دوو تۆمەتباری دراوی ساختە دەستگیركران

ئابوری 06/02/2020

چاودێر
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی گەرمیان دەستگیركردنی دوو تۆمەتباری بە دراوی ساختەوە راگەیاند.
عوسمان عەبدولكەریم، بەرپرسی راگەیاندن و پەیوەندییەكانی ئاسایشی گەرمیان، رایگەیاند: پاش ئەوەی لەماوەی ڕابردوودا، چەند حاڵەتێكی ساغكردنەوەی دراوی ساختە لەبازاڕەكانی شاری كەلار و گەرمیان روویان داوە، دەستبەجێ هێزەكانی ئاسایشی كەلاری سەر بە بەڕیوەبەرایەتیی ئاسایشی گەرمیان، توانیان لەپاش چاودێریكردن و كۆكردنەوەی زانیاریی ورد و لێكۆڵینەوە و لەئەنجامدا ڕێكەوتی 30/12/2019 دوو تۆمەتبار بە ناوەكانی (س. ا. ع) لەدایكبووی 1993  و (ش.م.ح) لەدایكبووی 1999 دەستگیر كران.
وتیشی" لەكاتی دەستگیركردنیاندا، بڕی یەك ملیۆن و 175 هەزار دیناری ساختەی عێراقی و (500) دۆلاری ساختەی ئەمریكییان پێوە گیراوەو  لەكاتی لێكۆڵینەوەدا، هەردوو تۆمەتبار كە بە ڕەگەز كوردن و دانیشتووی ناحیەی رزگاری سەر بەقەزای كەلارن، دانیان بە تاوانەكەیاندا ناوە و لەلایەن دادوەری لێكۆڵینەوەوە بەپێی ماددەی(281) ی.س ڕاگیراون و لێكۆڵینەوەش بەردەوامە ".