بنکەی سەربازیی تاجی مووشەکباران کرا

عێراق 14/03/2020

چاودێر

 

میدیاکانی عێراق، لە زارەی سەرچاوەیەکی ئەمنیی بەغداوە بڵاویان کردووتەوە، ئەمڕۆ شەممە زیاتر لە حەوت مووشەکی جۆری کاتیۆشا ئاڕاستەی سەربازگەی تاجی لە باکووری بەغدا کراوە کە بنکەی تایبەت بە هێزەکانی هاوپەیمانانە.

لەبارەی زیانەکانی هێرشە موشەکییەکەوە ئەو سەرچاوەیە هیچ زانیارییەکی دیکەی ئاشکرا نەکردووە.

ئەوەش لە کاتێکدایە شەوی 11ی ئەم مانگە لە ڕاگەیەندراوێكیدا شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنیی عێراق بڵاوی كردەوە، 10 مووشەك لە جۆری كاتیۆشا ئاڕاستەی بنكەی تاجی كراون لە باكووری بەغدا، كە ئەو بنكەیە بەشێک لە هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانانی تیادایە.

دواتریش هێزەكانی هاوپەیمانان ئاشكرایان كرد، بە هۆی هێرشەكەوە دوو سەربازی ئەمەریكی و بەریتانییەك كوژراون و 12ی دیكەش بریندار بوون، لە بەرامبەردا هێزەکانی ئەمەریکا بە سێ فڕۆکەی جەنگی سەربازگەکانی حزبوڵای لە سنووری نێوانن عێراق- سوریا بۆردوومان کرد.