قەرەبووی هەر سەرنشینێكی فڕۆكە ئۆكرانیەكە ئاشكرابوو

جیهان 19/01/2020


لەكۆتاییدا بەرپرسانی ئێران ئامادەیی خۆیان نیشاندا بۆ ڕأدەستكردنی سندوقە ڕەشەكەی نێو فڕۆكە تێكشكاوەكەی ئۆكرانیا و ڕازیش بوەبە قەرەبوو كردنەوەی سەرنشینەكانی نێو فڕۆكە ئۆكرانیەكە.
هەر لەو بارەیەوە جەستن ترۆدۆ سەرۆكوەزیرانی كەنەدا  ڕایگەیاندبوو پێویستە ئێران بەپەلە و بێ دواكەوتن لەگەڵ ناردنەوەی تەرمەكاندا بڕی 18 هەزار دۆلار قەرەبووی خێرا بداتە كەس وكاری سەرنشینەكانی نێوفڕۆكە تێكشكاوەكە و دواتریش بەپێی یاسا نێودەوڵەتیەكان قەرەبویان بكاتەوە.
قەرەبووەكان چین و لەژێر ڕۆشنایی چ یاسایەكدا جێبەجێ دەكرێت؟
بەپێی دوو ڕێککەوتنی نێودەوڵەتی تایبەت بە قەرەبووی قوربانیانی ڕووداوی فڕۆکەکان، یەکێکیان بریتییە لە ڕێککەوتننامەی وارسۆ لە ڕێککەوتی ١٢-١٠-١٩٢٩ کە تێیدا کۆمپانیاکان ناچار بە قەرەبووی خێرایی کەسوکاری قوربانیان دەکات بەبێ هیچ هەنگاوێکی دوورودرێژی یاسایی و تایبەت.
بەپێی ئەو ڕێککەوتنە، دەبێ کۆمپانیا فڕۆکەوانییەکە بڕی هەشت هەزارو ٣٠٠ دۆلار بۆ خێزانی هەر قوربانییەک دابین بکات.
هەرچی ڕێککەوتننامەی دووەمیشە بریتییە لە ڕێککەوتنی مۆنتریاڵ کە ساڵی ٢٠٠٣ دروستبوو، هەرچەندە هێشتا زۆربەی وڵاتان پەسەندیان نەکردووە، بەلام ١١٢ وڵات پابەندن پێیەوە، تیایدا ١٧٠ هەزار دۆلاری بۆ خێزانی هەر سەرنشینێک دیاریکردووە کە لە فڕۆکەدا گیان لەدەستبدات، لەگەڵ ئەوەشدا، دادگا بۆی نییە چیتر لێکۆڵینەوە لە هۆکاری مردنەکە بکات.
بەڵام ئێران لەهیچ كامیان ئەندام نیە و واژۆی نەكردوە بەڵام مەیلی بەلای ڕێکەوتننامەی وارسۆ هەیە.
كار بەكام یاسا بكرێت؟
ئەوەش لە کاتێکدایە بەشێک لە وڵاتان یاسای تایبەت بە قەرەبووی قوربانیانی ناوخۆی وڵاتەکانیان هەیەو پسپۆڕانی یاساییش پێیانوایە، دەبێت ئێران پابەند بێت بە یاسای تایبەتی وڵاتان و بەوجۆرە قەرەبووی قوربانیەکان بکاتەوە، کە ئەو وڵاتانە دەیخوازن.
حکومەتی ئۆکرانیاش داوایکردووە، ئێران بە پێی یاسای مۆنتریاڵ قەرەبووی کەسوکاری قوربانییەکان بکاتەوە، تا ئێستاش پێنج وڵات داوای قەرەبوویان لە ئێران کردووە بۆ ئەو مەبەستە.
حکومەتی ئەمریکاش یاسای تایبەت بە خۆی هەیە بۆ قەرەبووی هەر قوربانییەکی ناو فڕۆکەو کە چوار ملیۆن و ٥٠٠ هەزار دۆلارە، بەڵام لە بەرازیل بۆ هەر سەرنشینێک دوو ملیۆن و ٥٠٠ هەزار دۆلارە، وڵاتانی ئەوروپاش بڕی یەک ملیۆن و ٦٠٠ هەزار دۆلاریان بۆ هەر قوربانییەکی ناو فڕۆکە دیاریکردووە، حکومەتی چینیش ٥٠٠ هەزار دۆلاری دیاریکردووە.