هەشت ملیۆن دیناری بەڕێوەبەرایەتیەكی هەرێم دیار نەماوە و 20 كەس دەستگیر دەكرێن

ئابوری 30/01/2020

چاودێر
نزیكەی مانگێكە بڕە پارەیەكی زۆر لە بەشی ژمێریاریی بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی سۆران لەرۆژهەڵاتی پاریزگای هەولێر، دیار نەماوە و بەرپرسانی هاتوچۆی سنوورەكە لەسەر ئەو رووداوە، هیچ شتێكیان بۆ راگەیاندنەكان ئاشكرا نەكردووە، ئەمە لەكاتێكدا نزیكەی 20 كەس لەسەر دزینی پارەكە گیراون.
كرمانج عیزەت، قایمقامی سۆران، رایگەیاند: لەسەر ون بوونی پارەی بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی سۆران، چەند كەسێك گیراون و لێكۆڵینەوە لەرووداوەكە بەردەوامە، تا لێكۆڵینەوەكە تەواو نەكرێت، ناتوانرێ زانیاری ئاشكرا بكرێت .
لایخۆشیەوە، شەماڵ دێواری، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سۆران، وتی"دوای ئاگاداركردنەوەی بەشی نەهێشتنی تاوانی سۆران لەرێكەوتی 5ی كانوونی دووەمی 2020،  بە بوونی رووداوێكی دزی لەبەشی ژمێریاریی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سۆران، تێیدا دوو قاسە شكێنران و بڕی هەشت ملیۆن و 134 هەزار دینار دزرابوو، كەسێك بە تۆمەتی ئەنجامدانی ئەو كارە گیراوە و دوای هەوڵ و ماندووبوونێكی زۆر لەلایەن بەڕێوەبەر و ئەفسەر و كارمەندانی بەشی نەهێشتنی تاوانی سۆران، بە هاوكاری بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیس لەناو بەڕێوەبەرایەتییەكە لیژنەی لێكۆڵینەوە پێكهاتبوو، توانرا گومانلێكراوەكە بگیرێت".
ئاشكراشیكرد: توانرا كەسێك بەناوی "هـ. ح. ح " كە پۆلیسە لەبنكەی پۆلیسی فریاكەوتنی سۆران بدۆزنەوە كە "گومان هەبوو دەستی لە تاوانەكەدا" هەبێ، دوای كۆكردنەوەی زانیاری لەسەری و لێكۆڵینەوە، دواجار دانی بە تاوانەكەدا ناوە.