لە كۆتایی ئەم مانگەوە بەفرو باران دەستپێدەكاتەوە

کوردستان 26/01/2020

كەشناسی هەرێم ئاشكرایدەكات، لە رۆژی 31-1-2020وە كاریگەریی نزمە پاڵەپەستۆ لەسەر ناوچەكانمان زیاددەكات‌و شەپۆلێكی بەفروباران هەرێم دەگرێتەوە.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی كەشناسی ئاشكرایدەكات، لە رۆژی سێشەمەوە ٢٨/١/٢٠٢٠ ناوچەكانمان دەكەوێتەوە ژێر كاریگەریی نزمەپاڵەپەستۆیەكی زۆر لاوازی دەریای ناوەراست‌و ئاسمانی هەرێم لەساماڵەوە دەگۆرێت بۆ پەڵە هەوری بەرز‌و فراوان،  لە رۆژی چوارشەمە ٢٩/١/٢٠٢٠ بڕی هەور زیاتر ئەبێت‌و ئاسمانی ناوچەكان دەگۆرێت بۆ نیمچە هەوری ناوەندی بەرز‌و هەندێك كات بۆ هەوری تەواو دەبێت لەگەڵ ئەگەری نمە باران لەهەندێك كات‌و ناوچەدا.
باس لەوەیش كراوە، لە زۆربەی ناوچەكان دابارین نابێت‌و تەنها ئاسمان هەوراوی دەبێت، بەڵام لە رۆژی هەینی ٣١/١/٢٠٢٠ كاریگەریی نزمە پاڵەپەستۆكە لەسەر ناوچەكانمان زیاددەكات‌و شەپۆلێكی بارانبارین‌و بەفربارین ناوچە جیاجیاكان‌و ناوچە شاخاوییەكانی هەرێم دەگرێتەوە.