بەم شێوەیە چاو لەسەرمای زستان بپارێزە

تەندروستی 26/01/2020


چاودێر: تابان رەزا
 وەرزی زستان بەوە ناسراوە كەزۆرێك لە نەخۆشیەكانی تێدا بڵاو دەبێتەوە، بەهۆی دابەزینی پلەكانی گەرماوە، چاویش  بێبەش نیە لەوەی كەبەهۆی ئەم وەرزەوە دووچاری  ووشكبونەوەو  هەوكردنی ڤایرۆسی دەبێت، پزیشكێكی پسپۆڕیش لەم بارەیەوە رێنمایی دەدات.
كاریگەری سەرما لەسەر چاو
د. بەختیار قادر جاف، پسۆڕی نەخۆشیەكانی چاو، دەڵێت" لەگەڵ دابەزینی پلەكانی گەرما لە زستاندا، بەركەوتنی ڕاستەخۆی سارد و ڕەشبای تووند چاو تووشی نەخۆشی دەكاتەوە،  لەبەرئەوەی چاو ئەندامێكی ناسكە كەشوهەوا كاریگەری ڕاستەخۆی هەیە بە تایبەت لە زستاندا  چاوی تووشی هەندێ كێشە ونەخۆشی دەبێتەوە" 
۱. زیادبوونی دەردانی فرمێسك بە بۆنەی هەوای ساردەوە.
۲. ووشكبوونی چاوی بە بۆنەی هەوای ساردەوە، كار لەسەر نەمانی فرمێسكی چاو دەكات تووشی هەندێك نیشانە دەكات وەك ئازار، هەستیاری بۆ ڕووناكی، هەستكردن بە قورسایی، برژانەوە وخورانی چاوەكان.
۳. هەوكردنی ڤایرۆسی چاو بە تایبەت كەسی  تووشی بەئەنفلۆنزا. 
چۆنیەتی خۆپاراستن
 ئەو پزیشكە بەم شێوەیەی خوارەوە رێنمايی هاوڵاتیان دەكات كە خۆیان بپارێزن لە وەرزی زستان: 
* هەوڵ بدرێت چاو ووشك نەبێتەوە بە بەكارهێنانی فرمێسكی دروستكراو بۆ پاراستنی چاوەكان لە ووشكبوونەوە.
* خواردنی سەوزە ومێوە بۆ بەهێزكردنی ئەندامی بەرگری لەش.
* خواردنەوەی ئاوی زۆر.
*خواردنی سەوزە ومێوە ودانەویڵەی دەوڵەمەند بە ڤیتامین A  وەك گێزەر وپڕتەقاڵ.
* دەست نەدان لە چاوەكان.
* خۆپاراستن لە بەرنەكەوتنی ڕاستەخۆی هەوا وڕەش با بە چاوەكان.