پارتی: عیراق باجی هەڵوێستە دژ بە یەكەكان دەدات

کوردستان 18/01/2020


ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان،  لە راگەیەنراوێكیدا ئاشكرایدەكات،  عیراق بە شێوەیەكی گشتی بوە بە ساحەی تصفیەی حساباتی وڵاتانی هەرێم‌و جیهانی،  لە كاتێكدا بارودۆخی عیراق سەرەڕای ئەو هەمو گیروگرفتە ناوخۆیەی چ لە روی حوكمرانی‌و ئابوری‌و دیبلۆماسی‌و چ لە روی گرژی‌و ناتەبایی نێوان لایەنەكانی بەشدار لە دەسەڵات‌و چ لەگەڵ خۆپێشاندەرانی بەغدای پایتەخت‌و شارەكانی دیكەی باشور كە ماوەی سێ‌ مانگە بە چارەسەرنەكراوی ماوەتەوەو خەریكە خەڵكی عیراق باجی خیلافات‌و هەڵوێستە دژ بە یەكەكانی دەرەوەی سنورەكانی دەكەوێتە ئەستۆ.

دەقی ڕاگەیەنراوەكە:
“راگەیاندراوی كۆتایی كۆبونەوەی ئاسایی
ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان
بە سەرپەرشتی بەرێز سەرۆك مسعود،  بارزانی‌و ئامادەبونی جێگری سەرۆك‌و هەڤاڵانی مەكتەبی سیاسی‌و ئەنجومەنی سەركردایەتی كۆبونەوەی ئاسایی پارتیمان پارتی دیموكراتی كوردستان لە 18/1/2020 ئەنجامدرا كە چەند بابەتێكی گرنگی سیاسی‌و رێكخستنی حزبی گفتوگۆیان لە بارەوە كراو بریاری پێویستیان بۆ وەرگیرا.

تەوەری یەكەم: روداوە گرنگەكانی ساڵی 2019‌و سەرەتای ساڵی 2020 كە كاریگەری راستەوخۆیان لە سەر كۆی پرۆسەی سیاسی عیراقی كرد گفتوگۆیان لەسەر كرا،  گرنگی كار تێكردنەكانیان لەسەر سیاسەت‌و ئابوری‌و پەیوەندیەكان كۆماری عیراق لەگەڵ وڵاتانی هەرێمی‌و جیهانی دەرەوە لە ئاكامی ئەو كردارو پەرچە كردارانەی رویانداو هەروەها بریارو راسپاردەكانی پەرلەمان‌و حكومەتی عیراق لەو چەند مانگەی رابردو بە دور بو لەو بنەماو پرەنسیپە سەرەكییانەی دوای روخانی رژێم لە ساڵی2003 دەوڵەتی عیراقی لەسەر بنیاتنراوە كە ئەویش شەراكەت‌و تەوافق‌و تەوازنبوە لە حوكمرانی بۆ هەمو پێكهاتەكانی نەتەوەیی‌و ئایینی‌و ئایینزایی‌و بەشداری هەموان لە بریارە چارەنوس سازەكان.

تەوەری دوەم: باس لەو نیگەرانی‌و مەترسیانە كرا كە لە سەر عیراق هەیە بە شێوەیەكی گشتی‌و كردنی عیراق بە ساحەی تصفیەی حساباتی وڵاتانی هەرێم‌و جیهانی… بارودۆخی عیراق سەرەڕای ئەو هەمو گیروگرفتە ناوخۆیەی چ لە روی حوكمرانی‌و ئابوری‌و دیبلۆماسی‌و چ لە روی گرژی‌و ناتەبایی نێوان لایەنەكانی بەشدار لە دەسەڵات‌و چ لەگەڵ خۆپێشاندەرانی بەغدای پایتەخت‌و شارەكانی دیكی باشور كە ماوەی سێ‌ مانگە بە چارەسەرنەكراوی ماوەتەوەو خەریكە خەڵكی عیراق باجی خیلافات‌و هەڵوێستە دژ بە یەكەكانی دەرەوەی سنورەكانی دەكەوێتە ئەستۆ،  سەرەرای مانەوەی مەترسی گەورەی ئیرهاب كە تاكو ئێستا داعش كۆتایی نەهاتوە، بەڵكو بەردەوام هەڕەشەیە لە سەقامگیری‌و دابینكردنی ئەمنیەت ئەمە جگە لەوەی باری ئابوریی هاونیشتمانیانی عیراق لە ئاستێكدا نییە بەرگەی قەیرانی زیاتر بگرێت. بەتایبەتی كە رێژەی بێكاری بەرز بوەتەوە بە جۆرێك كە زیاتر لە 30% خەڵكی پارێزگاكانی ناوەراست‌و باشور لە خوار هێڵی هەژاریدان. كۆبونەوە رایوابو كە هەمو هەوڵەكان بخرێتە گەڕ تا عیراق نەبێتە بەشێك لەو كێشە هەرێمی‌و جیهانیانە، بۆیە پێویستە هەر بریارو راسپاردەو یاسایەك كە دەردچن لە ئاستی خواست‌و ویست‌و بەرژەوەندیی كۆی هاوڵاتیانی عێراقیدا بێت‌و لە تاكڕەوی بە دوربن بۆ ئەوەی ئاسایشی كۆمەڵایەتی عیراق نەكەوێتە مەترسیەوە.

تەوەری سێ‌ یەم: كۆبونەوە پشتیوانی بۆ هەوڵ كۆششەكانی حكومەت‌و دامەزراوەكانی یاسایی دەكات لە راستای چاكسازی‌و رێكخستنەوەی كاروبارەكان لەوبوارانەی پێویست دەكات بۆ هێنانە دی خواستی هاوڵاتیانی كوردستان‌و زیاتر دابینكردنی ئاسودەیی،  هەر وەكو لە بەرنامەی پارتیمان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئاماژەی پێكراوە.

تەوەری چوارەم: لەبەر پێویستی‌و خۆگونجاندن لەگەڵ بارودۆخی ئێستای كوردستان‌و عیراق‌و گۆرانكاریە زۆرو خێراییەكان لەناوخۆو دەوروبەرو زیاتر گوڕوتین بەخشین بە ئۆرگانەكان هەروەها بە گوێرە پەیڕەوی ناوخۆ،  كۆبونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی بریاریدا لە ساڵی2020 كۆنگرە ئەنجام بدرێت‌و دەسەڵاتی پێویستیدا بە مەكتەبی سیاسی هەنگاو‌و رێكارە پەیڕەویەكان دەست پێبكات.

ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان

18/1/2020”