه‌یه‌کی مێژوویی تۆپی پێ (1)
وەرزش 10/04/2020
ئاماده‌کردن: د.کۆیار شێرکۆ
ڕاوه‌ستانی یارییه‌کانی تۆپی پێی خوله ناوخۆییه‌کانی ئه‌وروپا پێ ده‌نێته هه‌فته‌ی چواره‌مییه‌وه و هانده‌رانی تۆپی پێ مانگێکی بێ یاری پڕ چێژیان تێپه‌ڕاندووه. گه‌ر ڤایرۆسی کۆرۆنا نه‌بوایه، ئێستا کێبڕکێی خوله ناوخۆییه‌کانی ئیسپانیا، ئیتاڵیا و ئه‌ڵمانیا گه‌یشتبوونه قۆناغێکی هه‌ستیار و کێبڕکێکان توندتر بوبوون و نزیک بووبووینه‌وه له هه‌فته‌کانی کۆتایی ئه‌م پاڵه‌وانێتییانه. هاوکات لیڤه‌رپول به ئه‌گه‌رێکی زۆره‌وه نازناوی خولی ئینگلیزی مسۆگه‌ر کردبوو و خولی یانه پاڵه‌وانه‌کانیش، گه‌یشتبووه قۆناغی چاره‌کی کۆتایی. به‌ڵام ئه‌مانه هیچیان ڕوویان نه‌داوه و یارییه‌کان ڕاگیراون. مێژووی ئه‌م یارییه پڕه له ساتی تایبه‌ت که هه‌رگیز له بیری هانده‌ران ناچنه‌وه و به وێنه‌یه‌ک، شه‌وێکی مێژوویی یان یارییه‌کی مێژووییان بیرده‌که‌وێته‌وه. لێره‌دا به زنجیره چیرۆکی پشت چه‌ند وێنه‌یه‌کی مێژوویی داده‌نێین.
لیۆ مێسی – کۆتا خوله‌کی ڕێمۆنتاداکه‌ی بارسێلۆنا به‌رامبه‌ر پاریس سان جێرمان
خوله‌کی پێنجه‌می کاتی زیادکراوی گێمی دووه‌می یاری بارسێلۆنا و پی ئێس جی بوو. سێرجیۆ ڕۆبێرتۆ گۆڵی شه‌شه‌م و سه‌رکه‌وتنی بارسێلۆنای تۆمار کرد. سێرجیۆ پاش تۆمارکردنی گۆڵه‌که به‌ره‌و ئاڵای سووچی یاریگا ڕای‌کرد و هاوتیمه‌کانیشی به دوایدا، به‌ڵام لیۆ مێسی به‌ره‌و پشتی تۆڕی گۆڵه‌که چوو.سانتیاگۆ گارسێسی وێنه‌گری یانه‌که‌ش له‌وێدا شوێنی خۆی قایم کردبوو، داینابوو گه‌ر بارسێلۆنا گۆڵی سه‌رکه‌وتن تۆمار بکات، ئه‌وا بێگومان یاریزانه‌کان ده‌یانه‌وێت له‌گه‌ڵ هانده‌راکانیاندا ئاهه‌نگ بگێڕن. بۆیه پاش گۆڵه‌که، کاتێک لیۆ چووه سه‌ر بۆردی ئه‌لیکترۆنی ریکلامه‌کان له پشتی گۆڵه‌که‌وه، گارسێس نازناوی خۆی به ده‌ستهێنا.
گارسێس ده‌رباره‌ی وێنه‌که ده‌ڵێت: "له کۆتاییدا، کاتێک سێرجیۆ ڕۆبێرتۆ گۆڵه‌که‌ی تۆمارکرد، ساتێکی شێتانه بوو. من لێنزه گه‌وره‌که‌مم پێ‌بوو، 300که. نه‌شمزانی کێ گۆڵه‌که‌ی تۆمار کردووه. هه‌مووان به‌ره‌و سوچی یاریگاکه ده‌چوون به دوای ڕۆبێرتۆ و جێرارد پیکێدا، منیش مێسیم بینی به‌ره‌و پشتی گۆڵه‌که ڕای ده‌کرد. له‌ویادا و کاتێک هه‌مووان به‌ره‌و لای چه‌پ ڕایان ده‌کرد، من به‌ره‌و لای ڕاست ڕامکرد، به‌ره‌و ئه‌و شوێنه‌ی لیۆی لێ‌بوو و وێنه‌که‌م گرت."
