ئەردۆغان :لە باكووری سوریا ناكشێینەوە

ڕاپۆرت 10/11/2019


ئا/ رەمەزان شێخانی.
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا ئاشكرای دەكات : كە هێرشە سەربازیەكانی وڵاتەكەی لە خۆرهەڵاتی فورات لە باكووری سوریا بەم نزیكانە كۆتاییان پێنایەت.
سەرۆكی توركیا لەكاتی گەرانەوەی لە مەجەر بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند: پرۆسەی " كانی ئاشتی " سەربازی بەردەوام دەبێت تا دواین تێرۆریست لەناوچەكەدا لەناودەبەین .
ئەردۆغان سەبارەت بە رێككەوتنەكەی نێوان ئەمریكا و توركیا بۆ راگرتنی ئاگر بەست وتی: ئەو رێككەوتنە جێبەجێ نەكرا چونكە ئێمە تا ئێستاش لێرەو لەوێ رووبەروی چەندین كێشە دەبینەوەوهەندێك لەو پەرەسەندانانە لەگەڵ هاوبەشیە ستراتیژیەكانمان لەگەڵ واشنتۆن ناگونجێت ئەوەش زۆر بێزارمان دەكات لەبەر ئەوە سەردانە چاوەروانكراوەكەمان وكۆبونەوەمان لەگەڵ سەرۆكی ئەمریكا زۆر گرنگەتا ئەو حاڵەتە تێپەرێنین.
ئەردۆغان ئومێدێكی گەورەی لەسەر سەردانەكەی بۆ ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا هەڵچنیوە باسی لەوە كرد كە لەسەردانەكەیدا بۆ ئەمریكا باس لە درووستكردنی ناوچەی ئارام لەسوریا و گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ زێدی خۆیان و گرێبەستی فرۆكەی ئێف 35 و پرۆژەی سیستمی ئێس 400 ی رووسی دەكەن.
ئەردۆغان لەنێو فرۆكە سەرۆكایەتێكەی بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند: هێزەكانی توركیا هەردوو شاری گرێ سپی و سەری كانی یان كۆنترۆڵ كردوە لە باكووری سوریا.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكردوە چەند تێرۆریستێك وەكو ئەو ناوی بردوون لە ناوچەی تەل تەمر ماونەتەوەو هێرش دەكەنە سەر سنوری توركیا.
ئەردۆغان رەخنەی گرت لە هاوكاریەكانی ئەمریكا بۆ هێزەكانی سوریای دیموكرات و رایگەیاند لەمیانی سەردانەكەمان بۆ ئەمریكا ئەو پرسە دەگەێنینە واشنتۆن 
تەئكیدیشی كردەوە سەربازانی ئەمریكا هەڵمەتی هاوبەش لەگەڵ هێزەكانی هەسەدە ئەنجام دەدەن لەناوچەكانی خۆرهەڵاتی سەری كانی تا شاری قامیشلۆ بە هاوبەشی دەسورێنەوە و ئێمەش هەڵمەتی هاوبەشمان لەگەڵ هێزەكانی رووسیا هەیە و بەردەوامیشە.
رۆژی هەینی رابردوو وەكو نارەزایی دەربرین لەدژی بوونی سوپای توركیا لە شاری كۆبانێ كوردە دانیشتوەكانی ئەو شارە بەرد بارانی دەوریە هاوبەشكانی سوپای توركیا و رووسیا یان كرد.
لەوەڵامی پرسیاری رۆژنامەنوسێكدا ئایە ئۆپراسیۆنی " كانی ئاشتی" بەردەوام دەبێت ئەردۆغان رایگەیاند: بەدڵنیایەوە ئەو ئۆپراسیۆنە بەردەوام دەبێت تا دواین تێرۆریست لەو ناوچەیە لەناو دەبەین و وتیشی تا وڵاتانی دیكە لە سوریا نەكشێننەوە هێزەكانمان لە سوریا ناكشێنینەوە.
ئەردۆغان لێدوانێكی نامۆی داو رایگەیاند: ئێمە لەگەڵ یەك پارچەی خاكی سوریاداین ونامانەوێت ئەو وڵاتە دابەش بكرێت ، ئەگەر وڵاتانی دیكەش پشتیوانی لە یەك پارچەی سوریا دەكەن پێویستە بیسلمێنن.ئەوە لێدوانە لەكاتێكدایە ئەردۆغان چەندین ساڵە داوای رووخانی رژێمەكەی ئەسەد دەكات.
ئەردۆغان تەئكیدی كردەوە ئەنقەرە پابەندە بە جێبەجێكردنی رێككەوتننامەی ئەدەنە.
رژێمی توركیا پاش بریاری كشانەوەی لەناكاوی هێزەكانی ئەمریكا لەناوچەكە. ئۆپراسیۆنی "كانی ئاشتی" دەستپێكرد لە خۆرهەڵاتی فورات لە دژی هێزە كوردیەكان 
سەرچاوە/ رۆژنامەی زمان ی توركی