ڕێوڕەسمێك بۆ ڕێزنان لەمزەفەر نەواب ئەنجامدەدرێت

کوردستان 20/02/2020

چاودێر:

بە دروشمی (مزەفەر نەواب لە ویژدانماندا دەدرەوشێتەوە) بنكەی روناكبیریی گەلاوێژ، لە مەراسیمێكی ئەدەبی و روناكبیریدا، رێز لە شاعیر و شۆڕشگێڕی عەرەب، مزەفەر نەواب دەنێت.

وا بڕیارە رۆژی شەممە 22/2/2020 كاتژمێر (2)ی پاشنیوەڕۆ لە هۆڵی عیزەدین مستەفا رەسوڵ لە هۆتێل گراند ملینیۆم  بنكەی روناكبیریی گەلاوێژ، لە مەراسیمێكی ئەدەبی و روناكبیریدا بە دروشمی (مزەفەر نەواب لە ویژدانماندا دەدرەوشێتەوە) رێز لە شاعیر و شۆڕشگێڕی عەرەب، مزەفەر نەواب بنێت.

لەو مەراسیمەدا، چەند توێژینەوەیەكی گرنگ دەربارەی مزەفەر نەواب لە لایەن توێژەرانی پسپۆڕەوە پێشكەش دەكرێن، لەوانە: (پ. د. قاسم حسێن ساڵح، د. عەمار عەبدولباقی. غەزای درع التائی، د. قەحتان جاسم جەواد، د. سەعد حەسەنی و كازم غەیلان).

جگە لە پێشكەشكردنی ئەو توێژینەوانە، چەندین كەسێتی و روناكبیری عەرەب و بیانی لە دەرەوەو ناوەوەی عێراق، بانگێشتی مەراسیمەكە كراون و باس لە ژیانی و خەباتی شۆڕشگێڕی نەواب دەكەن، هەروەها چەند دەقێكی شیعر شاعیر دەخوێندرێتەوە لەگەڵ پێشكەش كردنی چەند گۆرانییەك لە شیعرەكانی مزەفەر نەواب كە كراون بە گۆرانی.

واش بڕیارە لە مەراسیمەكەدا كتیب لەسەر ژیانی و بەرهەمەكانی بڵاوبكرێتەوە.