ھۆکارەکانی زیادبوونی ئازاری ماسولکەو جومگەکان لە زستاندا چین

تەندروستی 18/01/2020


لەزستاندا و لەکەشی سارد و سەرمادا ئازاری ماسولکەو جومگەکان بەگشتی زیاد دەکەن، بەڵام زیاتر ئەو جومگانەی دێشێت ئەژنۆکان و جومگەی حەوز و قولەپێیە . لەڕاستیدا ھەتا ئێستا توێژینەوەکان لەسەدا سەد نەیان سەلماندووە ھۆکاری سەرەکی ئەوەی ئازاری ماسولکەو جومگەکان لە زستاندا چین ، بەڵام ھەندێک لە پزیشکەکان ھۆکارەکەی دەگەڕێنەوە بۆ ئەم حاڵەتانەی خوارەوە :
١- لەوەرزی زستان و لەکاتی سەرمادا جەستە ھەوڵ دەدات گەرمی خەزن کات و خوێن زیاتر بڕوات بۆ دڵ و سییەکان ، لەکاتی ڕوودانی ئەمەدا، ئەو بۆری خوێنانەی لەپەلەکانن گرژدەبن و کەمتر خوێن بچێت بۆیان کەئەمەش دەبێتە ھۆی ئەوەی ئەم ناوچانە سارد بن و ڕەق بن ، کەئەمەش ئازار و ناڕەحەتی دروست دەکات .
٢- یەکێکی تر لەبیردۆزەکان ئەوەیە لەکاتی زستاندا، ئەو گۆڕانەی لە پەستانی ھەوادا ڕووئەدات دەبێتە ھۆی زیادکردنی ھەوکردن لە جومگەکان بەتایبەتی ئەو کەسانەی کە خۆیان ڕۆماتیزم و کێشەی جومگەیان ھەبووە پێشتر ، ئەم ھەوکردنەش ئازار و ناڕەحەتی و سووربونەوە دروست دەکەن . وەھەروەھا دەمارەکان ھەستەوەر تر دەبن بۆ ھەستی ئازار .
٣- کەشی سارد   دەبێتە ھۆی ماسولکەکان زووتر گەرمی وونکەن ، کەئەمەش دەبێتە ھۆی گرژبوون و ڕەق بوونی ماسولکەکان، وە ووزەیەکی زیاتریان پێویستە بۆ ھەڵسان بە کارەکانیان کەئەمەش دەبێتە ھۆی زیادکردنی ئازار .
٤- ووشکبوونەوە بەھۆی سەرماوە: لەبەرئەوەی لەکاتی سەرمادا مرۆڤ ئاو کەمتر دەخواتەوە وەک لە کاتەکانی تر ، بۆیە لەشی مرۆڤ تووشی ووشک بوونەوە دەبێت. وەلەبەرئەوەی ئاو پێکھاتەیەکی گرنگی لینجی نێوان جومگەکانە ، کەمبوونەوەی لینجی نێوان جومگەکان کەمدەکاتەوە و بەوەش ئازار و ڕەقبوون دروست دەبێت .
٥- ھەندێک لە پزیشکەکان دەڵێن لەکاتی وەرزی زستاندا ، خواردنەوە گەرمەکانی وەکو : چا و قاوەو نیسکافە ، بە ڕێژەیەکی زۆر زیاتر دەخورێتەوە ، کەئەمەش ڕێژەیەکی زۆر کافایینی تێادایە کە دەبێتە ھۆی زیادکردنی ئازار لەجەستەدا .
٦- چەند توێژینەوەکی تر دەڵێن : لەزستاندا چالاکی کەمترە بەگشتی و وەرزش کردن کەمتر دەبێتەوەو خەڵک زیاتر دەنوێت یان ڕادەکشێت و پاڵدەکەوێت لە ژوورەوەو کەمتر دێنەدەرەوە ، بۆیە ماسولکەکان تەمەڵ دەبن و جومگەکان ڕەقدەبن لەئەنجامی کەمی جووڵە ، کەئەمەش دەبێتە ھۆی دروستبوونی ئازار لەکاتی جوڵاندن و ھاتوچۆدا .
٧- شێداری لەگەڵ سەرما ھەردووکیان کاریگەریان ھەیە لەسەر زیادکردنی ئازاری جومگەکان ھەیە، ئەویش بە ھۆی کاریگەرە خراپەکانیان لەسەر تەندروستی ئێسک و کرکڕاگەی جومگەکان .
سەرچاوە: دكتۆر هەڤین كەمال شا