گارسێس زیره‌کانه شوێنی خۆی قایمکرد. کامێراکه‌ی به‌رز کرده‌وه و وێنه مێژووییه‌که‌ی گرت، که به ته‌واوی ساتی تێکه‌ڵاوبوونی لیۆ و هانده‌رانی نیشاندا. له وێنه‌که‌دا، مێسی له ناوه‌ڕاستدایه، شه‌وقی یاریگاکه له پشته‌وه و له پێشیشیه‌وه ژماره‌یه‌کی زۆری هانده‌ر ئاماده‌ن و لیۆ ده‌ستی ڕاستی به ئاماژه‌ی سه‌رکه‌وتن به‌رز کردووه‌ته‌وه. ئه‌کاونتی فه‌رمی یانه‌که له ئینستاگرام و تویته‌ر وێنه‌که‌یان بڵاو کرده‌وه و له ماوه‌ی چه‌ند چرکه‌یه‌کدا به جیهاندا بڵاوبووه‌وه.
گارسێس ده‌ڵێت: "وێنه‌که زۆر خێرا بڵاوبووه‌وه. چونکه شاکیرا و هاوسه‌ری مێسیش لای خۆیان پۆستیان کرد. ڕۆژی دواتر، بارسێلۆنا په‌یوه‌ندییان پێوه‌کردم و وتیان ئه‌و ژمارانه‌ی له‌سه‌ر ئه‌م وێنه‌یه ئه‌یانبینین، پێشتر بۆ هیچ وێنه‌یه‌کی تر نه‌مانبینیوه. بۆ ماوه‌ی مانگێک من خه‌ریکی ئه‌نجامدانی چاوپێکه‌وتن بووم. له ئیسپانیا دۆخه‌که شێتانه بوو. له ته‌واوی دنیاشدا به هه‌مان شێوه، چونکه وێنه‌ی مێسی بوو. وێنه‌که له ئه‌رجه‌نتین زۆر به‌ناوبانگ بوو. له مه‌کسیکیش به هه‌مان شێوه، چونکه خۆم مه‌کسیکیم."
کۆپییه‌کی بچوککراوه‌ی وێنه‌که له ستۆدیۆکه‌ی گارسێس له بارسێلۆنا هه‌ڵواسراوه. ئێستاش هه‌ر کات ته‌ماشای ده‌کات، سه‌ری ده‌سوڕمێت. نه‌ک ته‌نها له‌به‌رئه‌وه‌ی مێسی به ته‌واوی له ناوه‌ڕاستی وێنه‌که‌دایه. به‌ڵکو چاوی بینه‌ر له هه‌ر چوار سوچی وێنه‌که‌وه ده‌چێته‌وه سه‌ر لیۆ. تۆڕی گۆڵه‌که له پشته‌وه، خه‌تی یاریگاکه له به‌شی ڕاستی سه‌ره‌وه‌ی وێنه‌که، له خواره‌وه‌ی وێنه‌که‌ش، دوو هانده‌ر ده‌ستیان کردووه‌ته‌وه و هانده‌رێکی تریش ملپێچێکی به‌رز کردووه‌ته‌وه که ساڵی دامه‌زراندنی یانه‌که‌ی له‌سه‌ره، 1899.
گارسێس له‌سه‌ر جادووی وێنه‌که به‌رده‌وام ده‌بێت و ده‌ڵێت: "به‌ڕاستی پێموایه ئه‌م وێنه‌یه جۆرێکه له جادوو. مێسی به قۆڵی چه‌پییه‌وه شاره‌ی کاپتنی یانه‌که‌ی پێوه‌بوو. له یه‌کێک له وێنه‌کانی پێش ئه‌م وێنه‌یه‌دا، شاره‌ی خولی یانه پاڵه‌وانه‌کانیشی پێوه‌یه، که ڕه‌نگی سه‌وزه و زۆر ناشرینه. به‌ڵام که‌سێک ئه‌و شاره سه‌وزه ناشرینه‌ی هێنایه خواره‌وه و له‌ناکاو شاره‌ی بارسێلۆنا ده‌رکه‌وت به ڕه‌نگه‌کانی که‌ته‌لۆنیاوه. هه‌موو شتێکی ئه‌م وێنه‌یه شێتانه بوو، ته‌نانه‌ت فلاشه‌که‌ش وای لێکردووه هێنده‌ی تر سۆفیگه‌رانه ده‌رکه‌وێت."