مەلا بەختیار: سەرەتای كۆتاییی هەژموونی ئاین و مەزهەب لە دەسەڵاتدا، دەستیپێكردووە

ڕاپۆرت 16/01/2020


ئەنجومەنی گشتی پلاتفۆرمی دابڕان كۆبووەوە
بەرەو پێنجەمین كۆنفرانسی پلاتفۆرمی دابڕان و سێیەمینی فێمینیزمی رۆشنگەری


 بەمەبەستی ئامادەكاری بۆ پێنجەمین كۆنفرانسی پلاتفۆرمی دابڕان و سێیەمینی فێمینیزمی رۆشنگەری، رۆژی 16-1-2020 بە ئامادەبوونی هاوبیر "مەلا بەختیار"، سەرپەرشتیاری گشتی دابڕان، كۆبوونەوەی ئەنجومەنی گشتی پلاتفۆڕمی دابڕان لە هۆڵی شەهید ئازاد هەورامی لەناوەندی ڕۆشنگەری چاودێر، بەڕێوەچوو.

لەمیانی كۆبوونەوەكەدا سەرپەرشتیاری گشتی پلاتفۆڕمی دابڕان ڕایگەیاند: ئەم كۆبوونەوەیە هەم تاوتوێكردنێكی دۆخی پلاتفۆڕمی دابڕان و فێمێنیزمی ڕۆشنگەرییە، هەم قسەكردن و بڕیاردانیشە بۆ چۆنیەتی بەستنی هەردوو كۆنفرانس، كە كردمان بە نەریت بۆ دابڕان كۆنفرانسی ساڵانە ببەستین، هەوڵیشماندا نەهێڵین ئەم كۆنفرانسە لە دابڕان داببڕێت، ئەم بەردەوامییە بەرپەرچدانەوەی ئەوانەبوو پێیان وابوو دابڕان كەفوكوڵێكە و كۆتایی دێت، بە ئەزمونی منیش هەم لە ئەزمونی حزبی هەم لە ڕێكخراوەكان، هەم لە بواری ڕوناكبیری و ڕۆشنگەری، دواخستنی هەموو كۆنگرە و كۆنفرانسێك كێشە زیاد دەكات كەمی ناكات، بۆیە دوانەخستنی فێستیڤاڵەكانی گەلاوێژ و دوانەخستنی كۆنفرانسەكانی دابڕان و فێمێنیزمی ڕۆشنگەری، نەك كێشەمان زیاد ناكات، بەڵكو هەندێك كێشە ئەگەر بۆمان بێتە پێشەوە، چارەسەریشی دەكات، ستراتیژی ئێمە بە بینینی ئاسۆی گەشتر قۆناغ بە قۆناغ باشتر دەباتە پێشەوە.

دواتر وتی: ئەمڕۆ دوو یادی گرنگە، كۆمەڵەی گەلان ئەمڕۆ دادەمەزرێ لە 1920 دا كە بوو بە مایەی بەدبەختی و میحنەت بۆ گەلانی وەك ئێمە، یادی دووەمیش، هەر كۆمەڵەی گەلان بڕیارێكی زۆر زیانبەخشی سەبارەت بە كورد دا ئەویش بەستنەوەی ویلایەتی موسڵ بوو بە عێراقەوە، كە ئەویش لە ساڵی 1925 بوو، تا ئێستا ئەو بەدبەختییە بەردەوامە.

لەو بارەیەوە مەلا بەختیار وتی: لە چەند رۆژی ڕابردودا بە كۆنسوڵی فەڕەنسا لە هەرێمی كوردستانم ڕاگەیاند كە حكومەتی عێراق لەساڵی 1926 بڕیاریدا مەسەلەی كورد كۆتایی پێبێت لە باشور، بەپێی بڕیاری كۆمەڵەی گەلان باشور ببەسترێتەوە بە عێراقەوە، باشتر بوو داگیركراوی فەڕەنسا بووینایە نەك بەریتانیا، چونكە هەموو كۆلۆنیاڵەكانی فەڕەنسی پێشكەوتووترن لە كۆلۆنیاڵەكانی بەریتانی و لە مێژووشدا ئەمە چەسپیوە، ئومێدەوارم ئەو یادە مێژووییانە، كە لەم كۆبوونەوانە باسی دەكەین، بۆ ڕاچڵەكاندنمان بێت، وە هەروا هەڵە مێژووییەكانی سیاسەتی نێودەوڵەتی بزانین، 95 ساڵە ئێمە بەهۆی هەڵەی ستراتیژی زلهێزێكی گەورە كە تەنها سەركەوتنی كۆلۆنیالیستەكان لا مەبەست بوو دوای جەنگ هیچ شتێكی تریان لا مەبەست نەبوو، ئازار دەچێژین، تا ئێستاش باجەكەی دەدەین.

