سێ سەرۆكایەتیەكەی عێراق: دەبێت رێگری بكرێت لەدەستوەردانی دەرەكی

عێراق 16/01/2020

چاودێر
سێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق لەبارەی دۆخی عێراق كۆبوونەوە و جەختیان لەسەر هێوركردنەوە و دان بەخۆداگرتن و رێگریكردن لەتەشەنەكردنی دۆخەكە كردەوە.
بەپێی راگەیاندراوێكی سەرۆكایەتی كۆمار، ئاماژە بەوەكراوە: بەشداربووانی كۆبوونەوەكە رێككەوتن لەسەر درێژەدان بە بنەمای پارێزگاریكردن لەبەرژەوەندیی عێراق و ئاسایشی سیاسی و دارایی لەچوارچێوەی هەڵوێستێكی نیشتیمانیی هاوسەنگدا، لەكاتی قەیرانی ناوچەیی و نێودەوڵەتییدا، تاوەكو عێراق لەناكۆكییەكان بەدوور بگیردرێت."
هاوكات، جەخت لەوەشكراوەتەوە: گرنگی پەلەكردن لەپێكهێنانی حكومەتێكی نوێ و جێبەجێكردنی داواكارییەكانی چاكسازی لەزۆربەی ئاستەكانی سیاسی و ئابووری و خزمەتگوزارییدا بەجۆرێك پارێزگاری لەسەروەریی عێراق و ئاسایشی هاووڵاتیانی بكات، لەئاست هەڕەشەی تیرۆریستاندا بێت تاوەكو سەركەوتنی یەكجاری بەدی دێت.
راگەیاندراوەكە، ئاماژە بەوە دەكات، ئامادەبووانی كۆبوونەوەكە جەختیان كردەوە لەسەر پێویستی پارێزگاری لە سەروەریی نیشتیمانی و رێگریكردن لە دەستوەردانی دەرەكی و چارەسەركردنیان بەبێ روودانی هەر لێكەوتەیەك.