سێ پاڵێوراوی نوێ دەخرێنە بەردەست بەرهەم ساڵح

عێراق 25/01/2020

عێراق

 

سێ پاڵێوراو خراونەتە بەردەم بەرهەم ساڵح، سەرۆكکۆمار بۆ ئەوەی یەكێكیان بۆ سەرۆكوەزیرانی نوێی عێراق یەكلایی بكاتەوە، لە ناویشیاندا محەمەد عەلاوی زۆرترین چانسی هەیە بەو پێیەی لە لایەن گەورەترین كوتلەی پەرلەمانەوە پاڵپشتی دەكرێت.


حەنین قەدۆ، سەركردە لە هاوپەیمانیی فەتح ڕایگەیاندووە: سێ پاڵێوراو بۆ پۆستی سەرۆكوەزیران خراوەتە بەردەم بەرهەم ساڵح كە بڕیارە لە پاش گەڕانەوەی لە كۆنگرەی داڤۆس بڕیار لەسەر یەكێكیان بدات، كە ئەوانیش: محەمەد عەلاوی و مستەفا كازمی و حەیدەر عەبادین.


وتیشی: ״ئێستا كوتلە سیاسییەكان لە دانوستاندان سەبارەت بەو سێ  پاڵێوراوە״.


ئەو سێ پاڵێوراوە لە لایەن گرووپێكی 128 پەرلەمانتارییەوە پێشكەش كراون كە بەم دواییە لەناو پەرلەماندا پێك هاتووە.


هەر بە پێی زانیارییەكان، هاوپەیمانیی بینا كە گەورەترین كوتلەی پەرلەمانە و لە لایەن هادی عامری، سەرۆكی هاوپەیمانیی فەتح و نووری مالیكی، سەرۆكی هاوپەیمانیی دەوڵەتی قانوونەوە سەرۆكایەتیی دەكرێن تاووتوێی پاڵپشتیكردنی محەمەد عەلاوییان كردووە لەناو ئەو سێ پاڵێوراوەدا، ئەوەش چانسی بوون بە سەرۆكوەزیرانی زیاتر كردووە بە بەراورد بە پاڵێوراوەكانی دیكە.