کێشە بۆ پڕۆژەیاسای بودجەی ٢٠٢٠ی عێراق درووست دەبێت

عێراق 15/12/2019

چاودێر

 

بە هۆی دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، چارەنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی ٢٠٢٠ی عێراق نادیارە و پەرلەمانتارێکی عێراقیش ڕایدەگەیەنێت پڕۆژەکە هەندێ گرفتی بۆ درووست دەبێت.

 

شیروان میرزا، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، پێی وایە پڕۆژەیاسای بودجەی ٢٠٢٠ی عێراق هەندێ گیروگرفتی بۆ درووست دەبێت بە تایبەت کە حکومەتی کاربەڕێکەر ناتوانێت بڕیاری لە بارەوە بدات، پێشبینیش دەکات تا پێکهێنانی حکومەتی نوێ پڕۆژەکە نەنێردرێت بۆ پەرلەمان.


نەناردنی ئەو پڕۆژەیاسایە لە کاتێکدایە، حکومەتی هەرێم و بەغدا بەر لە دەستلەکارکێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی گەیشتنە ڕێککەوتن، بەڵام بە هۆی دەستلەکارکێشانەوەی ناوبراوەوە و نەناردنی پڕۆژەکە بۆ پەرلەمانی عێراق چارەنووسی ئەو ڕێککەوتنەش بە نادیاری ماوەتەوە.