یەكێتیی هۆشداری دەداتە ئاسایشی پارتی

کوردستان 16/01/2020


چاودێر: لەبەرامبەر گیان لەدەستدانی پێشمەرگەیەكی یەكێتیی لەناو دەزگای ئاسایشی پارتی، یەكێـتی  راپۆرتی پزیشكی رەتدەكاتەوەو هەڕەشەی تۆماركردنی سكاڵا دەكات.

دوای ئەوەی مەجید برایمی تەمەن ٣٨ ساڵ كەپێشمەرگەی یەكێتیی نیشتمانی كوردستانە، لەگوندی سیساوە لەلایەن دژە تیرۆری پارتییەوە رفێندرا و ئەمرۆش ھەواڵی مردنی ئەو بەخانەوادەكەی راگەیەندراوە پەرلەمانتارێكی یەكێتییش رایدەگەیەنێت، بەهەر پاساوێك بێت گیان لەدەستدانی ئەو پێشمەرگەیە لەناو دەزگای ئاسایش قابیلی قبوڵ نییە .
 
لەو بارەیەوە حاجی مەسیفی ئەندامی ئەنجومەنی گشتی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان لەبەردەم پزیشكی دادوەری ھەولێر بەرۆژنامەنوسانی راگەیاند، گومانمان لەروداوەكە ھەیە كە ئەو پێشمەرگەیە لەزیندانی ئاسایشی ھەولێر خۆی خۆی خنكاندبێت ئەو راپۆرتە پزیشكیەمان رەتكردۆتەوە و سكاڵای یاسایش تۆمار دەكەین .
 
سەرۆك و ئەندامانی فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان لەپەرلەمانی كوردوستان بەدواداچوون بۆ گیان لەدەستانی ئەو پێشمەرگەیە دەكەن كە ئەمرۆ لە ئاسایشی هەولێری گیانی لەدەستدا و پزیشكی دادوەری هەولێریان بەسەركردەوە.
 لەدو لێدوانی جیاشدا هەریەك لە جەمال هەروتی سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی رایگەیاند:هیچ شتێك روون نیە ئێمە داوای روون كردنەوە دەكەین، لەلایەن خۆشیەوە كاروان گەزنەیی ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی یەكێتی وتی: بەهەر پاساوێك بێت گیان لەدەستدانی ئەو پێشمەرگەیە لەناو دەزگای ئاسایش قابیلی قبوڵ نیە.

 وتیشی، بەهیچ شێوەیەك نابێت كەرەستەی خۆ خنكاندن لای گیراوبێت، زیاتر رونیشی كردەوە، ئەم پێشمەرگەیە بەبێ بڕیاری حاكم گیراوە، لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە پێش روداوەكە ناكەوین داوا لەلایەنە پەیوەندیدارەكان وپەرلەمان دەكەین رونكردنەوەی پێویست لەو بارەیەوە بدەن لیژنەی تایبەت پێك بێنن.