كەی دەست بەدابەشكردنی مووچەی مانگی 11 دەكرێت ؟

ئابوری 05/02/2020

چاودێر: تایبەت
هەرچەندە بڕیاربوو، ئەمڕۆ چوارشەممە، پێنجی شوبات، دەست بەدابەشكردنی مووچەی مانگی تشرینی دووەمی رابردووى ساڵی 2019ی فەرمانبەران و مامۆستایان بكرێت، بەڵام دابەشكردنی مووچە، بۆ كاتێكی نادیار دواخرا.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لەوەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێم، دراونەتە (چاودێر)، بڕیاربوو ئەمڕۆ، دەست بە دابەشكردنی مووچەی مانگی 11ی ساڵی رابردوو بكرێت، بەڵام بەهۆی تەواو نەبوونی رێكارە ئیدارییەكانەوە، دابەشكردنەكە دوا كەوتووە بۆ كاتێكی نادیار.
هەر بەپێی زانیارییەكان، وەزارەتی سامانە سروشتییەكان، بڕە پارەی بۆ مووچە خستۆتە سەر ئەژماری حسابی بانكی وەزارەتی دارایی، بەڵام گەنجینەكان هێشتا لەدابەشكردنی مووچە ئاگادار نەكراونەتەوە.
دواكەوتنی مووچە لەكاتێكدایە، كە پێشتر چەندین جار بەرپرسانی باڵای حكومەتی هەرێم، جەختیان لەوە كردۆتەوە هەر 30 رۆژ جارێك مووچە لەهەرێم دابەشدەكرێت، بەڵام مانگانە چەند رۆژێك مووچەخۆران لەدڵەراوێكدا دەهێڵنەوە.
لەزانیارییەكاندا، ئەوەش هاتووە " هێشتا دیار نییە ئایا رۆژی یەكشەممە یان دووشەممە دەست بەدابەشكردنی مووچە دەكرێت ".
حكومەتی هەرێم، بۆ دابینكردنی مووچەی فەرمانبەران، مانگانە پێویستی بە 881 ملیار دینارە، لەو بڕە 452 ملیار دیناری حكومەتی عێراق دابینی دەكات و ئەوەی تریشی وەزارەتی سامانە سروشییەكانی هەرێمی كوردستان و لەداهاتی ناوخۆ خەرج دەكرێت.