ڕوونكردنەوەیەك لە بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندنی ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی كوردستان

کوردستان 21/02/2020


بەڕێوبەرایەتی راگەیاندنی ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی كوردستان لەسەر دۆسیەی دەستدرێژیكردنە سەر كچێكی حەوت ساڵان لەشاری هەولێر رونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە.

لە روونكردنەوەكەی راگەیاندنی ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی كوردستاندا هاتووە:" ماوەی چەند ڕۆژێكە لە دەزگاكانی ڕاگەیاندن و تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان هەواڵ و زانیاری نادروست سەبارەت بە دۆسیەی دەستدرێژی كردنە سەر كچێكی تەمەن حەوت ساڵان بڵاوبووەتەوە گوایە تۆمەتبارانی ئەو دۆسیەیە ئازادكراون".

رونیشكراوەتەوە:" ئێمە لە ئەنجومەنی دادوەری لە كاتێكدا سەرلەبەری ئەو دەنگۆیانە ڕەتدەكەینەوە ڕایدەگەیەنین كە ئەو دۆسیەیە لە قۆناغی لێكۆڵینەوەدا تاكو بۆ دادگای تاوانەكان ڕەوانە كراوە بە وردی كاری لەسەر كراوە و دوای ئەوەی تۆمەتباران كە دوو ئافرەت و پیاوێك بوون بە ڕاگیراوی لە دادگای لێكۆڵینەوە ڕەوانەی دادگای تاوانەكان كران لە قۆناغی دادگایی كردن لە دادگای تاوانەكان بە پێی یاسا و دەسەڵاتە ڕێپێدراوەكان تۆمەتبارەكان بە دەستەبەری ئازاد كراون تاكو ئەنجامی دادگاییكردنیان یەكلا دەبێتەوە".

ئاماژە بەوەشدراوە:" ئێستاش پڕۆسەی دادبینی لەم دۆسیەیە لە دادگای تاوانەكانی هەولێر بەردەوامە و هەر بڕیارێكیش دەركرابێت قابیلی تانەلێدانە بە ڕێگە یاساییەكانەوە. ئێمە لە ئەنجومەنی دادوەری ڕادەگەیەنین كە پڕۆسەی دادبینی ئەو دۆسیەیە بە ڕێڕەوی یاسایی خۆیدا تێپەڕ بووە و دادگا بە هیچ شێوەیەك بە تێڕوانینی حزبایەتی یان لایەنگری بۆ لایەنێكی دیاریكراو كار ناكات.

لەروونكردنەوەدا ئەوەش خراوەتەڕوو:"هەروەها هەر كەسێك تێبینی یان ڕەخنەی لە بڕیارەكانی دادگا هەیە دەتوانێ بە ڕێگەی یاسایی خۆی تانە لە بڕیارەكە بدات. هەروەها سكاڵاكار لەگەل بریكارەكەی دەتوانێ سەردانی دادگای تاوانەكان بكات بۆ دڵنیابوون لە چۆنیەتی بەڕیوەچوونی پڕۆسەی دادگاییكردنەكە.