سەرپەرشتیاری گشتی پلاتفۆڕمی دابران ئاماژەی بەوەشدا: ئەم كاروانەمان ڕێكخست كە بەرگەی هەموو كێشەكان و كاردانەوەكان بگرین و هەنگاو هەنگاو بچینە پێشەوە، پێشوەختیش دەمانزانی كاردانەوەكان بەرامبەرمان چی دەبن! واقیعی كوردەواریمان خوێندبووەوە، هەژموونی ئاین و مەزهەب و نەریت، ترادیسیۆنی خراپ، ئەمانەمان هەموو لەبەرچاو گرت، بەڵام پشتمان بەوە بەست كە وزەیەكی خەفەكراو هەیە لەم وڵاتە، لەم كۆمەڵە، لەناو ڕۆشنبیران، لەناو زانكۆ و پەیمانگەكان، ئەم وزە خەفەكراوە ئەگەر خاوەنی نەبێت، ناتوانێت ڕۆڵی خۆی ببینێت لە مێژوودا، ئەم وزەیەمان دۆزیوەتەوە و لە شانۆی خۆماندا نوێنەرایەتیمان كردووە و تا ئێستاش بەردەوامین، بە نیازیش نین دەستبەرداری ئەم خەباتە ببین، پێی دەزانرێت ئەوە مێژووە، پێی نازانرێ هەر مێژووە.

دواتر ئاماژەی بەوەشدا: دوژمنەكانمان وازمان لێناهێنن، لەبەرئەوەی فەلسەفە و جیهانبینی خۆمان هەیە، ئەگەر توانیشمان وا بكەین كە ئەوان پاشەكشە بكەن، بێگومان شانازی و شەرەفە گەورەكەی بۆ هەموومان دەگەڕێتەوە، ئەوەندەی من چاودێریم كردبێت، بەشێكی زۆر لە ئیسلامیەكانی كوردستان لاریییان لە قسەكانی ئێمە نییە، هەندێك لە مامۆستا ئاینییەكان كە ئێستا قسە دەكەن، زۆر جیاوازتر لەوانەی ڕابردوویان دەدوێن، بێگومان ئەمەش لەژێر كاریگەری بۆچوونەكانی فیكری ئێمە ئەو بیركردنەوانە گۆڕدراون.

ئەگەر تەماشایەكی ناوەندەكانی ڕووناكبیریش بكەین جێدەستمان دیارە، ئەگەر سەیری ناو زانكۆكان و پەیمانگەكان، خوێندەواران، بكەین تاڕادەیەك جێگەی خۆمان كردووەتەوە، ئەگەر باسی كاریگەریشمان بكەین، لەسەر لایەنە ئیسلامیەكان، ئەو كاردانەوانەی لە كۆنفرانسی یەكەم و دووەمدا هەیانبوو، ئێستا نەیانماوە، هەندێك مەلاش سەرەتا هاتنەدەنگ لێمان، ئەوانیش دەنگیان نەما، هۆكارەكەش ئەوەیە هەمووان پابەندی پرەنسیپەكانی خۆمان بوین و خۆمان بەدورگرتوە لە مەسەلەی ئیلحادو توندڕەوی.
لەبارەی بەردەوامبونی كارەكانی دابڕان وتی: بەردەوامین و بەردەوام دەبین، لەڕێگەی سایت و سۆشیال میدیاوە برەو بە كارەكانمان دەدەین، بەشی چالاكی و بازنەكانمان لە چالاكی بەردەوامدان، كۆڕ و سیمینارو كۆبونەوەكانمان بەردەوامن، ئومێدەوارم كۆی ئەو دەستكەوتانەشی تا ئێستا هەمووان بەدیتانهێناوە، زیاتر بچێتە پێشەوە و زیاتر ئەركەكانمان ڕابپەڕێنین.

لە درێژەی كۆبوونەوەكەدا، سەرپەرشتیاری گشتی دابڕان ڕایگەیاند: بە خوێندنەوەی من، بەهۆی ڕاپەڕینە بەردەوامەكان و گۆڕانكاری و هۆشیارییەوە لەبارەی خەباتی مەدەنیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، هەژموونی ئاین و مەزهەب لە دەسەڵاتدا سەرەتای كۆتاییەكەی دەستیپێكردووە.

پاش وتەكانی مەلا بەختیار، ڕاپۆرتی بازنەكانی پلاتفۆرمی دابڕان لەلایەن مامۆستا ماجید خەلیل سەرپەرشتیاری بازنەكان، خوێندرایەوە، كە تیایدا باسی كارو چالاكییەكانی بەشەكەی كردو ئاماژەی بەوەدا كە لەماوەی رابردوودا توانراوە لەڕێگەی زنجیرەیەك كۆڕ و سیمینارەوە كاریگەریی دیار لەسەر ناوەندەكانی خوێندن و كۆمەڵ بە گشتی دروستبكەن.
پاشانیش ئەندامانی ئەنجومەنی گشتی پلاتفۆڕمی دابڕان و فێمێنیزمی ڕۆشنگەری ڕا و سەرنج و تێبینی خۆیان لەسەر تەوەرەكانی هەردوو كۆنفرانسی داهاتووی دابڕان و فێمێنیزمی ڕۆشنگەری خستەڕو و بڕگەكانیان دەوڵەمەندتر كرد.